فایەق گوڵپی لە چی توڕەیە ؟

فایەق گوڵپی لە چی توڕەیە ؟
فایەق گوڵپی بە پێچەوانەی سەرۆکی حکومەتی کوردستان داوا لە هەدەپە دەکات لە دەرەوەی یاسا لە تورکیا کاری سیاسی بکەن، ئەو بۆچوونەی گوڵپی درێژکراوەی هەمان ئەو عەقلیەتەیە کە لە قەندیلەوە بڕیار بە سەر باکوور و چارەنووسی میللەتێک دەدەن، ئەو عەقلیەتەی کودەتایان بەسەر پرۆسەی ئاشتیدا کرد و بەر لەوەی لە ئەردۆگان و دەوڵەت بدەن لە دەمیرتاش و هەڤاڵانی ئەویان دا و سەرکەوتنە مێژوویەکەیان بە بردنەوەی هەشتا و یەک کورسی لێ کردنە قوزەڵقورت و بە دروست کردنی شەڕ لە ناو کۆڵانەکانی دیاربەکر و جزیرە و نسێبین و سلۆپی و شەرنەخ و جۆلەمێرگ و هەکاری دەرفەتی بە ئەردۆگان و سوپای تورکیا دایەوە کە باکوور بکەنەوە سەربازگە و ئاوایەکان وێران بکرێن و خەڵک بێ ماڵ ببن. فایەق گوڵپی دڵنیام دەزانێ کە راگەیەندراوەکەی حکومەتی کوردستان چەند لە جێگای خۆیدایە و چەند هەڵوێستێکی کوردستانیانەیە، دەشزانم گوڵپی حەزی نەدەکرد حکومەتی هەرێمی کوردستان لەو بارەیەوە قسەی هەبێ تا ئەو کات باشتر هێرش بکاتە سەر نێچیرڤان بارزانی و حکومەتەکەی بەبێ هەڵوێست وەسف بکات لە بەرامبەر پرسە نەتەوەیی و نشتیمانیەکان،بەڵام سەرۆکی حکومەت ئەو دەرفەتەی بۆ نەهێشتنەوە، ئەوە کڕۆکی بابەتەکەیە و دکتۆر گوڵپی لەوە توڕەیە. فایەق گوڵپی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەوە تۆمەتبار دەکات کە گوایە بەرگری لە یاساکانی تورکیا دەکات و بۆ ناشرین کردنی قسەکەی نێچیرڤان بارزانیش مادەی یەکەمی دەستوری تورکیای هێناوەتەوە کە گوایە نێچیرڤان بارزانی بەرگری لەو یاسایە دەکات،" ئەو یاسایەی تورکیا کە باس لە یەک زمان و یەک نەتەوە و یەک ئاڵای وڵات دەکات" فایەق گوڵپی لە هەموو کەس باشتر دەزانێ کە ئەوە زیاتر لە پێنج ساڵە پەکەکەیە بە هەموو شێوەیەک رێگری لەوە دەکات ئەردۆگان یاساکانی تورکیا بگۆڕێت و بە ئەمری پەکەکە لە قەندیلەوە هەدەپە ئامادە بوو کە هاوکاری هەدەپە بکات بۆ ئەوەی لە دژی هەوڵەکانی ئەردۆگان بوەستنەوە کە دەیەوێ یاسایەکی نوێ بۆ تورکیا دابنێ، کاتێک پەکەکە لە کەمالیستەکان گەرمتر بەرگریان لەو یاسایە دەکرد کە بەو مادەیە دەست پێدەکات، نێچیرڤان بارزانی هەوڵی سەرخستنی پرۆسەی ئاشتی دەدا کە بە کاریگەری سەرۆک مەسعود بارزانی دەڵەتی تورکیا ملی بۆدا و ئامادە بوو لەگەڵ خودی ئۆجەلان دابنیشێ و بگەنە چارەسەری بەڵام سەرکردەکانی قەندیل کە فایەق گوڵپی فەرمان و وەحیان لێوەردەگرێ دوای گوللەی رەحمەتیان لە پرۆسەکەدا و تەنانەت بە دژی خواست سەرۆکە زیندانی کراوەکەیان جوڵانەوە و رێزیان بۆ قسەی ئەویش دانەنا کاتێک لە دوای نامەیدا داوای کرد بوو کە پرۆسەی ئاشتی دەست پێبکاتەوە و پەکەکە چەکدارانی وەک هەنگاوی یەکەم لە باکوور بکشێنێتەوە، لە قەندیل وەڵامی ئەو دەستپێشخەریەی ئۆجەلان بەوە وەڵام درایەوە کە ئەو کەسێکی زیندانی کراوە و ناتوانێ بڕیار بدات. فایەق گوڵپی ئەگەر دڵی بۆ باکوور لێدەدا و حەز بە سەرکەوتنیان دەکا با داوایەک لە پەکەکە بکات رێگە بدا بە سەدان سیاسەتڤان و رۆشنبیر و هونەرمەند و ئەکادیمیست لە ترسی پەکەکە ناوێرن لە زێدی خۆیان بژین و ناچارن لە شارە تورکەکان دەژیێن، یان با لەگەڵ ئەو گەریلایانەی پەکەکە لە هەڵەبجە و گەرمیان و شنگال بڵاوی کردوونەتەوە وەک بەشێک لە هێزەکانی حەشدی شەعبی و مووچەیان بۆ لە بەغدا وەردەگرێ بچنەوە باکوور چونکە ئێستا لەوێ کورد لە هەموو کەس بێ خاوەن ترن بچن و خۆیان لە میللەتی خۆیان بکەنە خاوەن.
Top