نه‌وشیروان مسته‌فا كه‌ركوك به‌ ته‌نیا جێناهێڵێ

نه‌وشیروان مسته‌فا كه‌ركوك به‌ ته‌نیا جێناهێڵێ
خه‌ڵك تا ئێستاش له‌ حیكمه‌تی سیاسی نه‌وشیروان مسته‌فا نه‌گه‌یشتووه‌، له‌ ئه‌نجامی بێئاگایی خه‌ڵك و ئه‌و تێنه‌گه‌یشتنه‌ش له‌ حیكه‌مه‌ته‌ سیاسیه‌كانی زۆر جاران ره‌خنه‌ی نابه‌هه‌ق له‌ هه‌ڵوێست و بیروبۆچوونه‌كانی ده‌گیرێ، دوا ره‌خنه‌ كه‌ ئاڕاسته‌ی كرا له‌سه‌ر پرۆژه‌ی دابڕاندنی پارێزگای سلێمانییه‌ له‌ كوردستان و گێرانه‌وه‌یه‌تی بۆ سه‌ر به‌غدای ئه‌نفال و كیمیا، ئه‌و پرۆژه‌یه‌ی بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان كه‌ نه‌وشیروان مسته‌فا وه‌ك هه‌موو پرۆژه‌كانی تری له‌ هه‌نده‌رانه‌وه‌ رێنمایی بۆ ده‌رده‌كات، له‌ خه‌ڵكی وایه‌ پرۆژه‌یه‌كی نادرووسته‌ و وا ده‌زانن مه‌به‌ستی مووچه‌ی مامۆستایان و فه‌رمانبه‌رانی سلێمانییه‌، به‌ڵام له‌ راستیدا وا نییه‌ و نه‌وشیروان مسته‌فا ده‌یه‌وێ به‌ناوی مووچه‌ی مامۆستایان و فه‌رمانبه‌رانی سلێمانی شیعه‌ هاوپه‌یمانه‌كانی له‌ به‌غدا بگه‌وجێنێ، لێره‌دا پرسیاری ئه‌وه‌ درووست ده‌بێ ئه‌گه‌ر مه‌به‌ستی مووچه‌ی مامۆستایان و فه‌رمانبه‌رانی سلێمانی نییه‌، ئه‌ی مه‌به‌ستی چییه‌؟
هه‌موومان ده‌زانین كه‌ نوری مالیكی ماوه‌یه‌ك به‌ر له‌ ئێستا هه‌ڕه‌شه‌ی ئه‌وه‌ی كرد دوای شه‌ڕی داعش هێز ده‌نێرێته‌وه‌ كه‌ركوك و ناوچه‌ كوردستانیه‌كانی تری ده‌ره‌وه‌ی هه‌رێم داگیر ده‌كاته‌وه‌، جگه‌ له‌وه‌ش به‌غدا له‌ رووی شایسته‌ داراییه‌كانه‌وه‌ غه‌در له‌ كه‌ركوك ده‌كات، نه‌وشیروان مسته‌فاش وه‌ك سیاسییه‌ك له‌ ناوه‌ڕاستی شه‌سته‌كانی سه‌ده‌ی رابردووه‌وه‌ زۆر جاران له‌گه‌ڵ به‌غدا ژیاوه‌ و ئه‌زموونێكی زۆری له‌سه‌ر فێڵ و پاشقوله‌كانی عه‌ره‌ب كۆ كردۆته‌وه‌، باش ده‌زانێ شه‌ڕی داعش و گه‌ڕانه‌وه‌ی هێزه‌ میلیشیاكانی نوری مالیكی بۆ كه‌ركوك، خه‌ڵكی كه‌ركوك به‌ ته‌نیا ناتوانن به‌رگری له‌ خۆیان بكه‌ن، جا نه‌وشیروان مسته‌فا له‌ گێڕانه‌وه‌ی سلێمانی مه‌به‌ستی ئه‌وه‌یه‌ كه‌ركوك به‌ ته‌نیا نه‌بێ و سلێمانی بكاته‌ پشتوپه‌نای، ئه‌وكات سلێمانی و كه‌ركوك به‌ یه‌كه‌وه‌ ده‌توانن له‌ رووی به‌غدا و نوری مالیكی بوه‌ستنه‌وه‌ و به‌رگری له‌ شایسته‌ دارایی و سیاسی و ته‌نانه‌ت نه‌ته‌وه‌ییه‌كانیش بكه‌ن، ئه‌گه‌ر بگه‌ڕێینه‌وه‌ بۆ مێژووی ناوه‌راستی شه‌سته‌كانی سه‌ده‌ی رابردوو تا ساڵی 1970 و چاوێك به‌ گۆڤاری رزگاری كه‌ نه‌وشیروان مسته‌فا خاوه‌ن ئیمتیازی بوو بگێڕین، بۆمان ده‌رده‌كه‌وێ كه‌ له‌و گۆڤاره‌دا به‌ په‌لاماردانی پێشمه‌رگه‌ و شۆڕشی كورد، چۆن و به‌ چ زه‌حمه‌ت و ماندوو بوون و ده‌رده‌سه‌ریه‌ك توانیویه‌تی شایسته‌ دارایی و سیاسی و میدیایی و نه‌ته‌وه‌ییه‌كانی خه‌ڵكی كه‌ركوك و سلێمانی بپارێزێ‌!
نه‌وشیروان مسته‌فا هه‌موو ژیانی حیكمه‌تی سیاسییه‌ و به‌ڵام خه‌ڵك په‌ی به‌ حیكمه‌ته‌كانی نابات، حیكمه‌تی كه‌رتكردنی یه‌كێتی و په‌لاماردانی تاڵه‌بانی، شاردنه‌وه‌ی مێژووی نیوسه‌ده‌ له‌ خیانه‌ت و تیرۆر و پاكتاوی نه‌ییاره‌ سیاسیه‌كانی بوو، حیكمه‌تی پشت رێككه‌وتنه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ یه‌كێتی، رشتنی كۆنه‌قین و تۆڵه‌ كردنه‌وه‌ی شكسته‌كانی بوو له‌ پارتی، هه‌موو هه‌ڵاتنێك و جێهێشتنی وڵاتیش حیكمه‌تی ئاژاوه‌گێڕی له‌ پشته‌، هێنانی نوری مالیكی و ئه‌و پێشوازیه‌ گه‌رموگوڕه‌ی لێیكرد، دوا حیكمه‌تی سیاسی نه‌وشیروان مسته‌فایه‌ و به‌و قۆناغبه‌ندیه‌ی بۆی كردووه‌ له‌ حیكمه‌ته‌ سیاسیه‌كانی تری جیا ده‌كرێته‌وه‌، تا ئێستاش چه‌ند قۆناغێكی به‌ شكستخواردوویی به‌ڕێ كردوون و دوا قۆناغی ئه‌و حیكمه‌ته‌ سیاسیه‌شی گێڕانه‌وه‌ی هه‌رێمی كوردستان بوو بۆ به‌رده‌رگای حه‌وشه‌ مه‌زهه‌بیه‌كه‌ی نوری مالیكی، له‌وه‌ش شكستی خواردوو بۆیه‌ ئێستا به‌ گێڕانه‌وه‌ی سلێمانی رازی بووه‌.
Top