کاتی بریاری ئەحزابی کوردییە

کاتی بریاری ئەحزابی کوردییە
ئەم دەورانە لە سیاسەتی رۆژهەلاتی ناوەراستدا و بە تایبەت لە ماوەی هەلبژاردنەکانی ئامریکا دا کاتی خەنجەر لە پێشتەوە لێدانی هەموو لایەنەکانە.هەموو کارتەکان دەتوانن سەراوبن بن و بە شێوەی چاوەرۆان نەکراو هەڵبسورێن، ئەمە لایەنێکی یاریی سیاسەتە لە ناوچە دا ، لایەنێکی تری سیاسەت ئەو بەرژه وەندییە سەقامگیرانەن کە سیاسەتیان لە پیناو دا دەکرێت و خەریتەکەی تا رادەیەکی زۆر، روون وبەرچاوە.
تورکیا بە رەوالەت خۆی لە گێژاوێکی سیاسی دایە ، حۆکمی ئاوەرتەی پیادە کردووە و هەموو کەسێک کە لە خەتتی سەرۆک کۆمار لابدات لە بەندی دەدات و لە دەرەوەدا سیاسەتی چالاک بوونەوەی گرتوتە پێش و پ ک ک و پ ی د بە لایەنگرانی سیاسەتی ئێران دەزانێ و هەول دەدات مەیدانیان لێ تەسک بکاتەوە لەم پێناوەدا تووشی جەریمەی جەنگیش دەبێتەوە و پێوەندییەکانی خۆی لە گەل ئامریکا و ئەوروپاش دەخاتە ژێر مەترسییەکی گەورەوە و بە کوردی باشوریش دەلێت لەگەلتان هەمئاهەنگم. و لە لایەکی ترەوە لە شەرێکی هەم تووند و هەمیش حەساب بۆ کراودایە لە گەل کوردی رۆژئاوا و باکووردا بە حوجەتی ئەوە کە ئەوان سەر بە ئێرانن.
ئێران لە هێرێش دایە لە دژی کورد ، هێرێشی ئەساسی خۆی ئاراستەی سەرۆکایەتی کورد لە باشوور کردووە کە ئێستا قورسایی سیاسی و ژیئپۆلیتیکی - بوونی کوردی- لە دەستیدایە.
هاوپەیمانان و دنیای ئازاد و بیریی گشتی دنیا قەت بە نیسبەت کورد وەک ئێستا پۆزیتیڤ و ئیجابی نەبووە، دەرگای پێوەندی دیپلۆماتیک و هەژمارکردنی کورد وەک رەقەمێکی گرینگ لە داریشتنەوەی خەریتەی داهاتووی رۆژهەلاتی ناوەراستدا بە شێوەیەکی جیددی کراوەتەوە. پرسیاریی سەرکی ئەوەیە کە ئەحزابی پێکهێنەری بزووتنەوەی رزگاریخوازی کورد چ دەکەن؟ و چۆنی دەکەن؟
رەوتی سەرەکی لە بیری گشتی کورد دا روونە ، ئەم رەوتە پێوەرە بۆ هەلسەنگاندنی هەلس و کەوتی ئەحزابی کوردیی، ئەم رەوتە بریتییە لە ،
یەکەم ،یەکەتی کورد و دووهەم هاوپەیمانی لەگەل ئامریکا و ئەوروپا و ئیسرائیل وەک تەنیا دێمۆکراسی رۆژهەلاتی ناوەراست و ولاتانێک کە دەتوانن یارمەتیدەری کورد بن لە ناوچەدا .
ئەحزابی باشوور خەریکن هێژمۆنی بارزانی یان قەبوول بکەن یان بە سەریاندا بسەلمێت، ئەوەی لە دژی بێت ئیزۆلە دەبێت ئیسرار لەسەر دژایەتی بارزانی بەرەو هەڵدێریان دەبات ، رێگا دان بە پاسدارێکی ئێرانی جا ناوی قاسم بێ یان هەرچی، بۆ دەخالەت لە کار وباری نێو خۆی کوردان دا خۆی نیشانەی رەوتێکی نیگاتیڤی لەم چەشنەیە. لە باشووردا خەریکە دەگەینە ئەو حالەتە کە ئەحزاب دەبێ هێژمۆنی بارزانی بسەلمێنن و لە بەر بەرژەوندی گەل پشتی ئەم ناوەندە بگرێن کە لە سیاسەتی ناوچەیی و جیهانیدا بارزانی وەک پێگە بۆ کوردی ساز کردووە. رێگا نەدەن بە خۆیان کە وەک ئەحزاب لەگەل ولاتانی دژبەر بە تایبەت ئێران حەساباتیان هەبێت، هەرێم حکوومەتی هەیە و پرێزیدێنتی هەیە ئەحزاب دەبێ بۆ ولاتانی ناوچە و بە تایبەت ئێران تەنیا ئەو رێگایەی بۆ دانۆستان بهێلێنەوە و نەک هەر حیزبە بە لایەکدا، دەنا خۆیان زەرەرمەند دەبن. باشوور و سەرۆکایەتی بارزانی بۆ بە مەنزل گەیاندنی ئەم کاروانە پێویستی بە هاوکاریی گشت ئەحزابە ، دەبێ بە ئێحتیرام و رێزگرتنی نێو خۆیی کوردەوە پرۆسەی هاوکاریی و برایەتی بەرێ کەوێت.
کوردەکانی رۆژهەلاتی کوردستان دەبێ جیددی بن لە سەر ئۆپۆزیسیۆن بوونی خۆیان، ئۆپۆزیسیۆن بوون یانی خەبات، حیزب دەوری خۆی هەیە لەو خەباتەدا گروپی جیاوازی کۆمەلایەتی دەوری خۆیان هەیە و هەر لایەنەش کاری خۆی دەکات و کەس لە کەس ئیزن وەرناگرێ ، خەباتی مەدەنی نابێتە پاساو بۆ تەسلیمی حیزبی سیاسی و خەبات لە دژی ئێران جیاوازە لە پرۆژە بۆ وەدەستخستنی ئیمکانات بۆ کاری هاوبەشی مارجینال و فاندرێزینگ، ئەم بۆ چوونانە بۆیە باس دەکەم لەبەر ئەوە کە لە دیداریی مێری لە هەولێردا بە ئاشكرایی خۆیان دەرخست.
لە بەر چاوی سیاسەتی نێو دەولەتی و ناوەندە ئاگادارەکانی زانستی دوور نییە کە بزوونتەوەی باکوور و رۆژئاوا لە ژێر هێژمۆنی پ ک ک دایە و پێوەندیی پ ک ک لە گەل ئێرانی دژە کورد ناشاردرێتەوە و ئەمە گرفتە و ئەم گرفتە تەنیا گرفتی پ ک ک نییە بەلکوو گرفتی هەموومانە . بۆیە دەبێ بتوانین وا بکەین کە پ ک ک لە ستراتێژیی ئێران دوور کەوێت، دەبێ بتوانین وا بکەین کە پ ک ک مەجالی کاری سەربە خۆ بە بزووتنەوەی لێگالی کوردیی لە باکووردا بسەلمێنێت و دەبێ بتوانین وا بکەین کە بزووتنەوەی رۆژئاوا بتوانێ خۆی خاوەن بریار بێت و گشت هێزەکانی تر لە لای خۆی کۆ کاتەوە و بە هاوکاریی هاوپەیمانان و بە تایبەت ئامریکا ستاتوسێکی سەقامگیر بۆ کورد مسۆگەر بکات. سەرۆکایەتی پ ک ک دەبێ ئەم بریارانە بدات لە بەر ئەوە کە قەرزداری خۆێنی ئەو هەموو شەهیدەی خۆیەتی.
کارمان زۆرە، رووحی کوردانە و ئەو فیداکارییە کە پێشمەرگە لە باشوور دا و گریللا لە باکورد دا و شەرڤانان لە رۆژئاوا دا و رۆلەکانی دێمۆکرات لە رۆژهەلاتدا نیشانیان داوە دەبنە هەوێنی سەرکەوتن .مەرحەلەکە مێژوویی و چارەنووس سازە ، دەبێ لە ئاست ئەم ئەرکانە دا بین . لە کۆتاییدا،گۆتەیەکی سەرۆکی هەریم وەبیر دێنمەوە،کە نابێ لە بیریی کەینەوە،
- ئێمە لە ناوچەیکدا دەژین کە ئەگەر بە هێز نەبین دەمانخۆن-.
با ئەو قسەیەمان لە بیر بێ.
Top