پەیامەكەی سەرۆك.. سەرەتایەك بۆ چارەسەرو كۆتاییەك بۆ موزایەدە

پەیامەكەی سەرۆك.. سەرەتایەك بۆ چارەسەرو كۆتاییەك بۆ موزایەدە
هەر لەدەستپێكی ساڵی(2014)ـەوە هەرێمی كوردستان رووبەڕووی چەندین قەیران بوویەوە كە بە بڕینی بەشە بودجەی هەرێمی كوردستان دەستی پێكرد، ئەویش بە بڕیارێكی تاك لایەنەو بە بێ پشت بەستن بە هیچ دەقێكی دەستووری و یاسایی لەلایەن سەرۆك وەزیرانی ئەو كات(نوری مالیكی) بوو، ئەو كەسەی كە تا ئێستاشی لەگەڵدا بێت لە نانەوەی ئاژاوەو دووبەرەكیی تائیفی و مەزهەبی رۆڵی بەرچاوی هەیە، زۆرجاریش سەرۆك وەزیرانی ئێستای عێراق (حەیدر عەبادی) لە زۆربەی هەرە زۆری ئاخافتنەكانی خۆیدا، ئەگەر بە شێوەیەكی راستەوخۆش نەبێت، بەڵام بە شێوەیەكی ناڕاستەوخۆ ئاماژەی پێدەدات، بەتایبەت لەو وتارەی ئەمساڵی خۆی كە بە بۆنەی چلەی شەهیدبوونی (ئیمام حوسێن) دای و بە بێ ناوهێنان و بە روونی ئاماژەی بەوە دا كە نوری مالیكی هۆكاری كەوتنی موسڵ و شكستهێنانی سوپای عێراق بوو لە بەرامبەر داعش و هۆكاری نانەوەی ئاژاوەی تائیفی و مەزهەبییە.
ئەم شكستهێنانەی مالیكی هۆكارێكی دیكە بوو كە رێكخراوی تیرۆریستی (داعش) هێرش بكاتە سەر هەرێم و كوردستان بكەوێتە نێو شەڕێكی داسەپاو، بەڵام پێشمەرگە خۆڕاگرەكان بە گیانفیدایی و خۆبەختكردن لەژێر فەرماندەیی فەرماندەی گشتی هێزەكانی پێشمەرگەو دوای زیاتر لە دووساڵ و بە چەك و تەقەمەنی سادەوە توانییان ئاسایش و خاكی كوردستان بپارێزن و لە داعش پاكی بكەنەوە.
دوای كۆتاییهاتنی پرۆسەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان و دوای دانوستان و دوای نازهەڵگرتنی هەندێك لایەن، پارتی دیموكراتی كوردستان كە براوەی هەڵبژاردنەكان بوو، لەپێناو بەرژەوەندی و داهاتووی سیاسیی كورستان لە ئیستحقاقی هەڵبژاردنی خۆی خۆش بوو، پشكی خۆی، چ لەهەرێم و چ لەعێراق، دا بەو حزبانەی كە دواتر بەداخەوە هەر ئەوان بوونە هۆی پێشێلكردنی تەوافقی سیاسی و بوونە هۆی كودەتاكەی پەرلەمان و جێبەجێكەری ئەجێندایەكەی سەیروسەمەرە! ئەمەش لەكاتێكدا بوو كە كوردستان و هێزی پێشمەرگە خەریكی شەڕی دەستەویەخە بوون لە گەڵ داعش و خاكی كوردستان خوێنی شەهیدانی لێ دەتكا.
رەنگە ئەو جورئەتە بدەمە خۆم و بڵێم كە ئەمە هەڵەیەك، یان تەنازولێك بوو پارتی كردی كە نازی كەسانێكی هەڵگرت كە تا ئێستاش بە بیانووی جیاجیا مەرامی قێزەونیان بەرامبەر بە پارتی و خودی جەنابی سەرۆك بارزانی هەیە، بەڵام بۆ مێژوو دەبێت بوترێت كە ئەمەی پارتی كردی، ئەگەر هەڵە بووبێت یان تەنازول، بۆ یەك شت بوو ئەویش لەپێناو ئاسایش و داهاتووی گەلی كوردستان و سەربەخۆیی بوو.
بەداخەوە لەم ماوەی دواییدا پرسە هەستیارە سیاسییەكان لە گۆڕەپانی سیاسیی هەرێمدا بە هۆی میزاجی هەندێك كەس و لایەنەوە كە دروشمی قەبەیان هەڵگرتبوو، زیاتر گرژی تێكەوتووە. ئەوان ئەم دروشمانەیان بۆ نەهاتەدی كە هەڵیانگرتبوو، بۆیە كەوتنە دژایەتیكردنی پارتی دیموكراتی كوردستان و بوونە هۆی ئاژاوەنانەوەو یارییان بە هەست و سۆزی خەڵك كرد. ئەوان بڕیاریان داوە ببیستن، بەڵام بڕوای پێنەكەن، ئەوان بڕیاریان داوە بە هەموو سپییەك بڵێن رەش و بڕوا بە هیچ شتێكی راست نەكەن و تەنیا بە درۆ بڵێن دروست. لە هەردوو قۆناخی ئۆپۆزیسیۆن بوون و پشكداربوون لە حكومەتدا، رەوتێكی فەوزەوی بوون و هەن، كە ئەمەش بە راستی جێگەی مەترسییە.
خۆشبەختانە، بۆ چارەسەركردن و ئاساییكردنەوەی قەیرانی سیاسی و دارایی كە بەرۆكی كوردستانی گرتووە، سەرۆكی هەرێم لە ڕێكەوتی(26-1-2016) بانگهێشتی هەموو پارت و لایەنێكی كوردستانی كرد كە بێنو پێكەوە گفتوگو بكەن و چارەسەری بابەتەكە بكەن، بەڵام كەم بوون ئەو لایەنانەی كە بەدەم ئەم بانگهێشتەوە هاتن و ئەوانەشی كە نەهاتن بوونە هۆی هێنانەئارای دۆخێكی چەقبەستوو.
گوتمان رەنگە رێككەوتنی یەكێتی نیشتمانی و گۆڕان لە رێكەوتی(17-5-2016) كاریگەرییەكی هەبێت بۆ چارەسەری ئەم چەقبەستووییە، بەڵام جگە لەوەی كە ئەم دۆخەی هەرێمی چارەسەر نەكرد، بەڵكو بووە هۆی ئەوەش كە پارێزگای سلێمانیش تووشی قەیرانی ناوخۆیی ببێتەوە، تا ئێستاشی لەگەڵ بێت زۆربەی خاڵە گرنگەكانی نێو رێككەوتنەكەش جێبەجێ نەكراون و نەكەوتوونەتە واری پراكتیكەوە. تەنیا ئەو سەردانەیان نەبێت كە هەردوو فراكسیۆنی یەكێتی و گۆڕان پێكەوە بۆ بەغدایان كردو بە لایەنە عەرەبییەكانیان گوت كە ئێستا ئێمە (نەمبەر وانین) و چیتر پارتی دیموكراتی كوردستان هێزی ژمارە یەك نییە. ئەمە جگە لەوەش كە لە زۆنی بە قسەی خۆیان باشەكان (زۆنی سەوز و نیلی) بە شانازییەوە پێشوازی لە مالیكییەكان و حەنانەكان دەكرێت، كە تا سەر ئێسقان دژایەتی كورد و كوردستان و كەركووك دەكەن.
جا ئێستاش جێگرە كوردەكەی سەرۆكی پەرلەمانی عێراق، بۆتە (نەمبر وان) و داخی شكستەكانی حزبەكەی بە بچووككردنەوەی سلێمانی هەڵدەڕێژێت و دەیەوێت بە شێوەیەكی نادەستووری و یاسایی وا لەعێراق بكات بەقسەی خۆیان لە رووی دارایی و راستەوخۆ مامەڵە لەگەڵ سلێمانی بكەن! من دەپرسم: ئایا ئەوانە لە گوێچكەی گا نووستوون، یان خۆیان لە مەركەزیەتەكەی عێراق بەرامبەر بە هەرێم لەگێلی دەدەن؟ ئایا بیریان چۆتەوە كە هەر ئەو عێراقە قوتی خەڵكی هەرێمی بڕیوە؟ باشە خۆ فیدڕاڵیەت بە میزاجی ئەو جۆرە كەسانە دروست نەبووە، ئەو فیدڕاڵیەتە بە خوێنی ئەنفال و شەهیدەكان و بەرخودانی بێ كۆتایی نەتەوەی كورد دروست بووە، چون دەكرێت تاكە كەسێك و لایەنێك لەسەر حیسابی خوێنی شەهیدان، بێتو مامەڵە بە خاك و هاووڵاتی كوردستانی بكات و رۆژێك پارچە پارچەی بكات و رۆژێكی تر بچووكی بكاتەوەو بە بیانوی جیاجیا ئەجێندایەكی نەخوازراو جێبەجێ بكات كە داهاتووی كوردستان بخاتە مەترسی و بەشانازیشەوە باسی ئەو هەوڵەی بۆ هێنانەوەی سەر خاڵی سفری هەرێمی كوردستان بكات؟!
بە راستی ئەم بارودۆخەی لەهەرێمی كوردستان دروست بووە، زیاتر لەمە موزایەدەو ئاژاوەنانەوە هەڵناگرێت. ناكرێت برسیەتی و نەبوونی و قەیرانی دارایی بۆ مەرامی سیاسیی خۆیان بە كاربێنن و هاووڵاتی بكەنە ئامراز بۆ بەسەرپەیژە سەركەوتنی ئامانجە ناڕوونەكانیان. ئێستاش كە پەیامی سەرۆكی هەرێم لە رێكەوتی(20-11-2016) بۆ رای گشتی و بۆ چارەسەركردنی ئەم چەقبەستووییەی دۆخی سیاسیی هەرێم بووە، دەرفەتی موزایەدەو یاریكردن بە داهاتووی هاووڵاتی و هەرێمی كوردستان ناهێڵێت، بۆیە بەڕاستی ئەو هەرێمە چیتر تاقەتی ئەو جۆرە سیاسەتە دووفاقییە ناگرێت و چیتر تاقەتی ئەوە ناگرێت كە هەر رۆژەو بیانوویەك بۆ بچووككردنەوەو ناشیرینكردنی ئەو هەرێمە بهێنرێت، ئەو هەرێمەی كە دەیەوێت بە شێوەیەكی جددی ببێتە نموونەی سەقامگیری و دیموكراسی و پێكەوەژیانی ئاشتییانەی هەموو ئۆل و مەزهەبێك. پێویستە هەموو لایەنێك بەپیر ئەو پەیامەی جەنابی سەرۆكی هەرێم بێن و كوردانەو عاقڵانە كۆتایی بەو چەقبەستووییە سیاسییە بێنن كە باڵی بەسەر هەرێمی كوردستاندا كێشاوە. چونكە كۆتاهاتنی شەڕی موسل و رزگاركردنەی یەكجارەكی موسل زۆر لەهاوكێشە هەرێمایەتی و نێودەوڵەتییەكانی ناوچەكە دەگۆڕێت، هیوایەكی روون لەپێش كوردەو داهاتووی سیاسی و دیموگرافی ناوچەكە لە گۆڕانكاریدایە، بۆیە پێویستە كورد بە یەك رەنگ و یەك دەنگ مامەڵە لەگەڵ ئەو هاوكێشانە بكات كە لە داهاتوو بەسەر ناوچەكە دێن و هەموو لایەك بە ئەجێندایەكی پاك و بێگەردی كوردانەو نیشتمانپەروەرانە رووبەڕووی هەموو مەترسییەك ببنەوە كە هەوڵی پارچە پارچە كردن و لاوازكردنی پێگەی هەرێم دەدات. ئەمە داخوازی تەواوی گەڵی كوردستانەو بەپیر داخوازی گەلی كوردستانەوە وەرن و ئەو بەرپرسیاریەتەی لەسەر شانتانە بۆ گەیاندنی كوردستان بە كەنارێكی ئارام بەجێی بگەیێنن.

* پەرلەمانتارو بڕیاردەری فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق

Top