نوخبەی سیاسی ئەو كەمینەیەی كۆمەڵگەیە كە بە رێگەی جۆراوجۆر شەرعییەتی لەزۆرینەی خەڵك وەرگرتووە

نوخبەی سیاسی ئەو كەمینەیەی كۆمەڵگەیە كە بە رێگەی جۆراوجۆر شەرعییەتی لەزۆرینەی خەڵك وەرگرتووە
نوخبەی سیاسی ئەو بەشە، یان كەمینەیەی كۆمەڵگەیە كە بە رێگەی جۆراوجۆر شەرعییەتی لەزۆرینەی خەڵك وەرگرتووەو كاروباری سیاسی و جڵەوی ژیان لە كۆمەڵگەدا دەگرێتەدەست. بوونی نوخبە لەكۆمەڵگەدا جگە لەوەی كە نكۆڵی لێنەكراوە، وەك پێویستییەكیش چاوی لێدەكرێت. تاكەكانی نێو هەر كۆمەڵگەیەك لە رووی بەهاكان و كەلتووری گشتیی كۆمەڵگە هاوبەشییەكی زۆریان هەیە، بەڵام ئەمە نەبووەتە هۆكارێك بۆ ئەوەی دانیشتووان بەگشتی و راستەوخۆ بتوانن بەشداریی پرۆسەی دروستكردنی بڕیاری سیاسی و كاروباری سیاسی بكەن. هەر ئەم راستییەیە كە وایكردووە بە درێژایی مێژووی مرۆڤایەتی، باڵادەستیی ژمارەیەكی كەمی كەسانێكی خاوەن توانا و لێهاتوویی بەپێی قۆناغە مێژووییە جیاوازەكان و رادەی پێشكەوتنی كۆمەڵگەكان لەفۆرمی جیاجیا كاروباری گشتی ئەو كۆمەڵگەیە بگرنەئەستۆ.
نوخبەی سیاسی لە رووی ژمارەوە كەمینەیەكی كۆمەڵگە پێكدەهێنن، بەڵام بەشێكی زۆری سەرچاوەكانی هێز وەكو سەرمایەی دارایی، مرۆیی، پێگەو پێویستی لۆجستییان لەبەردەستدا دەبێت و شەرعیەتی بەكارهێنانی ئەو سەرچاوانەش لەزۆرینەی كۆمەڵگە وەردەگرن. زۆربەی تیۆروانانی كۆمەڵناسیی سیاسی لەو باوەڕەدان كە نوخبەی سیاسی لە رووی تایبەتمەندییە كۆمەڵایەتی، بەهایی، ئابووری و دەروونییەوە لەگەڵ زۆرینەی خەڵك جیاوازییان هەیە، یان هەر ئەوەی كە كەسانێك خزانە نێو ئەو بازنەیە ئەو گۆڕانكارییانە دەست پێدەكات. بەشێك لەو گۆڕانكارییانە بابەتین و پێگە و ئەركی نوێ لەسەریاندا دەیسەپێنێت. بەشێكیتری پێوەندی بە باری دەروونی و خودی ئەو كەسانەوە هەیە، كە یان لەسەرەتاوە پێیانوابووە جیاوازن لەگەڵ زۆرینەی خەڵك، یان دوای گەیشتن بەو پێگەیە ئەو هەستەیان لادروست دەبێت. بەگشتی دروستبوونی ئەو جیاوازییە تا رادەیەك بەلای زانایانی ئەو بوارەوە بابەتێكی ئاساییە. ئەوەی جێگەی هەڵوەستەیە شێوازی خۆگونجاندنێكی ئەرێنی ئەو كەسانەیە لەگەڵ بارودۆخی دەروونیی خۆیان و ئەو ئەركەی كە دەكەوێتە ئەستۆیان.
لێرەدا هەوڵدەدەین بابەتی نوخبەی سیاسی بەكورتی شی بكەینەوە. ئایا بە گشتی نوخبەی سیاسی لە هەر كۆمەڵگەیەكدا لە چ كەسانێك پێك دین؟ ئەوان چۆن دەتوانن بە دەسەڵات بگەن و پێگەی سیاسیی خۆیان بپارێزن؟
بەشێك لە تیۆروانانی ئەو بوارە وایدەبینن كە نوخبە بنەماكانی هێزی لەدەستە لە ئەنجامی توانای خۆڕێكخستن، هەڵسەنگاندن و بەكارهێنانی سەرچاوەكانی هێز لە كۆمەڵگەدا. لای مۆسكا نوخبە گروپێكی بچووكە بە بەراورد بە كۆی كۆمەڵگە كە توانای خۆڕێكخستنی هەیە. ئەو گروپە لەنێو خۆیاندا پێوەندیی تایبەتیان هەیەو لەبەر ئەوەی كە گروپێكی بچووكن، دەتوانن بە خێرایی سیاسەتی خۆیان دابڕێژن و هەماهەنگی ناوخۆیی خۆیان لەبەرامبەر گوشاری دەرەكی بپارێزن كە لەلایەن زۆرینەی كۆمەڵگەوە لەسەر بەرژوەندییەكانیان بەرهەم دێت. هەروەها دەتوانن بەخێرایی كاردانەوەیان بەرامبەر ئەو هەڕەشە و مەترسییانە هەبێت كە لەلایەن زۆرینەی هاووڵاتیانەوە لەكاتی گۆڕانكارییە خێڕاكان رووبەڕوویان دەبێتەوە.
بە بۆچوونی مۆسكا (تیۆروانی نوخبە)، باڵادەستیی ژمارەیەكی كەم بەسەر زۆرینەی خەڵكدا، باڵادەستییەكی سروشتی و زگماك نییە، بەڵكو لە هۆكارگەلێكی ترەوە سەرچاوە دەگرێت، وەكو بارودۆخی كۆمەڵایەتی، خێزانی و باری ئابووری. هەرچەندە ئامادەیی دەروونی بۆ باڵادەست بوون ناكرێ لەبیر بكرێت.
میشیلز پێوەندی دینامیكیی نێوان نوخبەو دەسەڵات شیدەكاتەوەو پێیوایە هەر ئەوەندەی كەسانێك دەگەنە پۆست و دەسەڵات، دەبنە بەشێك لە نوخبە. لەوێدایە كە بەرژوەندییەكانیان دژییەك دەبێت لەگەڵ بەرژەوەندی هاووڵاتیان. لەو شوێنەدا ئەوان هەوڵ دەدەن پێگەی خۆیان بەهێز بكەن، تەنانەت ئەگەر لەسەر حیسابی رێكخراو و رێكخستنەكانیشیان بێت. ئەو بارودۆخە لەژێر كاریگەری بونیادی سیاسی و چوونە نێو ئەو چوارچێوەیەو بارودۆخی دەروونیی خۆیاندایە، كە هانیان دەدات بۆ مانەوەیان لە پێگەیاندا.
پاریتۆ كە تیۆروانێكیتری ئەو بوارەیە، دەڵێت: هەروەكو چۆن مرۆڤەكان لە رووی جەستەییەوە لەگەڵ یەك جیاوازن، بەهەمان شێوە لە رووی فكری و مۆرالیشەوە هاوشێوە نین. لەهەر كۆمەڵگەیەكدا، لەتوێژو گروپە جیاوازەكاندا هەندێ كەس لەهەندێ كەسیتر لە رووی میكانیزمی بەدەستهێنانی شتەكان بەتواناترن.
چەمكی نوخبە لای پاریتۆ هیچ دەلالەتێكی ئەخلاقی لەخۆی ناگرێت، بەبۆچوونی ئەو چەمكی نوخبە بەرامبەر ئەو كەسانە بەكاردێت كە لەچالاكیەكانی نێو كۆمەڵگەدا لەوانیتر زیاتر دەستكەوتیان هەبووبێت، جا چ لەسەر بنەمایەكی راست و رەوا بووبێت، یان نا.
رایت میلز كە لە دیاردەی نوخبەی سیاسی لە ئەمریكا كۆڵیوەتەوە، پێیوایە نوخبەی سیاسی لەو سێ توێژە پێكدێن:
- خاوەن داهاتە بەرزەكان و سەرچاوەی دارایی زۆر. ئەو توێژە زیاتر لەدوای جەنگی دووەمی جیهانی سەریهەڵداو هەموو سەرچاوەكانی دەسەڵاتی داراییان گرتەدەست. یەكێك لە جیاوازییە دیارەكانی نێوان كۆمەڵگە پێشكەوتووەكان و كۆمەڵگە گەشەسەندووەكان، لەكایەی سیاسیدا لەوەدایە كە لە كۆمەڵگە پێشكەوتووەكاندا، خزانە نێوكاروباری سیاسی رێگای گەیشتن بە سامانی دارایی و دەوڵەمەندبوون نییە. بەڵكو لە بەشێك لەو وڵاتانە یاساكان و عورفی گشتین كە وا رێكیدەخەن كەسانی خاوەن داهاتی زۆربگەنە ئاستی بەرزو لەهەمان كات نەتوانن پێگەیان بۆ دەوڵەمەندبوون بەكاربهێنن. روونترین نموونە وڵاتە یەكگرتووەكانی ئەمریكایە. ئەم پرۆسەیە لە وڵاتانی گەشەسەندوو بەپێچەوانەیە. دەبینین ئاسانترین و كورتترین رێگە بۆ دەوڵەمەندبوون گەیشتنە بە ئاستی نوخبەی سیاسی، جا چ لە نێو حزبدابێت، یان دامەزراوە سیاسیەكانیتر. هۆكاری ئەمەش لەلایەك بۆ كارانەبوون و خراپی كۆی سیستەمەكانی ئابووری، كۆمەڵایەتی و سیاسی، و لەلایەكیتر گەندەڵی و خراپ بەكارهێنانی دەسەڵات دەگەڕێتەوە.
- سەركردە سەربازییەكان، ئەو توێژە لە ئەمریكادا لە ماوەی شەڕی سارد هاتنە نێو كایەی سیاسییەوە. دیسان لێرەدا جیاوازییەكی گەورە لەنێوان وڵاتانی گەشەسەندوو و پێشكەوتوو هەست پێدەكەین. لەوڵاتە پێشكەوتووەكان رێكخراوی سەربازی و بەشێكی زۆری ئەوكەسانەی بەڕێوەی دەبەن لەئاستێكی بەرزی مەعریفی و تێگەیشتنی سیاسیدان. هەرچەند بە بۆچوونی ئەو تیۆروانە سەركردە سەربازییەكان لەو كۆمەڵگەیەدا بەشێك لەنوخبەی سیاسی كاریگەر لەپرۆسەی دروستكردنی بڕیاری سیاسی پێكدەهێنن، بەڵام لەهەمان كات بەپسپۆڕیبوون بنەمایەكی بەهێزی كارەكانیشیانە. لەكۆمەڵگە گەشەسەندووەكاندا ئەو پرۆسەیە دووبارە ناڕێكی و ئاڵۆزی تێدایە. چونكە تێكەڵبوونی ئەو دوو ئاستەی نوخبە، یان دوورییان لەیەك، لەسەر بنەمایەكی دروست نەبووە، ئەمە سەرەڕای لاوازیی ئاستی ئەدای هەردوو جۆری نوخبە لەو كۆمەڵگەیانەدا.
- سەركردایەتی حزبە سیاسییەكان، كە بەشێكی سەرەكیی نوخبەی سیاسی پێكدەهێنن. چونكە حزبەكان لە رێی هەڵبژاردنەوە بێت، یان هەر رێگایەكیتر، كەبە دەسەڵات دەگەن، ئەندامە پلەبەرزەكانی خۆیان بۆ پۆستە سیاسی و ئیدارییەكانی وڵات دەستنیشان دەكەن.
لەژێر رۆشنایی ئەو تیۆرانە دەتوانین ئاماژە بە چەند بنەمایەك بدەین كە هۆكارن بۆ ئەوەی كەسێك ببێتە نوخبەی سیاسی، لەوانە: هەبوونی پێگەی بەرز لەحزبێكی سیاسی، هەبوونی سەرمایەی دارایی، سەربازی، تواناییە كەسییەكان لەخۆپێگەیاندن لە رووی سیاسی و مەعریفییەوە، ئامادەیی دەروونی بۆ خۆجیاكردنەوەو خۆبەگەورەتر بینین لەوانیتر، توانای خۆگەیاندن بەو بازنە رێكخراوەی كە لە نێو كۆی كۆمەڵگەو بونیادی سیاسی، نوخبەی سیاسی لەخۆ دەگرێت و تایبەتمەندی خۆی هەیە. ئەو چوارچێوە رێكخستنییە گرنگییەكی زۆری هەیە بۆ ناساندنی كەسێك وەكو نوخبەی سیاسی و پاراستنی لەو پێگەیەدا. دەبینین ئەو سیفاتەی كەسێكی نوخبە هەڵیدەگرێت، باش بێت، یان خراپ دەرخەری وێنای گشتی بازنەی دەسەڵاتە لەو وڵاتەدا. كەلتووری سیاسی و جۆری سیستەمی سیاسی، هۆكاری سەرەكین بۆ دروستكردن و دەرخستنی كەسانێك وەكو نوخبەی سیاسیی ئەو كۆمەڵگەیە، كە مەرج نییە هەمیشە هەڵگری بەهای ئەرێنی بن و لەخزمەتی هاووڵاتیاندا بن.

Top