هه‌ڕه‌شه‌كانی ئێران و هه‌ڵوێستی لایه‌نه‌كانی باشووری كوردرستان
November 12, 2016
وتار و بیروڕا
كاتێك نووری مالیكی بڕینی مووچه‌ی فه‌رمانبران و بودجه‌ی حكومه‌تی هه‌رێمی وه‌ك چه‌ك دژ به ئامانجه نه‌ته‌وه‌ییه‌كانی كورد به‌كار ده‌هێنا، هه‌ر ئه‌و حزب و لایه‌نانه وه‌ك ناوبژیوانێكی ساخته و لایه‌نداری نوری مالیكی خۆیان ده‌ر‌ده‌خست و رووقایمانه ده‌یانگوت: حكومه‌تی هه‌رێم له‌گه‌ڵ به‌غدا راستگۆ نییه و به رێككه‌وتنه‌كانه‌وه پابه‌ند نابێ.
كاتێكیش نوری مالیكی رایده‌گه‌یاند كه دوای شه‌ڕی داعش سوپا و حه‌شدی شه‌عبی دێته‌وه هه‌موو ئه‌و ناوچه كوردستانیانه‌ی كه له سه‌رده‌می رژێمی به‌عس به عه‌ره‌ب كراون و به خوینی پێشمه‌رگه له ده‌ست داع ده‌رهێنرانه‌وه‌ه، هه‌ر ئه‌و حزب و لایه‌نانه وه‌ك ئه‌وه‌ی ئه‌و ناوچانه كوردستانی نه‌بن بێده‌نگیان هه‌ڵبژارد و به سووكه به‌یاننامه‌یه‌كیش خۆیان نه‌كرد به خاوه‌نی ناوچه ئازاد كراوه‌كان، له‌وانه‌ش خراپتر له ململانه ناوخۆییه‌كاندا هاوپه‌یمانی و نزیك بوونه‌وه‌یان له به‌غدا وه‌ك كارت به‌كاردێنا، به‌وه‌شه‌وه نه‌ده‌وه‌ستان و زۆر جاران هه‌ڕه‌شه‌ی ئه‌وه‌یان ده‌كرد لای دادگای عه‌ره‌بی سكاڵا له‌سه‌ر كورد تۆمار بكه‌ن.
له ئێستاشدا كه له‌سه‌ر زاری ره‌حیم سه‌فه‌وی گه‌وره راوێژكاری سه‌ربازی عه‌لی خامنه‌یی هه‌ڕه‌شه له حكومه‌تی هه‌رێم و ده‌ستكه‌وته‌كانی ده‌كرێ، هه‌ر ئه‌و لایه‌نانه وای ده‌رده‌خه‌ن كه هه‌ڕه‌شه‌كانی ئه‌و گه‌وره راوێژكاره ئاڕاسته‌ی بارزانی كراون و له‌سه‌ر كورد نابنه مه‌ترسی، وه‌ك پاساو هێنانه‌وه‌ش بۆ ره‌واییدان به هه‌ڕه‌شه‌كانی ره‌حیم سه‌فه‌وی نیگه‌رانی خۆیان ده‌رده‌بڕن و تۆمه‌تی تێكچوونی په‌یوه‌ندیه‌كان له‌گه‌ڵ ئێران ده‌خه‌نه پاڵ سه‌رۆك بارزانی، ئه‌وه له كاتێكدایه له هه‌ڕه‌شه‌كانی گه‌وره راوێژكاره‌كه‌ی عه‌لی خامنه‌ییدا ناوی حكومه‌تی هه‌رێم هاتووه نه‌ك سه‌رۆك بارزانی.
ئه‌وه‌ی مایه‌ی سه‌رسووڕمانه له هه‌ڵوێستی ئه‌و لایه‌نانه ئه‌وه ده‌خوێندرێته‌وه كه خۆیان به خاوه‌نی حكومه‌تی هه‌رێم و ده‌ستكه‌وته‌كان نازانن و ئاماده‌ش نین به‌رگریان لێبكه‌ن، ئه‌و پرسیاره‌ی پێویسته تاكی كورد به‌دوای وه‌ڵامه‌كه‌یدا بگه‌ڕێ، ئه‌گه‌ر كه‌سێك خه‌ونێكی ناخۆش ببینێ ئه‌و لایه‌نانه بۆ تاوانبار كردنی حكومه‌تی هه‌رێم و به تایبه‌ت پارتی دیموكراتی كوردستان، به‌یاننامه و راگه‌یه‌ندراوی له‌سه‌ر بڵاو ده‌كه‌نه‌وه و پرۆژه‌ش بۆ دووباره نه‌بوونه‌وه‌ی ئه‌و خه‌ونه ئاماده ده‌كه‌ن، یان ئه‌گه‌ر كه‌سێك هه‌وره‌تریشقه لێیبدا ئه‌و لایه‌نانه ده‌ڵێن: حكومه‌ت بێپلانه و بۆ پاراستنی گیانی هاوڵاتیان ده‌بووایه ده‌زگایه‌كی تایبه‌ت به ئاشكرا كردنی هه‌وره‌تریشقه‌ی دانابا، ئه‌ی بۆچی له ئاست شه‌ڕانگێزیه‌كانی نوری مالیكی و هه‌ڕه‌شه‌كانی ره‌حیم سه‌فه‌وی خۆیان كردووه به كه‌ڕه‌ی شه‌ربه‌تفرۆش؟! وه‌ڵامی درووستی ئه‌و پرسیاره ده‌مانخاته دونیایه‌ك گومانه‌وه.
گومان له‌وه‌دا نییه كه نوری مالیكی و ره‌حیم سه‌فه‌وی مێرووی یه‌ك كونن و له گۆشه‌نیگایه‌كی سیاسی دیاریكراو و هاوبه‌شه‌وه له چاره‌سه‌ری پرسی كورد و هه‌ڵوێستی حزب و لایه‌نه‌كانی كوردستان و یه‌كه یه‌كه‌ی سه‌ركرده و سیاسیه‌كانی كورد ده‌ڕوانن، گومانیش له‌وه‌دا نییه ئه‌و گۆشه‌نیگا سیاسییه‌ش پاشخانێكی مه‌زهه‌بی توندڕه‌وی له پشته و له‌گه‌ڵ هیچ پێشكه‌وتن و خواست و داواكارییه‌كی ده‌ره‌وه‌ی خۆی هه‌ڵناكات، هه‌ڵوێسته‌كانی سه‌رۆك بارزانیش هه‌ڵوێستی نه‌ته‌وه‌یین و بۆ چاره‌سه‌ری پرسی كورد له ده‌ره‌وه‌ی ئه‌و پاشخانه مه‌زهه‌بییه توندڕه‌وه هه‌نگاو ده‌نێ، ئه‌وه‌ش وایكردووه نوری مالیكی و ره‌حیم سه‌فه‌وی ته‌نگاو ببن و دوور له واقعی رووداوه‌كانی ناوچه‌كه و سیاسه‌تی ئه‌مڕۆی كۆمه‌ڵگه‌ی نێو ده‌وڵه‌تی بكه‌ونه وڕێنه‌ی سیاسی، ئه‌و حزب و لایه‌نانه‌ش وه‌ك پاكانه و بۆ رازیكردنی تاران و به‌غدا ده‌یانه‌وێ ره‌وایی به گه‌ف و هه‌ڕه‌شه‌كانی نوری مالیكی و ره‌حیم سه‌فه‌وی بده‌ن و به‌و پاكانه كردنه‌ش به تاران و به‌غدا بڵێن: ئه‌وه (بارزانی)یه به هه‌ڵوێسته نه‌ته‌وه‌ییه‌كانی ئێوه‌ی دۆست و پشتوپه‌نای ئێمه‌ی نیگه‌ران كردووه و ئێمه له‌و هه‌ڵوێستانه‌ی بارزانی بێبه‌رین.