بۆ بەڕێز هەڤاڵ ئەبووبەكر ئیرهابە فیكرییەكەی سلێمانی

بۆ بەڕێز هەڤاڵ ئەبووبەكر ئیرهابە فیكرییەكەی سلێمانی
تەوژمێكە بۆ شێواندنی ڕاستییەكان، خۆدزینەوەیە لە بەرپرسیارێتی، بەدێوكردنی ئەویتر و فریشتەكردنی خود لە هیچوخۆڕایی.
ئیرهابی فكری فكرێكی ئاراستەكراو و مونەزەمە، لەچەشنی فاشییەت و بەعس و داعشباوەڕی و نەژادپەرستی.
لەم ئیرهابە فكرییەدا میدیا و مەكینەكانی هۆنینەوەی درۆ و پڕۆپاگەندە و ژمارەیەك قەڵەم و عەقڵ كەوتوونەتە كار بۆ ئەوەی مانای ڕاستییەكان بشێوێنن.
كار لەسەر سپیكردنی ڕەش و ڕەشكردنی سپی دەكەن. لە ئیرهابی فكریدا دوو ڕەنگ هەیە ڕەنگی سێیەم نییە.
لە ئیرهابی فكریدا فەشەلی سیاسی و كۆمەڵایەتی و ئابووری و كوولتووری و ئەخلاقی لایەنێك دەخرێتە ئەستۆی لایەنێكی تر كە دەستی لەو فەشەلەدا نەبووە.
لە ئیرهابی فكریدا ئەوەی پێچەوانە بیر بكاتەوە كۆیلە و ناپاك و خۆفرۆشە. بە ئاسانی سووكایەتی بە خەڵك دەكرێت، بە جنێو وەڵامی ڕكابەر دەدرێتەوە، تەخوین دەكرێت. لە ئیرهابی فكریدا پەیوەندیی نێوان تاكەكان دەشێوێت، مرۆڤەكان بەشێوەیەكی دیكە لە چەمكی ئازادی و نان و دیموكراسی و مرۆڤ دەگەیێنرێن.
لە ئیرهابی فكریدا مرۆڤ ناچار دەكرێت گرژ و هەڵچوو و توندوتیژ بێت و دژی ئازادیی خۆی بجەنگێت، مرۆڤ فێری زبرگۆیی دەبێت، تەنگەنەفەسە و جاهیل، وا دەزانێ حەقیقەت تەنیا لەنێو جانتاكەی ئەودا دەدۆزرێتەوە.
ئیرهابی فكری فكرێكی ڕێكخراوە بۆ دژایەتیكردنی مرۆڤ و سەربەستییەكەی.
بەڕێز هەڤاڵ ئەبووبەكر لەبەر ئیرهابی فكری خۆیشت بوویتە قوربانی نەتتوانی پاسەوانی لەو دەنگانە بكەیت كە تۆیان وەك پارێزگار هەڵبژارد.
Top