كۆمەڵگە دابەش مەكەن
November 16, 2016
وتار و بیروڕا
دوای 1991 فرە حزبی لە پەنای فرە پێكهاتەدا چووە قۆناغێكی دی، كەلتووری پێكەوەژیان دەرفەتی بۆ نەشونماكردنی بزاڤی سیاسی پێكهاتەكان رەخساند، جێگەی خۆشحاڵییە كە لە كوردستاندا جیاوازی هەیە، بەڵام ئەو جیاوازییە پەرەی نەسەندووە بۆ حاڵەتی توندوتیژی و پێكدادانی نێوان پێكهاتەكان.
كۆمەڵگەی كوردستان لەگەڵ ئەو هەموو غەدرەی لێیكراوە، داگیركەران چی لە دەستیان هات بۆ چاندنی تۆوی فیتنەگێڕی كردیان، بەڵام كۆمەڵگە هەر وەك خۆی مایەوە، ئەوەی ئێستا كار لەسەر پارچە پارچەكردنی كۆمەڵگە دەكات، حزبە نەك جیاوازی ئایین و نەتەوە، حزبی كوردی هەموو هێز و توانای خۆی بۆ دەسكەوتی حزبی خستۆتەگەڕ، حزب لە جیاتی ئەوەی بیر لە چارەسەری ئەو نەهامەتییەی بەسەر خەڵكی كوردستاندا هاتووە بكاتەوە، بەلای ئەوەدا چووە ناڕەزایی خەڵك بۆ خۆی بقۆزێتەوە، حزب لێناگەڕێ داوای رەوای خەڵك وەك خۆی بە خۆڕسكی بمێنێتەوە، خەڵك هەقی خۆیەتی داوای مافی خۆی بكات كە مافێكی رەوایە، راستە لە كوردستان گەندەڵی هەیە و كەسانێك ناهەقییەكی زۆریان بەرامبەر بە خەڵك كردووە، بەڵام نابێ حزب كۆمەڵگە بەسەر بایكۆت دەكات و بایكۆت ناكات دابەش بكات، فەرمانبەران و مامۆستایانی هەولێر و دهۆك كە خۆپیشاندان ناكەن مانای ئەوەنییە ناڕەزاییان نییە، داوای فەرمانبەران لە سلێمانێ رەوایە، بەڵام ئەوەی ناڕەوایە حزب بۆ مەرامی خۆی خەڵك بەكاربێنێ، حزبی هوتاف كێشان و وتاردان، بە خەڵك دەڵێ هاوار بۆ عەبادی ببەن، مالكیش وەڵام دەداتەوە و دەڵێ شتێك لە دەستووری عێراقدا بەناوی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم نییە.
ئەگەر دەرسی حزب نەبێ، مێرمنداڵێك بۆ غەدری لێبكرێ و لەناو خۆپیشاندەراندا، دروشمێكی بدرێتە دەست كە لێی نووسراوە كوردستانمان ناوێ عێراقمان دەوێ، نوێترین پێشنیاری بزووتنەوەی گۆڕانیش ئەوەیە بەغدا راستەوخۆ مامەڵە لەگەڵ پارێزگای سلێمانی بكات، سلێمانی داهات بباتە بەغدا و مووچە وەربگرێ، ئەوە داوای حزبە نەك خەڵك، حزب بوەستە لە پێناوی دەسكەوتی حزبی هەموو شتێك دەكەی، بەڵام نابێ چیدی خەڵك وەك كارتی گوشار بۆ دەسكەوتی حزبی بەكاربێنی، دژایەتیكردنی گەندەڵی و ناعەدالەتی رەوایە، بەڵام هەڕاجكردنی خەباتی مەدەنی و دەنگی ناڕەزایی شەرمەزارییە، داواكاری خەڵك رەوایە و داوای حزبیش ناڕەوا.