لەئیدارەی داهاتووی ئەمریكا كوردستان رۆڵێكی نوێ و شكۆیەكی گەورەتر

لەئیدارەی داهاتووی ئەمریكا كوردستان رۆڵێكی نوێ و شكۆیەكی گەورەتر
ئاڵۆزی و كێشەكانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەسیاسەتی ئیدارەی دۆناڵد ترامپ-دا لە ئەولەوییەتی بایەخپێدانی سیاسەتی دەرەوەی ئەمریكا دەبێت و پشتگیری و كۆدەنگی ( نەك زۆرینەی) ئەندامانی كونگرێس و سەناتی لەپشتەوە دەبێت، ئەمەش نەك لەبەر ئەوەیە پێویستە كێشەكانی ئەو ناوچەیە هەر دەبێت چارەسەر بكرێت، بەڵكو لەبەر ئەوەیە دەرهاویشتەی كێشەكانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست كاریگەریی خراپی لەسەر كۆی ئاشتی و ئاسایشی جیهان و سیستمی حوكمڕانی لە وڵاتانی دیموكراتی رۆژئاوا دروستكردووە.
دۆناڵد ترەمپ لەهەڵمەتەكانی هەڵبژاردندا دروشمی (دووبارە گێڕانەوەی شكۆی بۆ ئەمریكا) بەرز كردبۆوە، بەڵام پرسیاری سەرەكی لێرەدا ئەوەیە، ئایا چۆن ئەمریكا هەمان شكۆ و هێزی جارانی بۆ دەگەڕێتەوە؟ ئاشكرایە ئەو كاتە ئەمریكا دەبێتەوە ئەو ئەمریكایەی كە لەسەر هەموو ئاستەكانی هێزی نەرم و هێزی زیرەك و هێزی سەربازی هیچ ركابەرێكی نەبێت، كە یەكێتی ئەوروپا یەكگرتوو بێت و ناتۆ توانای كۆنتڕۆڵكردنی كێشەكانی جیهانی هەبێت، هاوپەیمانەكانی لەناوچە جیاوازەكانی جیهان بەگشتی و لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەتایبەتی بەهێز بن.

لێرەوە ئەگەر سەرنج لەهۆكاری سەرەكیی ئەو فاكتەرانە بدەین كە بوونە هۆكاری لاوازیی ئەمریكاو هاوپەیمانەكانی، دیارە ئاشكرابووە كە كێشەكانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستە، لەبەر ئەوەی ژینگەیەكی دروستكردووە بۆ هەڵكشانی فیكری توندڕۆیی و كاری تیرۆریستی و شاڵاوی پەنابەران كە روودەكاتە رۆژئاواو بێگومان ئەمریكاش لەهیچ كام لەم هەڕەشانە بەدەرنابێت و هەتا ستراتیژیەتێكی نوێ بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست پیادە نەكرێت، ئەو هەڕەشانە نەك هەر بەردەوام دەبن، بەڵكو رۆژ لەدوای رۆژ لەهەڵكشاندا دەبن و رۆژ لەدوای رۆژیش دەرهاویشتە نەرێنییەكانی زیاتر لەسەر بەهاكانی رۆژئاوا بەگشتی و ئازادی ئەمریكا بەتایبەتی زیاتر دەردەكەون.
ئیدارەكانی پێشتری ئەمریكا بەشێكیان هەوڵیاندا لە رێگەی پشتگیركردنی رژێمە تۆتالیتارو سەركوتكارەكانەوە بەزۆر ئاشتی و سەقامگیری لە ناوچەكە بچەسپێنن، بەڵام لە راپەڕینەكانی ساڵی 2011 دەركەوت ئەم پشتگیریكردنەی ئەو جۆرە رژێمانە لەكاتی رووخاندنیاندا ئاژاوەیەكی ئەوتۆ دروست دەكەن كە پاشان چارەسەركردنی مەحاڵ دەبێت، بەشێكی دیكەشیان هەوڵیاندا بە رێگەی سەركردایەتیكردنی راستەوخۆی هەردوو پرۆسەی بونیادنانی نەتەوەو دەوڵەت، كۆپییەكی دەوڵەتی دیموكراتی لە رۆژهەڵاتدا دووبارە دروست بكەنەوە، ئەم هەوڵانە بەو ئامانجە بوون لەعێراق و ئەفغانستاندا، ژاپۆن و ئەڵمانیایەكی دوای جەنگی دووەمی جیهانی بونیاد بنێننەوە، بەڵام دەركەوت نەك هەر شكستیان هێنا، بەڵكو مۆدێلێكی تازەی رێكخراوی تیرۆریستییان بەرهەم هێنا، كە نەك هەر ئاشتی و ئاسایشی جیهانی خستۆتەمەترسییەوە، بەڵكو خەریكە بەهاو ئاكارە جوانەكانی سیستمی لیبڕاڵ دیموكراتی لە ریشەوە هەڵدەكێشێت.

كەواتە مامەڵەكردن لەگەڵ كێشەیەكی وەك رۆژهەڵاتی ناوەڕاست كە بۆتە كێشە بۆ تەواوی جیهان و كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، پێویستی بە تێڕوانینێكی تازەیە، ئەم ئاراستە تازەیە كە بەشێوەیەكی هەڵچوو لە هەڵمەتەكانی هەڵبژاردنی ئەمجارەی ئەمریكادا خۆی بەرجەستە دەكرد، ئێستا دوای تەواوبوونی هەڵمەتەكان و خۆڕێكخستن بۆ وەرگرتنی ئیدارەی تازە بەجۆرێكی دیكە دەردەكەون و میكانیزمی ئەم وەرچەرخانە تازەیە، رۆژ لەدوای رۆژ خەریكە سیماكانی باشتر دەردەكەون. ئەویش بریتییە لە زمانێكی راشكاوی تازە كە پێویستە ئەمریكا وەك ئەو هێزەی كە دەیەوێت سەركردایەتی جیهان بكات، لەگەڵ هەموو جیهان بەگشتی و لەگەڵ جیهانی عەرەبی و ئیسلامی بەتایبەتی قسەی پێ بكات.
ئەو زمانە راشكاوەی كە ئیدارەی داهاتووی ئەمریكا دەیەوێت لەگەڵ سەركردەو گەلانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست قسەی پێبكات، وەك زۆربەی پسپۆڕان و تایبەتمەندان ئاماژەی پێدەكەن، ئەوەیە كە ئەگەر سەركردەیەك، یان گەلێك، یان دەوڵەتێك نایەوێت لەدەوڵەتێكی هاوچەرخدا بژی و لەسەر بنەمای پەرەپێدانی سامانی مرۆیی دووبارە دەوڵەتەكەی بونیاد بنێتەوەو نەتوانێت فیكری توندڕۆیی ریشەكێش بكات و خاكەكەی لە تیرۆریستان بپارێزێت و سەقامگیری و ئاشتی ناوخۆیی بۆ گەلەكەی دابین بكات، ئەوا ئەو سەركردەو دەوڵەتە شایستەی ئەوە نابن كە هاوپەیمانی ئەمریكا بن، بەپێچەوانەشەوە ئەو سەرۆك و گەل و دەوڵەتەی ئەوەی بۆ جیهان سەلماندبێت كە خۆی لە ناخی خۆیدا بڕوای بە لێبووردەیی و پێكەوەژیان هەیەو توانیویەتی ئیرادەی گەلەكەی بكاتە ئیرادەیەكی زیندووی جوامێرانە بۆ تێكشكاندنی دوژمنانی خاكەكەی و دابینكردنی سەقامگیری و ئاشتی لەناوخۆی وڵاتدا، ئەوا ئەو گەل و وڵاتە كاتێك دەبنە هاوپەیمانی ئەمریكا، هاوپەیمانێكی بەهێز دەبن و ئەمریكا جیا لەوەی خۆی دەبێتە پشت و پەنای، لە هەمانكاتدا دەبێتە هاندەرێكیش بۆ ئەوەی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بەچاوی رێزەوە سەیری بكات و هەموو هاوكاری و هەماهەنگییەكی پێشكەش بكات.

لەم چوارچێوەیەدا ئەو پێوەندییە تەلەفۆنییەی بەڕێز مایك پیتیس جێگری سەرۆكی تازەی ئەمریكا لەگەڵ بەڕێز مسعود بارزانی سەرۆكی كوردستان، تەواوی ئەو گۆڕانكارییانەمان پیشاندەدات كە لە سیاسەتی ئیدارەی داهاتووی ئەمریكادا بەرامبەر ناوچەكە بەگشتی و كوردستان بەتایبەتی مامەڵەی پێدەكات، لەهەمانكاتدا قسەكانی پیتس جۆرێك لە پێكەوە گرێدانەوەی هەڵمەتی هەڵبژاردنی سەرۆك ترەمپ پیشاندەدا لەگەڵ ئەو سیاسەتەی كە سیماكانی دەركەوتوون لەئیدارەی داهاتوو لەگەڵ كوردستاندا مامەڵەی پێدەكرێت.

كوردستانی باشوور لەگەڵ ئەوەی وەك جوگرافیا بەبەراورد بە دەوڵەتانی دیكەی ناوچەكە هێندە گەورە نییە، بەڵام لە رووی رێزگرتن لەبەها مرۆڤایەتییەكان و دروستكردنی گیانی لێبووردەیی و پێكەوەژیانی نێوان نەتەوەو ئایینەكان، هەروەها بوونی سەرۆكێكی وەك مسعود بارزانی كە توانیویەتی لەناو ئەو ژینگە ئاڵۆز و مەترسیدار و هەستیارەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا سەركردایەتی ئەم وڵاتە بچكۆڵەیە بكات و گەورەترین و دڕندەترین رێكخراوی تیرۆریستی كە داعشە تێكبشكێنێت و لەناوخۆی وڵاتدا باری نائاسایی رانەگەیەنێت، ئەوا لەستراتیژیەتی داهاتووی ئەمریكادا، كوردستان ئەو دەوڵەتە گەورەیەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستە كە دەبێت هەموو دەوڵەتانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەسەر ئەو بەها بەرزانە بونیاد بنرێنەوە كە ئاشتی و پێكەوەژیانی لەنێوان نەتەوەو ئایینە جیاوازەكاندا دروستكردووە، سەرۆكەكەشی كە بەڕێز مسعود بارزانی-یە، دەبێت وەك لی كوان یوی سەدەی بیستەم سەیربكرێت كە سەنگافورای كردە نموونەی حوكمڕانییەكی شازو ناوازە لە رۆژهەڵاتی ئاسیا، پێویستە ئەزموونی سەركردایەتی و دەوڵەتمەداری مسعود بارزانی بكرێتە وانەیەك بۆ شێوازی نوێی سەركردایەتی و بونیادنەوەی دەوڵەت لەسەدەی بیست و یەكەمدا.

زۆر جار كە باسی هاوپەیمانە گرنگەكانی ئەمریكا لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەكرێت، ئیسرائیل وەك گرنگترین و بەهێزترین هاوپەیمانی ئەمریكا سەیردەكرێت، ئەم گرنگی و بەهێزییەی ئیسرائیل بۆ ئیدارەكانی پێشووی ئەمریكا وەك هێزێكی كاریگەری سەربازی هاوشانی شای ئێران بۆ رووبەڕووبوونەوەی سۆڤیەتی پێشان و دواتریش وەك هێزێكی سەربازی كاریگەر دژی كۆماری ئیسلامی ئێران سەیركراوە، لەوانەیە لەئیدارەی داهاتووی ئەمریكا بایەخ و گرنگی هاوپەیمانی ئەمریكا و ئیسرائیل گۆڕانكاری بەسەردا نەیەت، بەڵام ئیدارەی داهاتوو پێویستی بەوەیە هاوپەیمانەكانی دیكەشی بۆ بونیادنانی دەوڵەتی بەهێز لەسەر بنەما بەرزەكانی لێبووردەیی و پێكەوەژیان بە هاوتای ئیسرائیل بەهێز بكات، بۆیە ئەگەر لە رووی سەربازییەوە شكۆی ئەمریكا بۆ راگرتنی باڵانسی هێز لەناوچەكە گرێدرابێت بە هێزی سەربازی ئیسرائیلەوە، ئەوا بۆ بونیادنانەوەی دەوڵەتی بەهێز لەسەر بەها بەرزەكانی مرۆڤایەتی و چارەسەركردنی كێشەكانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، شكۆی كوردستان و شكۆی ئەمریكا پێكەوە گرێدەدرێتەوە.

Top