لەدوای رەحمەتی خوا پێشمەرگە پەرژینپارێزی كوردستان و سەربەرزیی نەتەوەكەیەتی

لەدوای رەحمەتی خوا پێشمەرگە پەرژینپارێزی كوردستان و سەربەرزیی نەتەوەكەیەتی
بەناوی خوای گەورەو میهرەبان
لەقۆناغە مێژووییەكاندا پێشمەرگە توانیوێتی بەرگری لە نەتەوەی كوردو كوردستانییەكان بكات و لەم پێناوەدا قوربانییەكی زۆری داوە، ئێستاكەش لەسایەی پێشمەرگەدایە هەموو تاكێك بەئارامی و ئازادی لەهەرێمی كوردستان دەژی بەئاوارەو پەناهەندەكانیشەوە، تەنانەت نەتەوەی كورد بەو پێیەی زۆرینەی موسڵمانن لەسایەی قوربانیدان و فیداكاری ئەواندایە دەتوانن ئازادانە دینداری خۆیان بكەن، چونكە ئەگەر مرۆڤ ئازاد نەبێت، مومكین نییە بتوانێت دینداری بكات. مامۆستایانی ئایینی پیرۆزی ئیسلام بەگەڕانەوە بۆ قورئانی پیرۆز ئەو راستییەیان بەرچاو كەوتووە كە پێویستە دەوڵەت و هەرێمەكەمان خاوەنی چەك و هێزو كەرەستەی جەنگی و سوپاو لەشكری بەهێز بێت، تاوەكو دوژمن نەتوانێت پەلامارمان بدات و خوێنڕشتن رووبدات، لە قورئانی پیرۆزدا هاتووە (وَأَعِدُّوا لَهُمْ مَا اسْتَطَعْتُمْ مِنْ قُوَّةٍ وَمِنْ رِبَاطِ الْخَيْلِ تُرْهِبُونَ بِهِ عَدُوَّ اللَّهِ وَعَدُوَّكُمْ) فەلسەفەی ئەم ئایەتە لەوەدایە ئەگەر دوژمنەكانمان بزانن هێزو توانامان هەیە، ئەو كاتە پەلامارمان نادەن و خوێنڕژتن و كۆمەڵكوژی روونادات.
هەربۆیە بوونی هێزی پێشمەرگەی كوردستان بۆ ئەم قۆناغەو داهاتوو پێداویستییەكی گرنگە، لەسەرەتای ئیسلامیشدا سوپاو لەشكر شێوازێكی سادەی بەخۆوە بینیوەو بەو شێوەیە رێكوپێك نەبووە، ئەو كاتە هەر كەسێك توانیبێتی چەك هەڵگرێت و بجەنگێت و لەچوارچێوەی كۆمەڵەیەكدا بەرەو جەنگ بەڕێبكەوێت، پێیان دەوت سوپا، ئەم سوپایەش گرنگی و تایبەتمەندێتیی خۆی هەبوو، بەتایبەتی كە پەروەردگار مۆڵەتی بە باوەڕداران دا، بجەنگن بۆ بەرگری لە ئایین و خۆیان، ئەوەبوو لەدوای كۆچی پێغەمبەر(د.خ) سوپای موسڵمانان و كاروباری وڵات گۆڕانكاری بەسەردا هات و، گۆڕەپانی جەنگەكان زیاتر و فراوانتر بوون، چەندین بەرپرسی سەربازی لەبەرەكانی جەنگدا دەبینران و دواتر لەسەردەمە جیاوازەكاندا شێوازی سوپاو جەنگاوەرەكان گۆڕان و هێزی سەربازی لەگەشەكردن بەردەوام بوون. لەمێژووی نەتەوەی كوردیشدا رۆڵی مامۆستایانی ئایینی و شێخانی تەریقەت و مەلاو زانایانی ئایینی ئیسلام لە شۆڕش و خەباتەكانی گەلی كورد دیارو لەبەرچاوە، بگرە زانایانی ئایینی ئیسلام خۆیان پێشمەرگەو دامەزرێنەری پێشمەرگە بوون، لەو پێناوەشدا چەندین مەلا و زانای كورد شەهید بوون، بگرە زانایانی ئایینی راگەیاندكارێكی چالاكیی شۆڕش و خەباتەكانی گەلی كورد بوون و لە مینبەرەكان و كۆڕو كۆبوونەوەو بۆنە ئایینی و كۆمەڵایەتییەكان هانی گەنجیان داوە بۆ بەرگریكردن لەخاك و نەتەوە لە ریزەكانی پێشمەرگەدا، لەبەرامبەریشدا لەنابووتكردنی دوژمنان و ئەو سەرلێشێواوانەی بەناوی ئایینی پیرۆزی ئیسلامەوە قەتڵوعامی گەلی كوردی موسڵمانیان كرد، رۆڵی جوامێرانەیان هەبووە، ئەمەش لەلایەك پارێزگاریكردنە لەئایینی پیرۆزی ئیسلام و لەلایەكی تر پارێزگاریكردنە لەنەتەوەو نیشتمان و كەرامەتی مرۆڤایەتی و موسڵمانان و هەموو ئایین و ئایینزاكانی تر، دەرخستنی راستییەكانی دەقەكانی قورئان و فەرموودەكان و بۆ خەڵكی ئەرك و واجبێكی ئایینی ئەوان بووە، تەنانەت هانی ئافرەتانیان داوە بۆ یارمەتیدانی پێشمەرگە بەنانكردن و خزمەتكردنی بواری تەندروستی و پەروەردەكردنی رۆڵەكانیان.
زانایان و شێخانی تەریقەت لەخزمەتكردنی پێشمەرگەو ئەركە نیشتمانی و ئایینیەكاندا یەك گیان بوون لەدوو جەستەدا، ئەوەتا شێخ سەعیدی پیران پێشمەرگە بووەو هەر لەو پێناوەشدا شەهید بووە، قازی محەمەد مەلاو پێشەواو زاناو سەرۆك كۆمارو پێشمەرگە بووە، شێخ عەبدولسەلام و شێخ مەحمود و مەلا مستەفا بارزانی ئەوان بوون وتیان ببنە پێشمەرگەو سەر بۆ دوژمن شۆڕمەكەن و كوردستان یا نەمان، لەهەموو نەبەردییەكانی گەلی كورد مەلاو زاناو مامۆستایانی ئایینی پێشمەرگەیان بەموجاهید داناوەو فەتوایان داوە بەوەی ئەگەر گیانیان ببەخشن شەهیدن.
ئەمڕۆ لەدوای رەحمەتی خوا پێشمەرگە پەرژینپارێزی وڵاتەو موجاهیدی راستەقینەو سەربەرزی نەتەوەكەیەتی. پێشمەرگە سەری بەرزی كوردو كوردستانییەكانی بەرزتر كردەوە كە ئەفسانەی خەواریجەكانی داعشی تێكشكاندو سەلماندی كە كورد رۆڵەی ئازاو بەئەمەكی هەیەو بۆ دۆست و دوژمنی سەلماند كە بەرگری لەمرۆڤایەتی دەكات. ئیبن عەباس جوانی فەرمووە لەتەفسیری ئایەتی (أُولِي بَأْسٍ شَدِيدٍ) كە كوردەكانن، ئێمەی مامۆستایانی ئایینی پیرۆزی ئیسلام پێمان سەیرە كەسانێك بەناوی سیاسەتمەدارو رۆشنبیرەوە لەمینبەری كەناڵەكانی تەلەفزیۆن سووكایەتی بەم بەها بەرزەی نەتەوەكەمانەوە دەكەن كە پێشمەرگەیە، ئەركی هەمووانە یەكڕیزی و تەبایی و دڵسۆزیمان بۆ پێشمەرگە بە رادەیەك بێت، لەسەرووی قین و بوغزو ململانێی حزبی و بەرژەوەندی تەسكەوە بێت، لەئاستێكدا بڕوانینە پێشمەرگە هەروەكو چۆن ئایینی پیرۆزی ئیسلام و فەرموودەكانی پێغەمبەر باس لەپیرۆزی و رێزی ئەو كەسانە دەكات، كە لەپێناو مرۆڤایەتیدا گیانیان بەخت دەكەن و پارێزەری كەرامەت و ژیانی موسڵمانانن.
Top