ئەنجومەنی (باوکان و دایکان) دەنگێکی پەروەردەیی خەمخۆر و دڵسۆز و سەر بەخۆی بێت

ئەنجومەنی (باوکان و دایکان) دەنگێکی پەروەردەیی خەمخۆر و دڵسۆز و سەر بەخۆی بێت
"وینیستون چەرچێل دەلێ " ئەگەر دەتەوێت تەنانەت بۆ دۆزەخیش بڕۆیت ، تەنیا بەردەوامی بدە بە رۆیشتنەکەت"
بۆ وورد بوونەوە لەم قسە جوانە بۆمان دەردەکەوێت کە نابێ بوەستین دەبێ بەردەوام بین بڕۆین ھەوڵبدەین جۆرەھا رێگاکانی بەرەووپێشچوون تاقی بکەینەوە ھەنگاو بنێن پەروەردەکە پرۆسەیەکی بێ سنوورە پێویستی بە رۆیشتن و ھەوڵدانی بەردەوامە، کە ئەویش تەنھا ناو قوتابخانە ناگرێتەوە بەڵکو پێویستە کایە گرنگەگانی کۆمەڵگا بە تایبەتی دایک و باوکی قوتابی بوونیان پێویستەیەکی پەروەردەییە لە ناو کۆی پرۆسەکە بۆ زیاتر بەرەووپێشبردنی پەروەردە لە ھەموو روویەکەوە .
دیارە لە ساڵانی زوو تا ئێستاش ئەنجومەنی دایکان و باوکان لە قوتابخانەکانی ھەرێمی کوردستان ھەیە لێرەو لەوێ رۆڵیان جیاواز بووە لە کۆبوونەوەیەک لەلایەن بەرێوەبەری قوتابخانە یان ھەر کەسێکی چەند ناوێک دەستنیشان کراون لە ھەندێک لە قوتابخانە لەوانەیە چەند جارێک سەردانی قوتابخانەکەیان ھەبێ لە ھەندێکی تر بەس ناوەکان وون ئیتر ئەنجومەنێک نەما بە ناوی (باوکان و دایکان) ئەوجا چ جای رۆڵ گێران و چارەسەرکردنی گرفتەکانی قوتابخانە و بەدواداچوون ، کە تەنھا وەکو دیکۆر رووالەتی بووە ، ئەگەر بە کورتی سەیری چەندەھا ووڵات بکەین چ دەووروبەر یان ووڵاتانی ئەوروپی دەبینین رۆڵی ئەو ئەنجومەنە جیاوازە لە یەکتر ھەر بۆ نموونە لە ووڵاتانی عەرەبی" سعودیە و ئیمارات و میسر و ئوردەن و کوێت " چەندین وڵاتی تریش رۆڵ و ھەڵبژاردنی ئەنجومەن وە دەسەڵاتەکانیش جیاوازە ، بەڵام لە زۆربەی ووڵاتانی عەرەبی ئەنجومەنی دایکان و باوکان ھەیە و سەردانی قوتابخانەکان دەکەن و بەداوداچوون بۆ کێشەکان دەکەن و لە ئاست نزمی قوتابیانیش دەکۆڵنەوە وە بەشداری لە چاڵاکییەکانی قوتابخانەش دەکەن لە ھەندێک لە ووڵاتانی عەرەبی بە تایبەتی کەنداو زیاتر لە قوتابخانە نزیکترن و لە کێشەکانی قوتابیان دەکۆڵنەوە ، بەڵام لە زۆربەی ووڵاتانی ئەوروپی ھەر بۆ نموونە ئەگەر وڵاتی (بەریتانیا) وەربگرین ئەنجومەنی (دایکان و باوکان) ئەنجومەنێکی شکلی و دیکۆری نییە ، بەڵکو ئەگەر لە ھەندێک ووڵات ئەنجومەنێکی ڕاوێژکاری بێت ، بەڵام لە بەریتانیا ئەنجومەنێکە بڕیار دەدات بەپێی یاساکانی ئەو ووڵاتە ئەو ئەنجومەنە خۆیان مامۆستا بۆ قوتابخانە دیاری دەکەن و دای دەمەزرێنن و ئەگەر توانای وەکو پێویست نەبوو دەیگوازنەوە وە ھەر ئەم ئەنجومەنە دەسەڵاتی دانانی بەرێوەبەری قوتابخانەی ھەیە ، وە ئەگەر بێ توانا بوو لای دەدات لە بەرێوەبەری قوتابخانە وە ھەر ئەنجومەنی (دایکان و باوکان) بودجەی قوتابخانە دیاری دەکات و دەسەڵاتی ھەیە لە دیاری کردنی پرۆگرام و پەرتووکی خوێندن بۆ قوتابیەکانیان وە ھەر خۆیان ناوی قوتابخانە دیاری دەکەن ، و لە کۆبوونەوەی دەستەی مامۆستایانی قوتابخانە بەشدار دەبن و دەسەڵاتی تەواویان ھەیە لە قوتابخانە.
چۆنیەتی ھەڵبژاردنی ئەو ئەنجومەنە بەم شێوەییە ، سەرەتای ساڵی خوێندن لەلایەن ڕابەری پۆڵ داوا لە بەخێوکەری قوتابیان دەکرێ ئامادەبن لە کۆبوونەوە و زانیاری تەواو لە سەر مامۆستایان و پرۆگرام و پەرتووکی خوێندن و چۆنیەتی تاقیکردنەوەکانی زارەکی و نوسین و نمرە دانان ھەموویان بۆ روون دەکاتەوە دەرگای ھەڵبژاردن دەکرێتەوە ھەر یەکێک خۆی بپالێوێ کە قوتابخانە پێنوس و کاغەز بەسەر ئامادەبووان دابەش دەکات ئەوەی زۆرترین دەنگی ھێنا دەبێتە نوێنەری ئەو ھۆبەیە دووەم دەنگ دەبێتە یەدەگ لەم کاتەی نوێنەر لەوێ ئامادە نەبێت ، وە دواتر نوێنەری ھەموو ھۆبەکان کۆ دەبنەوە سەرۆک و چوار ئەندامی یەدەگ ھەڵدەبژێرن کە ئیشەکان لە نێوان خۆیان دابەشدەکەن ، دواتر ئەنجومەنی بەخێوکەرانی ھەر قۆناخێک کۆدەبنەوە لەگەڵ ئەنجومەنی بەخێوکەرانی سەرجەم قۆناغەکانی تر کە (٥)پێنج ئەندام ھەڵدەبژێرن لە نێوان خۆیاندا کە دەبێتە ئەنجومەنی بەخێوکەرانی (باوکان و دایکان )ی قوتابخانە ، بە ھەمان شێوە دووبارە دەبێتەوە لەسەر ئاستی شوێنی پەروەردەیی کە وەکو قەزا وایە دواتر پارێزگا وە دواتریش لەسەر ئاستی ووڵات کە ھەموو ئەو بەرێزانە بێ بەرامبەر کار دەکەن ، بەڵکو وەکو کارێکی دڵسۆزی و ڕەوشتی و خۆبەخش کاردەکەن کە کاتێکی زۆری لێیان دەوێت ، بەڵام بڕوایەکی تەواویان بەکارەکەیان ھەیە و بە گوڕوتین و متمانەوە کار دەکەن کە ئەو دەزگایە ئەو ئەنجومەنی باڵایە وەکو دەزگایەکی پەروەردەیی گرنگ سەیر دەکرێ کە کار ئاسانێکی یەکجار زۆر و خزمەتێکی زۆری پرۆسەی پەروەردە دەکات لەم ووڵاتە.
ئەوەی بە گرنگ و پێویستی دەزانم تیشکی بخەمە سەر ئەوەیە کەوا ئەنجومەنی (باوکان و دایکان) لێرە لە ھەرێمی کوردستان پێویستی بە بایەخ و بەداوداچوون و دەسەڵات پێدانی زۆر ھەیە با ھەر ئەنجومەنێکی دیکۆر و ڕوواڵەتی نەبێ ، بەڵکو پێویستە ئەنجومەنی (باوکان و دایکان) دەنگێکی پەروەردەیی خەخمۆر و دڵسۆز و سەر بەخۆی بێت، چونکە قوتابیەکانی قوتابخانە منداڵی ئەوانن ئەوان لە ھەموومان باشتر دەتوانن زیاتر ووردترین و چاودێری زیاتری پرۆسەکە بکەن بە تایبەتی لە قوتابخانەکان چونکە قوتابخانە زۆرن وە بەرێوەبەر و دەستەی کارگێڕی و مامۆستاکان وقوتابیەکانیش پێویستی بە پاڵپشتی و چاودێری کردنێکی زیاتر ھەیە ، جودا لە پەروەردە و سەرپەرشتیاری و وەزارەت .
چونکە بە دڵنیایی (باوکان و دایکان)ی گەرەگ ،گوند، شارەکان ئەوان دەتوانن زیاتر ویژدانانەتر بارودخۆی قوتابخانە ھەڵسەنگێنن چاودێری ووردی ئاستی قوتابیان و گیروگرفتی قوتابیان و قوتابخانە و مامۆستایان و بەرێوەبەریش بکەن و ھاوکاری پەروەردەیی بن لە ھەموو ڕوویەکەوە ، کە بەدڵنیایی قوتابخانە پێویستی بە توانایی و دڵسۆزی کەس و کاری قوتابیانە ، لەوانەیە لە ھەندێک لە قوتابخانەکان تاڕادەیەک ئەو ئەنجومەنە رۆلێکی بەرچاوی ھەبێ و ھەماھەنگی ھەبێ لەگەڵ قوتابخانە ، بەڵام لە زۆرێک لە قوتابخانەکانی تر ئەو ئەنجومەنە بوونی نییە!!
بۆیە بە زەروورەتێکی پەروەردەیی سەردەمی دەزانم کەوا لەلایەن وەزارەتی پەروەردەوە رێنمایی نوێ دەربکرێت سەبارەت بە کارکردنی رۆڵی ئەو ئەنجومەنە وە ھەوڵ بدرێت لە یاسایی وەزارەتی پەروەردە لەلایەن کەسانی شارەزا بڕگەی ئەنجومەنی (باوکان و دایکان) یاسایی تایبەتی پێ دەربچێت لە داھاتوودا لە پەرلەمانی کوردستان ، چونکە ناتوانین ئامانجە درووستەکانی پەروەردەیی و فێرکردن بەدەست بھێنین بەبێ تەواوکردنی ئەو وێنە پەروەردەییە لە ھەردوو لای خێزان و قوتابخانە و کە پە یوەندییەکی بەردەوام ھەبێ کە ئەویش لە رێگای (ئەنجومەنی باوکان و دایکان) کە دەسەڵات و رۆڵی ھەبێ لە دیاری کردنی بەرێوەبەر و لادانی بەرێوەبەری کەم تەرخەم و پڕ کردنەوەی میلاکی قوتابخانە و بەدوا داچوون لە ئاستی قوتابیان و قوتابخانە و چارەسەرکردنی گرفتەکانی قوتابخانە، کە ئەم گرفتانە بە تەنھا بە پەروەردە و سەرپەرشتیاری چارەسەر نابن و پێویستیان بە کەسانی تر ھەیە کە وەکو دەستە و ئەنجومەن کار بکەن و بڕیار بدەن کە ھەر بڕیاردانێک پەیوەندی ڕاستەوخۆی بە پاشە رۆژی منداڵەکانیان ھەیە کە بێگومان دوور دەبێت لە پیاھەڵدان و سۆزداری ، چونکە پاشە رۆژی منداڵەکانیان و قوتابخانە لە ناو بازنەی بڕیارەکان دەبێت.
بەرێوەبەری گشتی چاڵاکی وەرزشیی و ھونەری

Top