شه‌ڕی گۆڕان و كۆمه‌ڵی ئیسلامی

شه‌ڕی گۆڕان و كۆمه‌ڵی ئیسلامی
ئه‌و شه‌ڕه‌ سیاسی و میدیاییه‌ی بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان و كۆمه‌ڵی ئیسلامی به‌ناوی نه‌بوونی شه‌فافی و بوونی گه‌نده‌ڵی به‌ پارتی ده‌فرۆشن، له‌ راستیدا شه‌ڕی به‌ره‌ی عێراقی بوونه‌ و به‌ ناوی نه‌بوونی شه‌فافی و بوونی گه‌نده‌ڵی به به‌ره‌ی كوردستانی بوون و خواستی‌ سه‌ربه‌خۆیی و ئامانجی دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌تی كوردی ده‌فرۆشرێ، هه‌ڵسووڕاو و بانگخوازانی ئه‌و دوو حزبه‌ ده‌ڵێن: شه‌فافی له‌ فرۆشی نه‌وت و داهاتی كوردستاندا نییه‌، له‌ هه‌مان كاتدا له‌سه‌ر فرۆشی نه‌وت و داهاتی كوردستان چه‌ندین ژماره‌ و داتا بڵاو ده‌كه‌نه‌وه‌، جا ئه‌گه‌ر شه‌فافی نییه‌ ئه‌و هه‌موو ژماره‌ و داتایانه‌ له‌ كوێ دێنن؟! لێره‌دا ئێمه‌ قسه‌ له‌سه‌ر بوون و نه‌بوونی شه‌فافی ناكه‌ین و ته‌نها ئه‌وه‌نده‌ ده‌ڵێین، ئه‌گه‌ر ژماره‌ و داتاكانتان راست بن، ئه‌وا هاتوهاواری نه‌بوونی شه‌فافیتان درۆیه‌، به‌ پێچه‌وانه‌شه‌وه‌ ئه‌گه‌ر هاتوهاواری نه‌بوونی شه‌فافیتان راست بێ، ئه‌وا ژماره‌ و داتاكانتان درۆی حزبین و به‌ مه‌به‌ستی گه‌وجاندنی خه‌ڵكی ساویلكه‌ دایان ده‌تاشن.
له‌سه‌ر بوونی گه‌نده‌ڵیش كه‌س نكولی له‌ بوونی گه‌نده‌ڵی ناكات، به‌ڵام ئه‌گه‌ر هه‌ڵسووڕاوه‌ دیار و بڕیار به‌ده‌سته‌كانی بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان و خودی رێكخه‌ری گشتی بزووتنه‌وه‌كه‌ وه‌ك نموونه‌ی گه‌نده‌ڵی و گه‌نده‌ڵكار وه‌ربگرین، شه‌رمه‌ ئه‌وانه‌ باسی گه‌نده‌ڵی و چاكسازی بكه‌ن كه‌ هه‌م گه‌نده‌ڵی و هه‌م چاكسازی له‌ به‌رژه‌وه‌ندی تایبه‌تی خۆیاندا پێناسه‌ ده‌كه‌ن، چونكه‌ تا ساڵی 2009 رێكخه‌ر و هه‌ڵسووڕاوه‌ دیا و بڕیار به‌ده‌سته‌كانی ئێستای بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان به‌شێك بوون له‌ گه‌نده‌ڵی و جومگه‌ گرنگه‌كانی حزب و حكومه‌تیان قۆرخ كردبوو، جیگری فه‌رمانده‌ی گشتی هێزی یه‌كێتی و پارێزگاری ئه‌وكاتی سلێمانی كه‌ له‌ گه‌نده‌ڵیدا داڕزابوون و ئێستاش ئاسه‌واری گه‌نده‌ڵیه‌كانیان ماوه‌، كادیره‌ باڵاكانی ئه‌وكاتی یه‌كێتی و هه‌ڵسووڕاوه‌ زۆر هه‌ڵسووڕاوه‌كانی ئێستای بزووتنه‌وه‌ی گۆڕانن، له‌ دوای ساڵی (2009)شه‌وه‌ كه‌ نه‌وشیروان مسته‌فا یه‌كێتی كه‌رت كرد و بزووتنه‌وه‌ی گۆڕانی درووست كرد، هه‌ر رۆژه‌ و به‌ جۆرێك پێناسه‌ی گه‌نده‌ڵی ده‌كا و به‌ سیسته‌می دوور و نزیكی له‌م حزب و ئه‌و حزب پرۆسه‌ی چاكسازی رێكده‌خات، بۆ نموونه‌:
بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان كاتیك له‌ پارتی نزیك ده‌بێته‌وه‌ په‌یوه‌ندیه‌كانی له‌گه‌ڵ یه‌كێتی تێكده‌دا و به‌ گه‌نده‌ڵ ناویان ده‌با و قووتی خه‌ڵك و سامانی گشتیان له‌ قوڕگ دێنێته‌ ده‌ره‌وه‌ و ده‌یانداته‌ دادگاش، كاتیكیش له یه‌كێتی نزیك ده‌بێته‌وه‌ و رێككه‌وتنی له‌گه‌ڵ واژۆ ده‌كات، ئه‌و نزیك بوونه‌وه‌ و رێككه‌وتنه‌ دژی پارتی به‌كار دێنێ و رووی راگه‌یاندنه‌ چه‌واشه‌كاریه‌كه‌ی له‌ پارتی ده‌كا و له‌گه‌ڵ یه‌كێتییه‌ گه‌نده‌ڵه‌كه‌ی دوێنێ كۆتایی به‌ بڕیاری تاكڕه‌وی سیاسی دێنێ و هه‌ر به‌ جووته‌ش گه‌نده‌ڵی بنبڕ ده‌كه‌ن، جا كه‌سێك له‌ژێر رۆشنایی په‌یوه‌ندیه‌ سیاسیه‌كان پێناسه‌ی گه‌نده‌ڵی بكا و كۆنه‌قین له‌گه‌ڵ خوێنی تێكه‌ڵ بووبێ و تۆڵه‌ی شكستی سیاسیش بكاته‌ مه‌رجی به‌ره‌و پێشچوونی پرۆسه‌ی چاكسازی، نه‌ك هه‌ر مه‌به‌ستی چاكسازی و بنبڕ كردنی گه‌نده‌ڵی و شه‌ڕی گه‌نده‌ڵكاران نییه‌، به‌ڵكو خۆی ده‌بێته‌ سه‌رقه‌تاری گه‌نده‌ڵكاران و مۆته‌كه‌ی چاكسازی.
كاتیكیش باس له‌وه‌ ده‌كرێ گوایه‌ نه‌وشیروان مسته‌فا دژی نه‌بوونی شه‌فافی و بوونی گه‌نده‌ڵی و خه‌مخۆری مووچه‌ی مامۆستا و فه‌رمانه‌به‌رانه‌، دووره‌ له‌ راستی و ده‌یه‌وێ به‌و ناوه‌وه‌ شه‌ڕی سه‌ربه‌خۆیی كوردستان بكات و به‌ پێی خاڵ و به‌نده‌كانی ریككه‌وتنه‌ نهێنیه‌كه‌ی له‌گه‌ڵ نوری مالیكی و دژه‌ كورده‌كانی تری به‌غدا ده‌ست به‌ ئه‌ڵقه‌ی یه‌كپارچه‌یی خاكی عێراقه‌وه‌ بگرێ، ناردنی وه‌فدی حزبی وه‌ك هه‌ڕه‌شه‌ له‌ لایه‌نێكی دیایركرا و بۆ به‌غدا و دواتر هینانی نوری مالیكی مووچه‌بڕ بۆ سلێمانی و پێشوازی لێكردنی وه‌ك هه‌ڕه‌شه‌یه‌كی تر له‌ هه‌مان لایه‌ن، باشترین دوو نموونه‌ی عێراقی بوون و شه‌ڕ فرۆشتنیه‌تی به‌ كوردایه‌تی و كوردستانی بوون.
نه‌وشیروان مسته‌فا بۆ جیبه‌جێ كردنی رێككه‌وتنه‌ شاراوه‌كه‌ی له‌گه‌ڵ نووری مالیكی و پیشاندانی نیه‌تپاكی و بڕوا بوون به‌ یه‌كێتی خاكی عێراق، خواستی شه‌ڕانگێزی و شه‌ڕ فرۆشتنی به‌ كوردستانی بوون تێكه‌ڵ به‌ داوای خه‌ڵك ده‌كا و نایشارێته‌وه‌ و به‌ خۆپیشانده‌ران ده‌ڵێ: كه‌ جێبه‌جێ كردنی داواكانتان له‌ عێراقی بوون و گه‌ڕانه‌وه‌ دایه‌ بۆ به‌غدا، به‌دیهێنانی داوایه‌كی له‌و شێوه‌یه‌ ئه‌گه‌ر بشكرێ له‌سه‌ر حیسابی ده‌ستبه‌ردار بوون ده‌بێ له‌ ماف و ئازادیه‌ نه‌ته‌وه‌ییه‌كان، چونكه‌ هه‌موومان ده‌زانین كه‌ نوری مالیكی بڕینی بودجه‌ و مووچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی كوردستانی وه‌ك چه‌كێك دژ به‌ ده‌ستكه‌وته‌ نه‌ته‌وه‌ییه‌كانی كورد به‌كارھێنا، له‌وه‌شدا مه‌به‌ستی بوو كورد له‌وه‌ زیاتر پێ رانه‌كێشێ و به‌ره‌ به‌ره‌ ده‌ستكه‌وته‌كانیشی لێ وه‌ربگرێته‌وه‌، به‌ڵام هه‌رگیز بیری له‌وه‌ نه‌كردۆته‌وه‌ له‌ كوردستان لایه‌نی ئه‌وه‌نده‌ خۆ به‌ده‌سته‌وه‌ده‌ر هه‌بن و داوای كه‌رتكردنی كوردستان و گێرانه‌وه‌ی كه‌رتێكی بكه‌ن به‌ره‌و به‌غدا، وه‌ك ئه‌وه‌ی نه‌وشیروان مسته‌فا له‌ رێگای ئارام شێخ محه‌مه‌ده‌وه‌ ویستی ئه‌گه‌ر هه‌موو كوردستانیش نه‌باته‌وه‌ باوه‌شی به‌غدای كیمیا و ئه‌نفال، ئه‌وا به‌ناوی چاره‌سه‌ری مووچه‌ی مووچه‌خۆران لانی كه‌م سلێمانی و سلێمانییه‌كان به‌رێته‌وه‌ به‌ر ده‌رگای مووچه‌ بڕان، به‌وه‌ش نه‌وشیروان مسته‌فا نه‌ك خه‌ونی نوری مالیكی و حه‌نان فه‌تلاوی و هاوبیره‌كانیان له‌ سنووردانان بۆ پێ رانه‌كێشانی زیاتری كورد دێنێته‌دی، به‌ڵكو به‌و هه‌نگاوه‌ی ده‌یه‌وێ به‌ به‌غدا بڵێ: چه‌ندی ئێوه‌ بازنه‌ی مووچه‌ بڕین و قووتی خه‌ڵك ته‌سكتر بكه‌نه‌وه‌، منیش ئه‌وه‌نده‌ زیاتر ده‌توانم پێ به‌ كورد خڕتر بكه‌مه‌وه‌ و خواستی به‌ جاش كردن لای گۆڕانخواز و هه‌ڵسووڕاوانم فراوانتر بكه‌م،
Top