ئەو هاوکێشەی لەبەردەم پارتی وەستاوەتەوە

ئەو هاوکێشەی لەبەردەم پارتی وەستاوەتەوە
سەردار رەحم سەفەوی، راوێژکاری باڵای سەرۆک کۆماری ئێران، دەڵێت: "تاڵەبانی پەیوەندی باشی لەگەڵ ئێران هەیە، بەڵام بارزانییەكان وانین، لە دووركەوتنەوەی هەرێمی كوردستان لە حكومەتی ناوەندی عێراق نیگەرانین، چونكە هەندێك رێككەوتنیان لەگەڵ زایۆنییەكان هەیە، بارزانییەكان دەبێ بزانن كە قەرزداری ئێرانن". لەهەمان کاتدا (فلیپ گۆردن)، راوێژکاری تایبەتی سەرۆکی ئەمەریکا دەڵێت: "تێدەگەین لە جووڵەیەکی نووری مالیکی و ئێران و گۆڕان و بەشێک لە یەکێتی کە لە سلێمانییەوە دەیانەوێت هاوکێشەی سیاسی کوردستان و عێراق بگۆڕن، بەتایبەت دروشمەکانی نەوشیروان مستەفا کە باسی گۆڕینی هاوسەنگی هێزی کردووە، بۆیە ئەمەریکا لەم هاوکێشە تێدەکات و هەرئەوەش بوو کە هاوکاری مالیکی نەکرد بۆ لێدانی داعش".
ئەم دوو لێدوانە ئەوەدەردەخەن کە یاریەکی قورس هەیە لەسەر ئایندەی عێراق، کە راسەوخۆ کوردستانیش دەگرێتەوە، لەوە دەچێت یاریەکە لە پارتییەوە دەست پێبکات، چونکە کاراکتەری بەهێزە لە هاوکێشە سیاسییەکان، لەوەش دەچێت باجی خۆی بدات، چونکە پارتی و مەسعوود بارزانی، لەگەڵ ئەوە نەبوون کە کودەتا بەسەر حکوومەتی ئێستای عێراق بکرێت، چونکە بەسەرکەوتنی کودەتا دووبارە، هاوکێشەی مالیکی بەهێز دەبوویەوە، هەوڵەکانی مالیکیش هەرلەو بارەوەبوو کە ویستی لە هەرێمی کوردستانەوە پشتیوانی گۆڕان و یەکێتی بەدەست بهێنێت، بۆ دووبارە گەرانەوە بۆ دەسەڵات، پەیامەکەی راوێژکاری سەرۆک کۆماری ئێران، نیشانەی ئەو راستیەکە کە ئەگەر ئاراستەی جەمستەری کوردستان بگۆڕدرێت، دەبێت لە پارتییەوە دەست پێبکات، قسەکانیشی گومان دروست دەکات کە شاندەکەی مەکتەبی سیاسی یەکێتی بە ئێرانیان گوتبێت (ئەوان رازین هەر کەسێک حوکمی عێراق بکات، بەڵام دەرگای بڕیار لەلای پارتییە)، واتە پەیامی راوێژکارەکەی ئێران هاوکاتە لەگەڵ سەردانی شاندی مەکتەبی سیاسی یەکێتی!!.

ئێستا ئیدارەی ئەمەریکا و عێراق و پارتیش ئەولەویەتی سەرەکیان بابەتی ئازادکردنەوەی مووسڵە، بەڵام کۆتای داعش لە مووسڵ لەوە دەچێت هاوکێشەکە بۆ هەندێک لایەن قورس بێت بۆنمونە، راوێژکارەکەی ئەمەریکا لە چاوپێکەوتنێکی گۆڤاری (گوڵان) دەڵێت: "دوورنییە مالیکی راپێچی دادگای نێودەوڵەتی نەکرێت". ئاشکراشە کە لەناوبردنی داعش ئەم ئاستەی ئێستا رێگای بۆ چالاکی حەشدی شەعبی نەکردوەتەوە کە ڕۆڵی سەرەکی ببینێت، کە ئەمەش بەدڵی ئێران نییە، لە ئاستی کوردستانیش گۆڕان و بەشێک لە یەکێتی کەمترین پشکی سەرکەوتنەکەیان بەدەست دەکەوێت، چونکە هێزیان لەبەرکانی جەنگ نییە و دواجاریش رێککەوتنێک لەگەڵ بەغدا کراوە کە ئەوان پێیان وایە بەبێ پرس و ئاگاداریان بووە، گوتاری گۆڕان و دەوڵەتی یاسا بەشێوەیەک ئاراستەی پارتی و خودی بارزانی کراوە کە ئەو کاتەی کە سەرۆکی فراکسیۆنی گۆڕان لە بەغدا داوادەکات، (لەئەگەر پابەندنەبوونی كوردستان، بە بەغدا پێویستە حكوومەتی عێراق، راستەوخۆ مامەڵە لەگەڵ پارێزگاكانی ژێر دەسەڵاتی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بكات، بێ گەرانەوە بۆ حكوومەت)، واتە بۆ قۆناغی ئێستا ئەگەر ئەمە گوتاری گۆڕان بێت، دوورنییە لەسەر ئاستی سلێمانی حکوومەتێکی تایبەت رابگەیەنن کە وەک خۆیان دەلێن دووربن لە بڕیاری هەولێر، هەڵبەتە لەوە دەچێت ویستێکی ئێرانیش لەگەڵ ئەمەدا هەبێت و بەشێکیش لە یەکێتی پشتیوانی لێدەکەن، بەتایبەت ئەو دەنگدانەی کە پێیان وایە دەبێت داهاتی سلێمانی راستەوخۆ لە ئێرانەوە دەست بکەوێت و لەوێشەوە نەوت هەناردە بکرێت، ئەمەی لێرە هەستی پێدەکرێت هەولێکە بۆ دروستبوونی حکوومەتێکی لاکۆڵانی لەناو حکوومەتێک، تادێت ئەمە زەقتر دەبێتەوە، چونکە ئاراستەیەکی سیاسی هەیە کە لە سلێمانییەوە حکوومەت پەک بخرێت.
لەهەموو حزبەکانی دیکە پارتی دیموکراتی کوردستان ئامانجە، یەکێک لە هۆکارەکانی نەکەوتنی حکوومەتیش ئەوەیە کە پارتی هەرزوو ئەمەریکای ئاگادار کردەوە کە هەولێکی ناوخۆیی هەیە بۆ پەکخستنی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بۆیە کاتێک راوێژکاری سەرۆکی ئەمەریکا دەلێت: "لەقسەکانی نەوشیروان مستەفا تێدەگەین بەوەی گۆڕینی دەسەڵاتی سیاسی بەو ویستەی ئەو ناکرێت" نیشانەی ئەوەیە کە ئیدارەی ئەمەریکاش لەگەڵ ئەوەدا نییە کە حکوومەتی هەرێمی کوردستان پەک بخرێت، چونکە ئاراستەی مالیکی و گۆڕان و بەشێک لە یەکێتی پێیان وایە کە دەبێت، پەلەنەکرێت لە ئازادکرنەوەی مووسڵ، لە کاتێکدا ئێرانیش هەمان بۆچوونی هەیە، چونکە ئیدارەی ئەمەریکا لەسەر ئەوە رێککەوتوە کە دەبێت دوای ئازادکرنەوەی مووسڵ دووبارە سوپای عێراق بونیاد دەنرێتەوە لەسەر بنەمای هێزێکی پرۆفیشناڵ، دووبارە دامەزراوەی ئەمنی عێراق دوورست دەکرێتەوە، کە تاکە ئامانجی ئەمەریکا دوورخستنەوەی سوپای عێراق لە چنکی ئێران دووریش نییە، هێزی پێشمەرگەش کوردستان، لە چوار چێوەی دامەزراوەی بەرگری عێراق بمێنێتەوە، لەژێر فەرماندەی بارزانی و بکرێتە هێزێکی ئامادە و نێودەوڵەتی، چونکە دیاری کردنی برێکی پارە بۆ هێزی پێشمەرگە و واژۆکردنی پرۆتۆکۆلی هەولێر- واشنتۆن تەواو ئەو راستیە دەردەخەن.
Top