مێرووی كونێكن

مێرووی كونێكن
راستە ململانێی نێوان سوننە و شیعە، مێژوویەكی دوورودرێژی هەیە، بەڵام دنەدانی ئەو دوو مەزهەبە و خۆشكردنی ئاگری نێوانیان، وایكردووە سوودمەندی یەكەم تورك فارس و زیانوێكەوتووی یەكەمیش كورد بێت، لە عێراقدا ململانێی مەزهەبی، نەبۆتە هۆیەك كورد بتوانێ لە پەنای ئەو ناكۆكییە دیرۆكییەدا خۆی دەرخات، لە كاتێكدا كورد لەو وڵاتە وەك نەتەوە نەك مەزهەب پێناسە كراوە، دوای دروست بوونی دەوڵەتی عێراق لە 1921 تا 2003 سوننە دەسەڵاتداربوو، بەڵام بەعەرەبكردنی خاكی كوردستان هەر بەردەوام بوو، چونكە دەوڵەت لە خزمەتی عەرەبدا بووە، ئەگەر مەسەلە مەزهەب بوایە، خۆ كوردیش سوننەن ئەی بۆچی دەوڵەتی سوننە وای بەسەرهێنا.
دوای 2003 كورد پێی وابوو لەگەڵ شیعە هاوپەیمانە، چەوساوەی دەستی زۆردارێكن، بۆیە لە سەرەتای عێراقی بەناو نوێ، زیاتر مەیلی بەلای شیعەدا بوو، تەنانەت نووسینەوەی دەستوور بە جۆرێك بوو، زیاتر هەوڵی شیعە و كوردی پێوە دیار بوو، شیعەش بەپێی ئەو دەستوورە زۆرترین دەسەڵاتی پێبڕا، لێ شیعە نەیتوانی هاوسەنگیی رابگرێ و لە سەردەمی نوری مالكی سەرۆك وەزیران دا، بەتەواوی پشت لە دەستوور كرا، بەعەرەبكردنی كوردستان لە ژێر پەردەی جیاجیا بەردەوامیی پێدرا و قوتی خەڵكی كوردستانی بڕدرا.
لە هەمووی سەیرتر لەو گێژاوەی عێراقدا، حزبەكانی كوردستان لەبەر بەرژەوەندیی خۆیان، دوو تێڕوانینیان بۆ عەرەب دروست كردووە، حزبی كوردی لەگەڵ كام مەزهەب بێت، هەوڵ دەدات ئەو مەزهەبە لای خەڵكی كوردستان جوان و شیرین بكات و مەزهەبەكەی دیكەش ناشرین، ئێستا ئەو مەسەلەیە، بەداخەوە لە ڕێی پەروەردەی سەقەتی حزبایەتییەوە شۆڕبۆتەوە بۆ جەماوەری حزبەكان، ململانێی حزبی وایكردووە، ئەو دوو تێڕوانینە زیاتر زەقبێتەوە، حزبی كوردی ناكۆكیی مێژوویی سوننە و شیعە، بۆ ئەوە ناقۆزێتەوە پەرە بەپێگەی كوردستان بدات، بەڵكو كار لەسەر ئەوە دەكات، چۆن ئەو ناكۆكییە مەزهەبییە بخاتە قازانجی خۆی، تا پارتی و یەكێتی لە بەغدا پێكەوە كاریان كرد، هێندە هەست بەو دوو تێڕوانینە نەدەكرا، بەڵام دوای ئەوەی سەرەتای ناكۆكیی ناو یەكێتی، بەناوی باڵی ریفۆرم دەركەوت و دواتر بزووتنەوەی گۆڕان دروست بوو، لە رێی میدیاوە كار لەسەر لێك دووركەوتنەوەی پارتی و یەكێتی كرا.
كاتێ كورد زیاتر بەلای شیعەدا كەوتبوو، ئەو میدیایە كاری لەسەر ئەوە دەكرد، كورد لەگەڵ سوننەدا بێت، چونكە كێشەی خاكمان لەگەڵ سوننە هەیە، بەڵام ئێستا بەرژەوەندیی ئەو حزبە لەوەدایە، خۆی بە هاوپەیمانی شیعە و دژی سوننە پیشان بدات، ئەم تێڕوانینە باڵێكی یەكێتیشی وەگەڵ خۆی داوە. پێشمەرگە رووبەرێكی زۆری خاكی داگیركراوی بەخوێن وەرگرتۆتەوە، پرسیار ئەوەیە لە سایەی دەوڵەتێكی مەزهەبیدا كە ئێران بە قووڵایی سترتیژی خۆی دەزانێ، بۆ چارەسەركردن كێ بدوێنین؟ لە راستیدا هەردووكیان بەرامبەر كورد یەك شتن و یەك تێڕوانینیان هەیە، كورد گوتەنی مێرووی كونێكن، ئەدی حزبی كوردی خەریكی چییە و بەتەمایە كەی وەئاگابێتەوە؟!
Top