زۆر به ساده‌یى.. جیاوازى نێوان جنێو و ره‌خنه
November 19, 2016
وتار و بیروڕا
هه‌رگیز جنێو نابێته هۆكارى چاككردنى كه‌موكورِییه‌كان، چونكه جنێودان هه‌نگاوى سه‌ره‌تایى راكێشانى ده‌ستى به‌رامبه‌ره بۆ ئه‌وه‌ى هه‌مان ره‌فتار كه پێى ده‌گوترىَ ( كاردانه‌وه - reaction) ئه‌نجام بدات و خۆ له چاره‌سه‌كردنى ئه‌و كێشه‌یه بدزێته‌وه كه له پێناویدا جنێوى پىَ دراوه. بۆیه ئه‌وانه‌ى جنێو به‌یه‌كترى ده‌ده‌ن و سه‌ركرده و سیاسییه‌كانى یه‌كترى به قسه‌ى سووك ناشرین ده‌كه‌ن، ده‌بىَ بزانن كه یه‌كێك له لێكه‌وته خراپه‌كانى ئه‌م هه‌نگاوه ئه‌وه‌یه كه سیاسییه‌كان گوىَ نه‌گرن، مافى خۆشیانه گوىَ له جنێو و قسه‌ى سووك نه‌گرن. بۆیه ئه‌گه‌ر مه‌به‌ست له‌و جنێوانه ئه‌وه‌یه بتوانین فشار دروست بكه‌ین بۆ ئه‌وه‌ى باشتر بین له ئێستا و كه‌موكورِییه‌كان چاره‌سه‌ر ببن، دڵنیا بن ئه‌وه رێگه‌یه‌كى هه‌ڵه‌مان بۆ گه‌یشتن به‌و ئامانجه گرتۆته به‌ر.
ره‌خنه دووره له جنێودان، راسته ره‌خنه بێزاركه‌ره، زه‌حمه‌ته هیچ لایه‌نێك ره‌خنه‌ى پىَ خۆش بىَ، به‌ڵام لایه‌نى كه‌م ده‌توانىَ دیوى دیكه‌ى پرسه‌كان ببینىَ. تۆ كاتێك ره‌خنه له بابه‌تێك، پرۆژه‌یه‌ك، سیاسه‌تێك، هه‌ڵوێست و ره‌فتارێك ده‌گرى، بێگومان دیوه خراپ و ناشرینه‌كه‌ى پیشان ده‌ده‌ى كه ره‌نگه به لاى خاوه‌نه‌كه‌ى نه‌زانراو بىَ یان نه‌یه‌وىَ بیزانىَ. بۆیه تۆ به ره‌خنه گرتن هه‌م به‌رامبه‌ره‌كه‌ت له دیوه‌كه‌ى دیكه ئاگادار ده‌كه‌یته‌وه، هه‌م پێشى ده‌ڵێى كه وریابه ئێمه دیوه‌كه‌ى دیكه ده‌بینین، وا نه‌زانى كه شاراوه‌یه. ئه‌گه‌ر به‌م ساده‌ییه له ره‌خنه تىَ بگه‌ین، ده‌توانین سوودى زۆرى لىَ وه‌ربگرین.
بۆیه به برِواى من جنێودان و یه‌كترى ناشرین كردن له كورتترین مانایدا هه‌گبه به‌تاڵى و بىَ ئه‌رگومێنتى خاوه‌نه‌كه‌ى ده‌رده‌خات، هه‌روه‌ها هێمایه بۆ لاوازى و كه‌م مه‌عریفه‌یى بكه‌ره‌كانى. ئه‌گه‌ر ده‌تانه‌وىَ به‌ره‌و باشتر برِۆین، به‌رده‌وام بن له ره‌خنه‌گرتنى جددى و خۆتان دوور بگرن له قسه‌ى سووك و جنێودان، له هه‌ر كۆمه‌ڵگه‌یه‌ك ره‌خنه نه‌بوو، دڵنیابن دیموكراسى نیه، له هه‌ر كۆمه‌ڵگه‌یه‌ك ده‌نگى جیاواز و نه‌خێر نه‌بوو، دڵنیابن ئه‌و كۆمه‌ڵگه‌یه كراوه و ئازاد نیه و ناتوانىَ تا سه‌ر له‌سه‌ر ئه‌و شێوازه به‌رده‌وام بىَ.
پێم وایه ئێمه له كوردستان هه‌نگاوى باشمان له‌سه‌ر رێگه‌ى بونیادنانى كۆمه‌ڵگه‌یه‌ك كه ره‌خنه‌ى تێدابىَ هاویشتووه. به‌ڵام به داخه‌وه خه‌ریكه جنێودان و یه‌كترى ناشرین كردن به تایبه‌ت له فه‌یس بووك و له لایه‌ن گه‌نجانه‌وه كه هه‌ندێكیان به هه‌ڵه له خۆشه‌ویستى بۆ حزب و لایه‌نه‌كانیان گه‌یشتوون و هه‌ندێكیشیان دنه ده‌درێن و نوێنه‌رایه‌تى دیوى ناشرین و پرِ كینه ى شاراوه‌ی ئه‌و سیاسیه قات له‌به‌رانه‌مان پىَ پیشان ده‌ده‌ن كه له په‌ناى په‌رده‌وه هانى ئه‌و گه‌نجه به‌د به‌خت و نه‌زانانه ده‌ده‌ن، خه‌ریكه ئه‌و ته‌وژمه جنێو فرۆشانه ئه‌و هه‌نگاوه جوانه‌نانه ته‌ڵخ و ناشرینیان ده‌كه‌ن. باشترین كار كه من له ده‌ستم بىَ ئه‌وه‌یه كه هه‌موو جنێو فرۆشێك له لاى خۆم بلۆك بكه‌م، جا ئه‌گه‌ر په‌یج بن بێگومان لایكى خۆم ده‌كێشمه‌وه و ئه‌گه‌ر تاكه كه‌سیش بن بلۆكێكه و ئاسان.