كورد، بەخوێنی پێشمەرگە سنوور دیاركرد و بریار لە سەر سەربەخۆیی كوردستان دەدات

كورد، بەخوێنی  پێشمەرگە سنوور دیاركرد و بریار لە سەر سەربەخۆیی كوردستان دەدات
ئیتر مەحاڵە كورد، وەك نەتەوەیەكی رٍەسەنی رۆژهەڵاتی ناوین بە كەلتوور و زمانی خۆی و نیشتیمان ، بە بێ‌ دەوڵەتی سەربەخۆ بێت ، گشت قوربانیدانییەكانی رٍابردوو و ئێستامان نیشانەی رٍەتكردنەوەی كۆیڵەبوون و بەدیهێنانی سەربەخۆیی كوردستانە..گشت ئەو نەهامەتیانەی كە بە درێژایی سەدەی رابردوو ، بە سەرمان هاتووە بە هۆی زوڵم و داگیركردنی خاكی كوردستان بوو .لەسەرەتای دروستكردنی عێراقەوە تاكو ئەمڕۆ سیاسەتی دەسەڵاتدارانی عێراق رێگربووە لەبەردەم مافە رەواكانی كورد، لەساڵانی دەسەڵاتی رژێمی بەعسی لەناوچوودا گەیشتە ئەوپەڕی توندوتیژی‌و جینۆساید‌و راگواستنی زۆرەملێ‌و پاكتاوی رەگەزی‌و گۆڕینی باری دیموگرافی ناوچە كوردستانیەكان.هەر بۆیە تەجرووبەی رابردوو پێمان دەڵێت ، مانەوە لەناو دەوڵەتی عێراق بەردەوام جێگەی مەترسی دەبێت بۆ ئەزموون‌و دەسكەوتەكانی كوردستان،كاتی ئەوەیە هەرێمی كوردستان بەرەو چەسپاندنی پایەكانی دەوڵەتی سەربەخۆ هەنگاوبنێت‌و چیتر چاوەڕێی رووداوەكان نەكات. هێزی پێشمەرگە كە هێزی بەرگریكەر‌و پارێزەری كوردستانە بەیەكجاریی لە كەركوك‌وناوچە كوردستانیەكان خۆی قایمبكات‌و بەهیچ شێوەیەك پاشەكشە نەكات‌و بۆ هەتا هەتایە جێگیربێت، ئەم هەنگاوە پشت ئەستوورە بەچەندین جۆری پشتیوانی،بۆ نموونە خواستی دانیشتوانی ئەو ناوچانە،كە بەهۆی هەڕەشە‌وفشاری بەردەوامی گروپە تیرۆریستیەكان هەمیشە خوازیاربوونە هێزی پێشمەرگە بیانپارێزێت، ئەم خواستەش گەورەترین شەرعیەتپێدانی جەماوەرییە لە ناوچە كوردستانیەكاندا،بۆیە هەموو ئەو هەلۆمەرجە لەبارو گونجاوانە و سەركەوتنەكانی هێزی پێشمەرگە و پشتیوانی جیهان لە دۆزی كورد ،سەربەخۆیی كوردستانی بەدواویە و كۆتایی بەخەونی داگیركەران دێنێت .

لە ماوەی 25 ساڵی رابردوو ، سەرەرای گشت كۆسپ و تەگەرەی دوژمنانی كورد باشووری كوردستان قۆناغی گرنگی بڕیوە و ئیتر بۆ دواوە ناگەڕێتەوە و چیدیكە رازی نابێت بە ژێردەستی و وەكو كۆیلە بژێت. هەرێمی كوردستان شەرعیەتی نێودەوڵەتی هەیە و كۆمەڵگای نێودەوڵەتی مامەڵەی لەگەڵ دەكات لەسەر بنەمای ئەوەی كە سیادەی لەسەر خاكی خۆی هەیە و سوپای پێشمەرگەی بەتوانای هەیە و بناغەی ئابووریی خۆی رێكخستووە و پەیوەندیی دیبلۆماسیی زۆر بەهێزی هەیە لەگەڵ جیهانی دیموكراسی. جێی سەرسوڕمانە و زۆریش بەداخەوە كە كەس و لایەن هەن هەوڵ دەدەن كوردستان بگەڕێننەوە بەرەو دواوە! ئەگەر لەوەش سەركەوتن بەدەستبێنن، دەبێت چاوەڕوانی ئەوە بین جارێكی دیكە جینۆساید بكرێین و و دێمۆگرافیای وڵاتەكەمان بگۆڕدرێت . زۆر زەروورە هەموومان لە كوردستان مافی بڕیاردانی گەلان لە چارەنووسی خۆیان، لە یاسای نێودەوڵەتی و بڕیارەكانی نەتەوە یەكگرتووەكان بەدروستی و باشی بخوێنینەوە و زۆریش بەباشی لێی تێبگەین و هەڵوێست و هەوڵدانی كەس و لایەنەكانیش بۆ سەربەخۆیی كوردستان و ئەو كەس و لایەنانەش كە كار و راگەیاندن دژ بە سەربەخۆیی گەل دەكەن، بناسین و هەردوولا لە یەكتر جودا بكەینەوە و كەس و لایەنەكان وەكو خۆیان ببینین تاوەكو رۆڵەكانی گەلە سەربەرزەكەمان بۆچوون و لێدوان و كردەوە و هەڵوێستەكانی كەس و لایەنەكان بە دروستی هەڵسەنگێنن و هیچ هەڵوێست و كردەوە و لێدوانێك كە لە بەرژەوەندیی گەلەكەمان نەبێت، نەتوانن كاریگەریی نەرێنی بكەنە سەری بۆ بڕیاردان لە مافی چارەنووس.

پێشهاتەكانی شەرٍی تیرۆریستانی داعش ، لە پێشمەرگە، سەرۆك بارزانی، فێری كردنین ، كە یەكریز بین و نیشتیمانەكەمان خۆش بوێت ، چونكە ئەوە بە هۆكاری سەرەكی سەركەوتن و شكستی پیلانگێری ناحەزانی كورد هەژمار دەكرێت .. یەكهەڵوێستی و یەكریزی ماڵی كورد. فاكتەری گەیشتن بە سەركەوتن یاخۆ گەیشتن بەو ئامانجەی هەوڵی بۆ دەدەیت، بریتییە لە یەكدەنگی و یەكهەڵویستی، چونكە پایەكانی گەیشتن بە سەربەخۆیی یا دروستبوونی دەوڵەتی كوردی پتەوتر دەكات، بۆیە تا زیاتر سەر بكەوین بەسەر پایەكاندا، ئەوەند هێزمان زیاتر دەبێت لەسەر پایەكان، ئەگەر پایەكان بە جوانی و بەهێزیی پێكەوە نەبەستینەوە، بێگومان لە نیوەی رێگەدا تووشی داڕمان دەبین، ئەم خاڵە پێویستییە پێمان دەڵێ كاتێك دەتانەوێ سەربەخۆ بن، پێویستە ناوماڵتان یەك بخەن، چونكە تا زیاتر نزیك بینەوە لە سەربەخۆیی بەرپرسیاریەتی زیاتر دروست دەبێت لەسەر دەسەڵاتداران و دوژمنانیش كاری زیاتر دەكەن لەپێناو سەرنەكەوتنی ئەو پرۆسەیە، بۆیە یەكگرتوویی لەم قۆناغەدا لە هەموو كاتێك زیاتر پێویستترە، بۆ ئەوەی زاڵ بین بەسەر گشت ئەو كۆسپ و ئاستەنگانەی دێنە بەردەم سەربەخۆیی كوردستان، كلیكی گشت سەركەوتنەكان ، لە یەكریز وتەبایی نێوماڵی كوردستانە ..

هیچ هێز وڵاتێكی داگیركەرٍ ناتوانێت ،رێگری لە بەردەم ئێرادەی سەربەبخۆیی كوردستان بگرێت .لە ماوەی رابردوودا میللەتی كورد بە هەموو شێوەیەك قوربانی زۆری لە پێناو سەربەرستی و رزگاركردنی خاك و نیشتیمان لە چەنگ دەگیركەران بە خشیووە تا گەیشتۆتە ئەم قۆناغە چارەنووسسازە ، ئێستاش كە سنوورەكانی كوردستان بە خوێن و ماندووبوونی پێشمەرگە ، سەرۆك مسعود بارزانی و دڵسۆزانی كوردستان دیاركران ، دەبێت بە هەموو شێوەیەك بیپارێزین و داكۆكیی بكەن . هەر بۆیە مێژووی خەباتی گەلەكەمان پێمان دەڵێت لەژێر هیچ فشارێكدا، لە بەرەوپێشەوەچوون بۆ سەربەخۆیی پاشگەز نابێتەوە. زۆربەی سەختییەكانی رێگاكەمان بڕیوە و لە رزگاربوون زۆر نزیك بووینەتەوە، هەر بۆیە ئەم هەوڵانە زۆر بوون و زیاد دەبن دژ بە سەربەخۆیی كوردستان بە ڕادەی نزیكبوونەوەمان لە سەربەخۆیی. بۆ رزگاربوون دەبێت خۆت هەبیت و هەوڵی بۆ بدەی تاوەكو پشتیوانیشت هەبێت. نابێ دابنیشی و وڵاتان داوەتت بكەن بۆ ئەوەی دەوڵەتت بۆ دابمەزرێنن. خۆت هیچ نەكەی و بە هەموو بندەستی و كۆیلایەتییەك رازی بیت، تەنیا لە دڵەوە حەزت لەوە بێت رۆژێك وڵاتان سەربەخۆییت بۆ بەدەستبێنن. سەربەخۆیی نادرێ، دەبێت بسەندرێت و لە ئێستادا ئاسۆی بەردەم كورد روونە بۆ بەدیهێنانی سەربەخۆیی كوردستان..
Top