سترەكتۆری كۆمەڵایەتیی كوردی و توندوتیژی پیاو دژی ئافرەت

سترەكتۆری كۆمەڵایەتیی كوردی و  توندوتیژی پیاو دژی ئافرەت
توندوتیژی لە بنەڕەتدا كردەیەكی هەڵەشەو دڵڕەقانەیە، بوار نەهێشتنەوەیە بۆ گفتوگۆ و لە یەكگەیشتن، هەموو نواندنێكی توندوتیژی ئاست و نیازی هەرچی بێ بەشداریكردنە لە كردەی كوشتن و بڕیاری مەرگ، چونكە لە پرۆسەی توندوتیژی دا دەشێ سەرەتا دەست بە جێبەجێكردنی کوشتنی مرۆڤ نەكرێ، بەڵام كۆتا ئامانج لە توندوتیژی مراندنی ئەویتر و دوورخستنەوەو سڕینەوەو لەناوبردنیەتی، ئەمە ئەو لێكدانەوەیە كە «جان ماری مۆلێر» بیرمەندی ناتوندوتیژی فەرەنسی بۆ توندوتیژی كردوویەتی.
توندوتیژی بەرامبەر ئافرەت هەمان، بەڵكو زیاتر لەو لێكدانەوەیە هەڵدەگرێت، چونكە ئافرەت هەروەك پیاو كیان و ژیانی تایبەتی خۆی هەیە، بەرپرسە لە كردەوەكانی خۆی و هیچ لۆژیكێك لەوەدا نییە پیاو وەك كۆیلە و پاشكۆی خۆی مامەڵەی لەگەڵ بكات و، هەر كاتێك بیەوێ وزەی شەڕانگێزی و ڕق و تووڕەیی خۆی بەسەردا ببارێنێ، ئەم كردەیە لەمپەرە لە بەرامبەر بەرقەراربوونی ئاشتی كۆمەڵایەتی، كۆسپە لە بەردەم پێشكەوتن، رێگرە لەبەردەم مافی مرۆڤ و دیموكراسی، چونكە گرنگترین پایەكانی مافی مرۆڤ و ئامانجەكانی دیموكراسی بریتیيە لە دان نان بە مافی مرۆڤەكان بە ئافرەت و پیاو لە سەرجەم بوارەكان و بەرقەرار كردنی ئازادی بۆ هەریەكەیان.
توندوتیژی بەرامبەر ئافرەت بریندار كردنی كیانی مرۆڤانەی ئافرەتە، دەستدرێژیكردنە بۆ سەر شوناس و كەسایەتی و ماف و شكۆ و بوونی مرۆڤانەی، ئەم كردەیە دیاردەیەكی جیهانيیەو لە زۆربەی كۆمەڵگەكاندا بە ئاست و جۆر و هۆكاری جیاواز ئەنجام دەدرێت، لە كۆمەڵگەی كوردی دا ڕەگ و ڕیشەی رۆچۆتە نێو سەرجەم گروپە كۆمەڵایەتیيەكان، بێگومان ئەمەش مێژوویەكی درێژی هەیە و بە قۆناغی جیاوازدا تێپەڕیوە، هەربۆیە ژینگەیەكی لەباری بۆ ساز دراوە و، بەها كۆمەڵایەتيیەكانیش یارمەتیدەرن بۆ برەودان بەم دیاردەیە ئەمەش بۆتە هۆی ئەوەی سترەكتۆری كۆمەڵایەتیی كۆمەڵگەی كوردی لەبار بێت و پشتگیری بكات لە دیاردەی توندوتیژی پیاو بەرامبەر ئافرەت.
سترەكتۆری هەر كۆمەڵگەیەك لەسەر چەندین پایە وەستاوە وەك بەها, پەروەردەو پێگەیاندنی كۆمەڵایەتی، یاسا نوسراو و نەنووسراوەكان، ڕەفتارە كۆمەڵایەتیيەكان، دامودەزگاو ڕێكخراوە فەرمی و نافەرمییەكان ، كە ئەمانەش دەبنە هۆی درووست بوونی كارلێكی كۆمەڵایەتی و دیاردە جیاوازەكان، سترەكتۆری كۆمەڵایەتی كۆمەڵگەی كوردی تێكەڵەیەكی ئاڵۆزە لە وردە كەلتوور و جۆراوجۆری ئیتنی و نەتەوەیی و بیروباوەڕی ئاینە جیاوازەكان، كۆی ئەم جیاوازیانە بۆتە هۆی ئەوەی پاشخانێكی كەلتووری دەوڵەمەندمان هەبێت لە هەموو ڕوویەكەوە،کە پێکەوە ژیانێکی ئاشتیانە هەموو ئەم جیاوازیانە کۆ دەکاتەوە دەکرێت پەرەی پێبدرێت بە میکانیزمی سەردەمانە، بەڵام بە هۆی پێگەی جوگرافی و باری ناسەقامگیری سیاسی و باڵا دەستی نەتەوەکانی دەوروبەرو توندوتیژی درێژخایەن بە دەستی داگیرکارانی کوردستان، کەلتوورێکی داسەپاو، هاوکات توندوتیژ بەرامبەر ئافرەت بونی هەیە، چونکە نابێت لە بیرمان بچێت توندوتیژی دژی ئافرەت لە کۆمەڵگەی کوردی دا هاوردەیەو ئێمە لە بنەڕەتدا کلتورێکمان هەیە کە رێزی لە ئافرەت گرتووەو ئازادی داوەتێ، کە ئەمەش سەرچاوە مێژووییەکان ئاماژەیان پێکردووە.
هەرچەندیش هەوڵەکان فراوان بن و فشارەكان زیاتربن بۆ كەم كردنەوەو، بنەبڕ كردنی ئەم دیاردە قێزەونە لە هەمان كاتدا چەندین كەس و گروپ هەن، كە بە شێوەیەكی ڕاستەوخۆو، ناڕاستەوخۆ دژایەتی نوێگەری و وەرگرتنی بەهای نوێ و مۆدێرن دەکەن و داكۆكی لەو بەها كۆمەڵایەتییانە دەكەن، كە هۆكاری سەرەكین بۆ بەردەوامی كۆمەڵگە لە دواكەوتوویی و لەو چوارچێوەیەشدا بەردەوامی توندوتیژی و لە هەمان كاتدا دەستباڵایی پیاو بەرامبەر ئافرەت, كە وەك ئامارەكان پیشانی دەدەن و ڕۆژانە دەیبینین بەردەوامی هەیە.
بۆ بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی پیاو بەرامبەر ئافرەت پێویستە لە خاڵی سەرەتاوە دەست پێبكەین، كە ئەویش بنەبڕ كردنی ئەو هزرەیە، كە ڕەوایەتی پێدەدات كە ئەویش هزری دەستباڵایی پیاوە، چونكە ئێمە لە كۆمەڵگەیەكدا دەژین لە سەرەتای هاتنە دنیای مرۆڤێكی نوێ ڕەگەزی نێر بە پەسەند دەزانرێت و ئازادی و دەستباڵایی پێدەدرێت ، هەرچەندە ئەمە لە خێزانەكاندا ڕێژەی جیاوازە واتە مەرج نییە هەموو خێزانەكان پەیڕەوی لە هەمان ئەم بنەمایە بكەن.
پێویستە لە رێگەی پەروەردەی خێزان و دامودەزگا پەروەردەییەكان و كەناڵە جیاوازەكانی پێگەیاندنی كۆمەڵایەتی دواتریش لە ڕێگای دامودەزگای یاسادانان و جێبەجێكردنەوە كاری جدی بكرێت بۆ ئەم مەبەستە، گرنگترین خاڵیش، كە پێویستە هەڵوەستەی لەسەر بكرێت و گرنگی زیاتری پێبدرێت خودی خێزانەو، بەڵكو پرۆسەی هاوسەرگیریيە كە دەبێتە هۆی درووستكردنی خێزان، كە پێویستە ئەم پرۆسەیە بە هەستیارييەوە مامەڵەی لەگەڵ بكرێت دوای ئاگاداربوون لە ئاستی هۆشیاری هەردوو لایەن و كردنەوەی خولی شیاندن بۆ هەردوو خوازیاری پرۆسەكەو تێگەیاندنیان لە هەستیاری پرۆسەكە پاشان رێگەپێدانیان بۆ ئەنجام دانی ژیانی هاوبەشی.
دواتریش لە ڕێگای دەزگا تایبەتمەندەكانەوە چاودێری بكرێن و ئەمەش بە مەبەستی سەركەوتوویی هاوسەرگیرییەكە و هاتنە كایەی خێزانێكی گونجاو كە بە پەروەردەیەكی سەردەمیانە نەوەكانیان پەروەردە بكەن و بۆ ئەوەی تاكی سەركەوتوو كەسی چالاك بن بەمەش پرۆسەی بە مەدەنیكردنی كۆمەڵگە لە تاكەكانەوە دەست پێدەكات و كۆمەڵگەیەكی مەدەنی و پێشكەوتوومان دەبێت، لێرەشدا خودی ئافرەتیش پێویستە هەوڵی خۆی بدات بۆ بنەبڕ کردنی ئەم دیاردەیە ئەویش لە رێگەی بێدەنگ نەبوون لە هەر توندوتیژیەک کە لە بەرامبەریان دەکرێت، خۆپێگەیاندن لە رووی هزری و رۆشنبیری، کار کردن و هەوڵدان بۆ دەسخستنی داهاتی سەربەخۆ و بەشداریکردن لە سەرجەم بوارەکان بەتایبەت بواری سیاسی بەم شێوەیەش ڕۆڵی خۆی ببینێت لە کۆمەڵگەدا وەک مرۆڤێکی خاوەن شوناس و یەکسان و هاوتای پیاو.

Top