پێشمەرگەی کوردستان و ئاسایشی نەتەوەیی کورد (شیکردنەوەیەکی سایکۆلۆژی)

پێشمەرگەی کوردستان و ئاسایشی نەتەوەیی کورد (شیکردنەوەیەکی سایکۆلۆژی)
پێشمەرگە، ئەو زاراوە پڕمانا و پیرۆزە، بەسیەتی کە بارزانی نەمر ھەمو تەمەنی لە ژێر ئەم ناو نیشانە پیرۆزەدا و لە پێناو رزگاری گەلی کورد و کوردستان بەخت کرد و سەرۆکی ھەرێمی کوردستان مەسعود بارزانی، ئەندازیاری یەکخستن و یەکگرتنی نەتەوەی کوردیش لە میانەی ووتە بەنرخەکانیدا ھەمیشە فەخر و شانازی بەوە دەکات کە پێشمەرگەی کوردستانە(٢٤).
پێشمەرگەی کوردستان، بریتیە لە تاکێکی کورد کە خۆ بەخشانە ئەرکی پاراستن و بەرگریکردنی نەتەوەی کوردی لە ستۆ گرتووە. ئەم تاکە کوردە نموونەی بەرز و سیمبۆلی بەرخودان ، خۆڕاگری ، خۆبەخت کردن، کەرامەت ، شەرەف ، و جوامێری و مێرخاسی و ھەر ووشەیەکی جوانی ئەدەبیات و مێژووی مرۆڤایەتیە. خەباتی نەپساوە و بێووچانی پێشمەرگەی کوردستان لە سەرەتاکانی سەدەی رابردوو و تاوەکو ئەمرۆ ھێمای پاکی و راستەقینەیی زاتی ئەمەک ناسی ئەم تاکەیە و نیشانەی ھێزیی پۆڵاینی گەلی کورد و بڕوا ومتمانە بە بوونی خۆی و مێژوویەکەی و مافە ڕەواکانی- ئەو مافە سەرەتایی و ساکارانەی کە بە ناحەق لە لایەن دوژمنانیەوە زەوت کراوە و گەلە پڕ سەروەرەکەەمانی لێی بێ بەش کردووە.
ھەر لەم سۆنگەیەشەوە، ئەمڕۆ و لە سەدەی بیست و یەکەمدا ئەرکی پێشمەرگەی کوردستان قورستر و قورستر بووە. ھەنگاو نان و بزاڤی نەتەوەکەمان لە پێناو یەکگرتن و یەکخستنی ماڵی خۆی لە داھاتوودا ھاندەر و فاکتەرێکە کە دەبێتە ھۆکارێک بۆ ئەوەی پێشمەرگەی کوردستان بە ھەناسەیەکی نوێتر، و تێڕوانینێکی ووردتر و وریاتر ، و بوێرانەتر لە جاران بەرەو داھاتوو و ئاسۆیەکەکی گەشتر ھەنگاو بنێتن.
پێداچوونێک بە مێژووی مرۆڤایەتی و شارستانیەت، دوێنێ و ئەمرۆ، ئەم ڕاستیەمان بۆ دەردەخاتن کە پاراستنی ئاسایش و بەردەوامی ژیانی ھەر گەل و نەتەوەیەک پەیوەستەیەکی راستەوخۆی ھەیە لەگەل ھێزی سەربازی ئەم نەتەوەیە. لەوانەیە، لێرەدا، ھەندێ کەس رەخنەمان لێ بگرن کە ئەمرۆکە، سەدەی بیست و یەک، سەدەی تەکنەلۆژیا و پێشکەوتن و گفتگۆی نەتەوەکانە، و چیتر ھێزی سەربازی و جەنگی بە ھەمو جۆرەکانیەوە باویان نەماوە. بەڵام واقعی دنیا و ژیانی سەردەم پێچەوانەی ئەم ھزر وبیرە دەسەلمێنێ و بەڵگەش بۆ ئەم قسەیە ھەوڵ و کوشش و بزاڤی وڵاتە جیاجیاکانی دونیا و سەرقافیلەی ھەمووان وڵاتە زلھێزەکانی وەک ئەمەریکا، روسیا، و چین و وڵاتانی تری دور و نزیک وەک ئیران ، ھندستان، پاکستان، کوریای باکوور،...ھتدە کە بۆ سەپاندنی ھەیمەنەتی خۆیان و پاراستنی ئاسایشی نەتەوەیی و بەرژەوەندیەکانیان رۆژ لە دوای رۆژ پەرە بە گەشەسەندنی ھێزی لەشگەری خۆیان ددەن، سەرباری ئەوەی کە ھەندێکیان لەم رووەوە زۆر پێشکەوتوون. و ئەم بەڵگەیە بۆ ئەوەیە بزانین و لە یادمان بیتن کە بایەخدان بەم لایەنە لە ھیچ کات و سەردەمێک دا نەوەستاوە، بگرە بەردەام لە پەرەسەندندا بووە، چونکە وەک زۆربەی ئایینەکان و بە تایبەت ئایینیپیرۆزی ئیسلام و ھەروەھا زانایانی سایکۆلۆژی و کومەڵناسی، ئابووری ئاماژەی پێدەدەن پاراستنی ئاسایشی مرۆڤ یەکێکە لە پێداویستیە ھەرە گرنگ و سەرەکیەکانی مرۆڤایەتی لە ھەموو کات و سەردەمێکدا.
گرنگی پێداویستیەکانیمرۆڤ وەک بەشێک لە سروشت و واقعی ژیان بابەتێکی حاشاھەڵنەگرە، و ئەوەش خۆی لە کاریگەری ئەم فاکتەرە لە سەر رەفتاری مرۆڤ و ژیانی تاکی و کۆمەڵایەتی، ئابووری، رامیاری،....ھتد و لایەنە جیاجیاکانی ژیانیدا دەنوێنیتن، بە جۆرێک کە رەفتار و کردارەکانی مرۆڤ ، و خۆ گونجاندن و شێوازی ھەڵسوکەوت وژیانی رۆژانەی لە شوێن و ھەڵوێستی جیاجیا بۆ رۆڵی کاریگەرانەی ئەم فاکتەرە بە ھێزە دەگەرێتەوە، و تەنانەت ھەندێ لایەن لەو بڕوایە دان زۆر لە کێشە و گیر گرفتەکان لە ژیانی سەردەمی ئەمرۆکەدا بۆ ئەم بابەتە دەگەڕێنەوە (٩ :ل.١٦ ;٧:ل.٥٩٠ ;١٦:ل.٣٤٨ ). سەرچاوەکانی جیاجیا ئاماژە بە گرنگی پێداویستیەکان و چۆنیەتی و چەندایەتی دابینکردن و تێرکردنی دەدەن، تەنانەت درێغی کردن لەم کارە کاریگەری نەرێنی دەبیتن لە سەر پێگەیاندن و گەشەکردنی کەسایەتی مرۆڤ و ھەروەھا کۆمەڵگا بە شێوازی جۆراوجۆر، چونکە مرۆڤ وەک لایەنگران و دامەزرێنەرەکانی تیۆری دەرفەت، بۆی دەچن، پێکھاتەیەکە لە کاریگەریەکانی جیاجیا و لە وانەش ئەو دەلیڤە و دەرفەتەی کە تیاید دەژیتن، بە دور نیە و بەردەوام دەکەوێتە ژێر کاریگەری ئەم فاکتەرە(١٥:ل. ١٣٤-١٣٩).
ژمارەی پێداویستیەکانی مرۆڤ بێ سنوورە، پێداویستیەکانی وەک پێداویستیەکانی جەستەیی لە خورادن و خواردنەوە و سێکس ، یان خۆشەویستی، ئاسایش، ھاوکاریکردنی خەڵکی تر، خۆ پاراستن لە ژان و ئازار، خۆ دور خستن لە بێ رێزی، رێکخستن، تێگەیشتن، یاریکردن، بەرگری، خۆ پیشاندان، ڕاکێشانی ڕیز و ستایشی خەلکیتر بۆ لای خۆی، بینش و ڕوانگە، ....تاد(١٨:ل.١١٣-١٢٣)، بەشێکن لەم ژمارە بێ سنوورەی پێداویستیەکانی مرۆڤ.
خۆای گەورە ومیھرەبان لە شوێنە جیاجیاکانی قورئانی پیرۆز ئاماژە بە پێداویستیەکانی مرۆڤ و گرنگی وکاریگەریان لە ژیانیدا دەداتن. ئەوەتا لە سوورەی حجرات/١٠ باس لە روحیەتی برایەتی لە نێوان موسلمانەکان دەکاتن، لە ئال عمران/١٠٤ لە بارەی خێر و خۆشی و خۆ دوور خستن لە خراپە و شتە خراپەکان، و لە المائدە/ ٢ لە سەر چاکە و باشی و ھاوکاری و بەشداری نەکردن لە کاری خراپە و دوژمنکارانە، و لە الانسان/٥ و الاعراف/٢١ لە سەر تێرکردنی پێداویستیەکانی سەرەتایی وەک خواردن و خواردنەوە، لە النساءء/٣-٢٢ ، البقرە/٢٢و٢٢١ ، الاحزاب/٤٥ و الروم/٢١ لە بارەی تێرکردنی پێداویستیەکانی سێکسی، لە قریش/٤، الانفال/٤٦ و ٦١، الجمعە/١٠ ، تاھا/١٣٢ و الکھف/٢٦ و البقرە/١٦٤ و ١٧١، و الانعام/١٥١ بە شێوازی جۆراوجۆر و جیاجیا و بەردەوام ئاماژەی بە تێرکردن پێداویستیەکانی مرۆڤ دەداتن بە ڕێگای یاسایی و لە چوارچێوەی شەرع و داب و نەریتە مرۆییەکان، و لە ناو بازنە و لە سنوری چاکە و راستیدا(١).
وەک روون و ئاشکرایە مرۆڤ وەک چۆن پێویستی بە تێرکردنی پێداویستیەکانی جەستەیی وەک خواردن و خواردنەوە، و پاراستنی خۆی لە نەخۆشیەکانی جەستەیی و فیزیکی ...ھتد ھەیە ، ھەر بە ھەمان شێوەش پێویستی بە تێرکردن و دابین کردنی پێداویستیەکانی خۆی بۆ ھەبوونی ئاسایش و ئارامی ژیان لە ژینگەی دەوروبەر، بگرە لە ئاژەڵە مەترسیدار و رووداوەکانی سروشتی وەک بیڤەلەرزە، ھەورە تریشقە و ئاگر و خەڵکانیتر و دوژمنەکانیەتی.
زانای بەناووبانگ ئابراھام ماسلو* لە تیۆرییە بەناووبانگەکەی خۆیدا لە سەر پێداویستیەکانی مرۆڤ وەھا بۆی دەچیتن کە مرۆڤ لە رووی تێرکردنی پێداویستیەکانیەوە شێوازەکی ڕیزبەندیکراوی ھەیە لە شێوەی ھەرەم کە تیایدا و لە خانەی لە ھەمووان لە خوارووتر پێداویستییە ھەرە سەرەکیەکانی فیزیکی-جەستەیی لە خۆی دەگریتن و دواتر پێداویستیەکانی سایکۆلۆژی-کۆمەڵایەتی وەک خۆشەویستی و ئاسایش و ئارامی و رێز و ستایشی کۆمەڵایەتی و وەدەست ھینان و تەواوکردنی خود، دێتن کە دەکەوێتە لوتکەی ئەم ھەرەمە. ماسلو بڕوای وایە، و ئەمەش شتێکی لۆژیکی و راستە، کە ھیچ مرۆڤێک بەرەو ئەم لوتکەیە ھەنگاو نانێتن ئەگەر بێت و پێداویستیەکان خوارووتری تێر و دابین نەکاتن. واتە دابین کردنی ئەم پێداویستیانە بە پێی گرنگی لە خوارەوە دەست پێدەکاتن بۆ سەرەوە، و مرۆڤێک بۆ قۆناغ یان خانەی سەرووتری ناچێ ئەگەر بێت و پێداویستیەکانی خانەکانی پێشتر دابین نەکاتن و تێریان نەکاتن. بۆ نموونە ئەگەر مرۆڤێک برسی بیتن ، بێگۆمان ئەم مرۆڤە بیر لە ئاسایش و دابینکردنی پێداویستیەکانی تری سایکۆلۆژی و کۆمەڵایەتی پەیوەندار بە خۆی ناکاتن، چونکە ئەم مرۆڤە لەم سات و کاتەدا پێداویستیەکی گرنگتری دابین نەکراوی ھەیە، کە ئەویش خواردنە. ئەم مرۆڤە تاوەکو خۆی تێر نەکاتن، بیر لە شتێکی تر ناکاتن، بەڵام ھەرکاتێک دەرفەتی بۆ رەخسا و خواردنێکی دەست کەوت، ئینجا دەگاتە ئاستێک کە بیر لە دابین کردنی پێداویستیەکانی تری وەک ئارامی و ئاسایشی سایکۆلۆژی و کۆمەڵایەتی و شتی بەرزتر وەک داھینان و ..... بکاتن ( ٤:ل.١٤٦-١٥٨ ;١١:ل.١١٥-١١٨ ; ١٣:ل.٢٢٦-٢٢٧ ; ٣٣:ل.٢٩٣-٢٩٤ ;٣٥ :ل.٥٩ ;٣٦:ل.٣٦٦ ;٣٧:ل.٤٦١ ; ٤٣:ل.١٦٥-١٦٦ ; ٢١:ل.٢٧٦ ; ٣٠:ل.١٠٥-١٠٧ ; ٣٢:ل.٤١٦-٤١٨ ;٤٤، ٤٥). ناتەواوی و ناڕێکی شێوازی تێرکردنی ئەم پێداویستیانە کارێکی نەرێنی دەکاتە سەر سایکۆلۆژیای مرۆڤ و تووشی چەندەھا کێشە و گیر و گرفتی دەکاتن.
بیردۆزێکی لەم بابەتە لە زمانی کوردیدا خۆی لە ھەندێ قسە و پەندی وەک : زگی برسی لە کەس ( یان ھیچ ) ناپرسی!! یان زکێ برسی خەو لێناکەڤت!!! دا دەبینیتن، کە ئەو راستیەمان بۆ دەردەخاتن کە لە ژیاندا ھەندێ پێداویستی سەرەکین و ھەندێکیتر سەرەکیترن و پێویستیان بەوە ھەیە کە لە پێش پێداویستیەکانی تر تێر بکرێن، بە پێچەوانەوە دەبنە ھۆکاری ئەوەی کە ڕێگە لە دابینکرنی پێداویستیەکانی تریش بگیرێتن.
و ئەم واقعە تاڵە لە سەر تاکی کورد و نەتەوەی کوردیش جێبەجێ دەبیتن و دەچەسپێت. نەتەوەی کورد بە درێژایی ھزاران ساڵی رابردوو بە گشتی و ئەم چەند دەە ساڵەی دوایی لە گشت پارچەکانی کوردستان کەوتوتە بەر زەبری کۆشندەی زۆرداران و دووژمنەکانیەوە، تا وای لێھاتووە پێداویستی دابین کردنی سەرەتاییترین مافەکانی ژیان وەک خواردن و خۆاردنەوە و دواتر پاراستنی بژێوی خۆی و دابینکردنی ئاسایش و ئارامی سایکۆلۆژی-کۆمەڵایەتیەکەی بووەتە بابەتیھەرە سەرەکی ژیانی، سەرقاڵ کردنی ھەموو ھزر و بیری و ھەوڵ و کۆششەکانی، تاوای لێھاتووە ئەم گەلە ستەملێکراوە ھیچ دەرفەتێکی نەبێ بۆ ئەوەی بیر لە گەشەسەندن و پێشڤەبردنی خوودی خۆی بکات و ھەنگاو بۆ تێرکردن و دابینکردنی پێداویستیەکانی تری خۆی باوێتن، و بتوانێتن داھینان لە ژیانیدا بکاتن و بگاتە ئەو قوناغەی کە نەتەوەکانی تر پێیگەیشتوون. رەش بکوژی، جینۆسایدکردن و ئەنفال کردنی ڕۆلەکانی گەلەکەمان، خاپوورکردنی زیاتر لە چەندین ھزار گوند، لەناوبردنی ئاسەوارەکانی شارستانیەت وکلتووری، تێکدان وتێک بەردانی ڕۆڵەکانی گەلی کورد لە بەشە جیاجیاکانی کوردستان بە گژ یەکتردا، و جۆرەھا شێوازی جەنگی لەشگەری و سایکۆلۆژی لە دژی نەتەوەی کورد لە ڕابردوو و ھەتاوەکوو ئێستا و دوایینی ھەموویان رووداوی کوشتنی ڕۆلەکانی کوردی کوردستانی باکوور لە لایەن فڕۆکە جەنگیەکانی تورکیا و کێشە رامیاری و ئابووریەکانی نێوان حکومەتی ھەرێمی کوردستان و حکومەتی ناوەندی ، و چەندەھا کێشەیتری ھاوشێوە لە ھەر دوو کوردستانی رۆژھەڵات و رۆژئاوا ھەموویان روویەکیتری ئەم جۆرە باروودۆخە ناڵەبارەن کە ھەڵی ئارامی و ئاسایشی نەتەوەییان لە گەلی کورد لە ھەموو پارچەکانی کوردستان سەندووە و ڕێگەی لە بەردەم گەشەی تاکی کورد و نەتەوەی کورد بەستوویەتی.
ئاسایش و ئارامی دەروونی بریتیە لە تێرکردنی پێداویستیەکانی مرۆڤ و پاراستنیان لەوەی کە بکەوێتە بەر کاریگەری فاکتەرە مەترسیدارەکانی جۆراوجۆر و پەیوەندیەکی راستەوخۆی ھەیە لە گەڵ ئاسایشی گشتی و نەتەوەیی وڵات و نەتەوەیەک (٦:ل.١٤٥).
بەڵێ، ئەم ڕاستیە مێژووییە کە ھاندەری ئێمەن بۆ ئەوەی بیر لە پێکھینانی لەشگەری چاکتر و پێشکەوتووتر بکەین و ھەوڵ بدەین بۆ ئەوەی دەرس و پەند لە مێژووی تاڵی رابردوومان وەربگرین و کار بکەین بۆ ئەوەی پاش یەکخستنی ماڵی کورد لە لایەن سەرکردایەتی نەتەوەی کورد لە ھەموو پارچەکانی کوردستان، بیر لە دامەزراندنیسەر لە نویێ ھێزێک بکەین بۆ پاراستنی دەستکەوتەکانی خۆمان و دابین کردنی ئارامی و ئاسایشی سایکۆلۆژی بۆ تاکی کورد. پێشمەرگەی کوردستان بەدرێژایی دەھا ساڵ خەبات و قوربانیدان لە پێناو بەدیھێنانی ئەم دەستکەوتانە درێغی نەکردووە، و نابێ ئەوەشمان لە یاد بچێ ھەروەک بارزانی نەمر ئاماژەی پێداوە(( ئێمە تەعەدا لە کەس ناکەین و لە کەسیش قبول ناکەین تەعەدامان لێ بکاتن)). و لەم سۆنگەیەوە پێشمەرگەی کوردستان بە لەبەرچاوگرتنی ھەموو بەھا مرۆڤی و ئەخلاقیەکانی مرۆڤایەتی و نەتەوەیی کوردی لە ھەموو قۆناغەکانی خەباتی نەپساوەی خۆی تەنیا و تەنیا یەک ئەرک و کاری گرنگی بە ئەنجام گەیاندووە و ئەویش بەرگریکردن بووە لە خۆی و بزاڤی رزگاریخوازی نەتەوەی کورد و مافە ڕەواکانی خۆی.
و لە جێگەی خۆیەتی ئاماژە بەو راستیە بدرێتن کە ئامانجی سەرەکی لە دروستکردنی ئەم ھێزە لەشگەری یەش لە ئێستا و داھاتویشدا تەنیا و تەنیا ئەم ئەرکە پیرۆزەیە کە گەلی کورد بتوانی لە سایەیدا بەرگری لە خۆی و دەستکەوت و بەرژەوەندیەکانی بکاتن لە دژی دوژمنان و ناحەزانی، نەک بۆ مەبەستی ھەڕەشە و گۆرەشەکردن لە نەتەوە و گەلانیتر، و مێژووی پاکی پێشمەرگەی کوردستان شایەتی ئەم قسەیەیە، چونکە ئێمەی کورد وەک نەتەوەیەک کە زۆرینەمان پەیڕەوی ئایینی پیرۆزی ئیسلامین، فەرموودەکانیخوای گەورە و میھرەبان لە قۆرئانی پیرۆز دا و فەرمایشتە بەنرخەکانی پێغەمبەری ئاخیر زەمان(دروود و سڵاوی خۆای لە سەر بێ) مەشخەڵی ڕێگا و ژیانی ئێمەن، و کاتێک کە خوای گەورە لە قۆرئانی پیرۆزدا ئاماژە بەوە دەداتن کە مرۆڤەکانی بە شێوەی زمان و رەنگ و دەنگ و گەل و نەتەوە و نیشتمانی جیاجیا دروستکردووە (الحجرات/١٣) و مافی ژیان و سوودوەرگرتن لە ھەموو ئەو شتانەی لەم دونیایەدا ھەن بە مافێکی ڕەوای ھەر یەکێک لەم تاک و گەل و نەتەوانە دەداتن، و ئەمەش بەڵگەیە بۆ ئێمە و نیشانەیە بۆ ئەوەی ئێمەی کوردیش ڕێز لەم نەتەوانە بگرین ، و دان بەو مافانەیان بنیێن کە خۆای گەورە پێی داون، و نەبینە کۆسپ و تەگەرە لە بەردەم مومارەسەکردنی داب و نەریتەکانیان لەو شوێنانەی کە لێی نیشتەجێن.
ئەمە لە لایەک و لە لایەکی تریشەوە، لە سۆنگەی ئەوەی کە ھیچ نەتەوەیەک وەک کورد تام چێژی زولم و زۆرداری نەتەوە و گەلانیتری نەچێشتووە، بۆیەش بەھای ئازادی و ئارامی و ئاسایشی نەتەوەیی لە لای تاکی کوردی شتێکی حاشاھەڵنەگرە، کە دەبێتە ڕێگر بۆ ئەوەی کورد ھێزی پێشمەرگەی کوردستان لە ئێستا و داھاتوودا بۆ سەرکووتکردن و لەناوبردن و ئەنفالکردن و جینۆسایدکردن و بەکۆمەڵکوژی و جۆرەھا جەنگی فیزیکی وسایکۆلۆژی لە دژی نەتەوەکانی تر بەکار بێنێ، بەڵکۆ ئەم ھێزە تەنھا ئامرازێکە کە نەتەوەکەمان دەیەوێتن بە ھۆیەوە و لە سایەیدا بحەسێتەوە و چێژ لە ئازادی و ئاسایش و ئارامی سایکۆلۆژی-کۆمەڵایەتی وەربگرێ، و بگرە ئەم ھێزە مرۆڤیی یە و شان بە شانی گەلانیتر بۆ مەرەمی بەختەوەری مرۆڤایەتی لە سەر رووی گۆی زەوی و ببێتە ھاوکارێک و لایەنێک ئەرێنی ، و بۆ دروستکردن و بنیاتنانی کومەڵگایەکی نێونەتەوەیی سەرکەوتوو و پێشکەوتوو لە سەر بنەماکانی ئەخلاقی، و مرۆڤی و ھەنگاوی کارامە بنێتن لەم پێناوەدا، و نەتەوەیەک بێ کە پشت ئەستوورە بە مێژوویەکی تاڵ و پڕ دەستکەوت و بە ئەزموون و بەشدار بێ لە دابینکردنی ئاسایشی جیھانی و نەھێشتنی رەگ و ریشەی تیرۆر لە سەر ئاستی جیھانی.
و قۆناغی یەکەمی ئەم کارەش لە ڕێگەی دان و ستاندن و گفتگۆیە لە گەل ئەو لایەن و نەتەوانەی کە بە درێژایی مێژوو لە دژی نەتەوەی کورد وەستاون و بە ھەموو شێوازەکانی نامرۆڤایانە و دڕندانە دژایەتی دەکەن. بۆ نموونە بە ھاوکاری و ھەماھەنگی و لە ژێر سەرپەرشتی نەتەوە یەکگرتووەکان و دەزگاکانی پەیوەنداریان بەم لایەنەوە راپرسیەکی بە کۆمەڵ لە نێو ئەم نەتەوانە ئەنجام بدرێتن کە تیایدا روون ببێتن بۆ چی بە درێژایی مێژوو نەتەوەکانی ناوبراو، کە خۆیان بە پەیرەوی ئایینی پیرۆزی ئیسلام دەزانن لە سەر و لە بەر بچووکترین و سادەترین و سەرەتاییترین مافە ڕەوا و سروشتیەکانی خۆی و لە ژێر و بە ناو نیشان و مەھانەی جۆراوجۆر زوڵم و زۆری لە گەلی کورد دەکەن.
داواکردنی ئەم مافە سەرەتاییانە تاوان نیە، ئێمە، وەک گەلێک، دەمانەوێ بزانین کە ھەڵەمان چیە کە دەبێ بە ھۆیەوە لە لایەن ئەم نەتەوانە ئەم جۆرە زولم و زۆرداریەمان لەگەڵدا بکرێت. و ئاماژە دان بە ھەموو ئەو تاوان و زوڵم و زۆرداریە لە لایە ئەم نەتەوانە لە دژی نەتەوەی کورد ئەنجام دراوە لە حەوسلەی ئەم چەند لاپەرەیە بەدەرە و بگرە سەدان پەرتووک بۆ ئەم مەبەستە ھەر کەمیشە! ، و دوایینی ئەم زولم و زۆرداریە ھەموو ئەو کۆسپ و تەگەرانەیە کە حکومەتی ناوەندی بە بڕو بیانۆی جۆراوجۆر دەخاتە بەردەم کاروباریحکومەتی ھەرێمی کوردستان، کە خۆی بەردەوامی دژایەتیکردنی رژێمەکانی پێشووترە کە بە درێژایی مێژوو، کە مێژووییکی خۆێناویە و بە تایبەت لە سەردەمی بەعسی گۆڕ بە گۆڕە بۆ لەناوبردنی بزاڤی ڕزگاریخوازی نەتەوەی کوردە بەردەوام ھەوڵی چەواشەکردنی بزاڤی رزگاریخوازی کوردیان داوە. و ھەروەک روون و ئاشکرایە بەرھەمی ئەم بیر و بۆچونە شۆڤینیانە لە کوردستانی ئێمە لە ناو چوونی سەدان ھزار مرۆڤی بێتاوان بو بە جینۆساید کردن و ئەنفال و کێمیاباران، و تێکدانی زیاتر لە چوار تا پێنج ھزار گوند و شار و شاروچکە، و لە سێدارەدان و بێ سەراو شوێن کردنی ھزاران لاویکورد و سەدان جۆری تری شێوازی تری لە ناو بردنی مرۆڤ (٢٦:ل. ٥٥-٦٨ ; ٢٥:ل.٢٥ ; ٢:ل.١٧٥ ; ٢٠:ل.١٣٩) ، کە وەک خالێکی ڕەشن بە نێوچاوانی ئەم رژێمانە و سەرکردە شۆڤینیەکانیان.
ئەنجامی ئەم ڕاپرسیە دەبێ ببێتە بەڵگەیەکی فەرمی بۆ دەستپێکردنی قۆناغەکیتر و نوێ لەنیوان ئەم نەتەوانە و نەتەوەی کورد و دان نان بە مافە ڕەواکانی گەلی کورد و گۆڕینی بنەرەتی لە ژیان و کەسایەتی و پێکھاتەی تاکەکانی ئەم نەتەوانە و کار پێکردنیان و خستنەناو دەستووری ئەم وڵاتانە و تەنانەت لە نێو پرۆگرامەکانی پەروەدە و فێرکردن و دەزگاکامی ڕاگەیاندن بخرێتە بۆاری جێبەجێکردن بۆ ئەوەی ئەو جۆرە ھزر و بیرە دوژمنکاریانە جێگەی خۆی بداتە دان نان بە مافە ڕەواکانی نەتەوەکەمان لە ھەموو پارچەکانی کوردستان و پابەندبوون بە ھەموو بەھا و ئاراستە مرۆڤایەتی و ئەخلاقی و ئایینیەکان و ببنە ستوونی رەورەوەی ژیانی ئاسایی نێوان تاکەکانی ئەم نەتەوانە و نەتەوەی زوڵم لێکراو و ستەمدیدەی کورد و دروستبوونی ھەستی ئارامی و ئاسایش و سەقامگیری سایکۆلۆژی و کۆمەڵایەتی وەک خالێکی وەرچەرخان لە دروستبوونی سەر لە نوێی کەسایەتی تاکی کورد و لە سەر بنەمای پێکھاتەی سایکۆلۆژی نوێ کە بەرھەمی کارێکە، کە ئەویش دان نانە بە مافە ڕەواکانی گەل و نەتەوەکەمانە، وەک ھەر گەل و نەتەوەیەکیتر لەم دونیایەدا، لە لایەن ئەم گەل و نەتەوانە.
چونکە ئەگەر وەک سامۆیێل ھانتیگتۆن **و کەسانیتر ئاماژەی پێدەدەن و دەڵێن ھۆکارەکانی جیاجیا و لە وانەش جیاوازی کلتوری و بەھایی ھۆکارێکی ململانێ و جەنگ و کێشەی نێوان نەتەوەکانە( ٣٤:ل.٢٥٨ ; ٣١ )، و وەک چارلز دارڤین*** بۆی دەچیتن مانەوە و ژیان لە سەر رووی زەوی و لە ململانێیەکانی ژیاندا بۆ باشترینەکانەە(٢٩:ل.٣٦٢)، ئێمەی کوردیش وەک نەتەوەیەک خۆمان لە ھیچ کەس و نەتەوەیەک بە کەمتر و خوارووتر نازانین، و ھەر ئەوەیە وەک یەکێک لە ھۆکارەکان پاڵمان پێوە دەنێتن بۆ ئەوەی بیر لە خۆمان و مانەوەمان بکەین.
قۆناغی تری ئەم کارە بە دانان نان بە بوون و مافەڕەواکانی نەتەوەکەمانە لە لایەن وڵاتە زلھێزەکان، کە بە درێژایی مێژوو و لە بەر ھۆکارەکانی جۆراوجۆر و بەرژەوەندیە تایبەتیەکانیان یان ھەر ھۆکارێکی تر چاوپۆشیان لێکردووە، تەنانەت زۆر جاریش بونەتە لایەنێک بۆ لە ناو بردن یان تێکدانی بزاڤی رزگاریخوازی گەلی کورد و نموونەش بۆ ئەم قسەیە کارەساتی نسکۆی ١٩٧٥ بوو کە بە ھەماھەنگی چەند وڵاتێکی ناوچەیی و ئەمەریکا و دوای چەندەھا بڕۆ و بیانۆی جیاجیا لە لایەن حکومەتی ناوەندی و لە دژی شۆرەشی ئەیلول ئەنجامدرا و بەرھەمەکەشی لە ناوچوونی ھەموو ئەو دەستکەوتانە بو کە لە سایەی ئەم شۆرەشە و پەیمانی ١١ ئادار بە دەست نەتەوەکەمان ھاتبو، و ئاوارە بوونی زیاتر لە نیو مەلیۆن خەلکی کوردستان بو بۆ وڵاتانی دراوسێ، و ڕێگە خۆشکەر بو بۆ ھەموو ئەو تاوانانەی کە بە درێژایی نزیکەی ٣٠ ساڵ دەستەڵاتداریەتی رژێمی روخاوی بەعس لە دژی نەتەوەکەمان ئەنجامدران، و ھەروەھا روخانی کۆماری ساوای موھاباد لە ئەنجامی پشت تێکردنی وڵاتی شۆرەوی جاران و کەمبایەخی ئەمەریکا و ئینگلیس بو بۆ بزاڤی ڕزگاریخوازی کورد لەو کات و ساتەدا( ٢٧; ٢٨ ; ٢٢:ل.٣٨١-٣٨٤ ). ئەمانە ھەمووی نموونەن ئاماژە بە پشت گوێ خستنی داننانە بە مافە رەواکانی نەتەوەکەمان لە لایەن ئەم وڵاتە زلھێزانەوە.
بێگومان ئەم قۆناغە دەبێتە ھەوێنەک و ھەنگاوێک بۆ ئەوەی وڵاتە ئیقلیمیەکانیش چاو بە سیاسەتەکانیاندا بخشێنن و چیتر نەبنە پشتەوان و پاڵپشت بۆ رژێمە شۆڤینی و فاشیستیەکانی کە دژی نەتەوەی کوردن. شایەنی ئاماژە پێکردنە کە لەم چەندا ساڵەی دواییدا ھەندێک لەم وڵاتانە لە ژێر گوشاری نێو نەتەوەیی و پاش روون و ئاشکرابوونی رەوایەتی مافەکانی گەلەکەمان و راستەقینەبوونی بزاڤی رزگاریخۆازی کوردی، چاوپێداخشاندنیان بە سیاسەتە چەوتەکانیاندا کردووە و گۆڕانکاریان خستوتە نێو ھەڵوێستەکانیان لە بەرامبەر نەتەوەی کورد و ھەوڵی ئاسایی و باشتر کردنی پەیوەندیەکانیان دەدەن لەگەڵ ھەرێمی کوردستان بە تایبەتی و نەتەوەی کوردی بە گشتی.
لەگەڵ ھەموو ئەوەشدا، بیرکردنەوە لە دامەزراندنی دەزگایەکی لەشگەری و ھێزێکی سەربازی بە ناوی پیرۆزی پێشمەرگەی کوردستان، ئەرکێکی نیشتمانی و فاکتەرێکی گرنگە بۆ گەرەنتی کردنی ئارامی و ئاسایشی نەتەوەیی، بە پشت بەستن بە ھێزی لەشگەری، وئابووری ، رامیاری و دیپلۆماسی، و ھەرەوھا ئاسایشی سایکۆلۆژی، کە ھەردوکیان تەواوکەری یەکتر و پێویستن بۆ مانەوە و داھاتوی گەلەکەمان، چونکە ئاسایشی نەتەوەیی مەرجیمانەوەی ھەر گەل و وڵات و نیشتمانێکە. و مەرجێکی گرنگ لە دامەزراندنی ئەم دەزگایە ئەوەیە کە دەبێ لە سەر بنەمای زانستی و تەکنەلۆژیای سەردەمیانە دابمەزرێتن، تەنانەت لە وەرگرتنی پێشمەرگە وەک چۆن لە وڵاتانیتری پێشکەوتوو لە بۆاری سەربازی و لە سەرووی ھەموویانەوە ئەمریکا?
Top