بەو پەنجەیەی لە كورد رادەوەشێندرێ

بەو پەنجەیەی لە كورد رادەوەشێندرێ
چەند رۆژێك دوای پەلاماردانی كەركووك (21/10/2016) لە لایەن داعشەوە، سەلیم جبوری سەرۆكی پەرلەمانی عێراق سەردانی كەركووكی كرد، لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا پەنجەی راوەشاند و گوتی قبووڵ ناكەین ئاوارەی عەرەب لە كەركووك بگەڕێندرێنەوە بۆ شوێنی خۆیان.
هێشتا شەڕی دژی داعش كۆتایی نەهاتووە، دەموچاوی ئەو كارەكتەرانەی كار بۆ پێكهێنانی بەرەیەكی دژی كورد دەكەن دەركەوتووە، مالكی خۆی بەشانازییەوە سەرۆكایەتی ئەو بەرەیە دەكات، سەلیم جبوریش لەو سوننانەیە كە پێیان دەڵێن سوننەی مالكی، بۆیە سەلیم هێزی پەنجە راوەشاندن لە مالكییەوە وەردەگرێت، لەوانەیە هەر بە ئەمری خودی مالكیش هاتبێتە كەركووك، بۆ ئەوەی پەیامێك بگەیەنێت، چەند رۆژێكیش دوای هاتنی سەلیم بۆ كەركووك، نوری مالكیش رایگەیاند دەبێ كورد بگەڕێتەوە سنووری پێش 2003 و داوای راگرتنی كوردی كرد، راستەوخۆش پەلاماری سەرۆك بارزانی و پارتی دیموكراتی كوردستانی دا؟
مالكی و مالكییەكان بەو پێشڕەوییانەی پێشمەرگە بۆ گرتنەوەی موسڵ زۆر نیگەرانن، ئەوەی زیاتریش نیگەرانی كردوون، هەماهەنگیی پێشمەرگە و سوپای عێراقە، ئەمە خۆی لە خۆیدا تیرێكە لە دڵی مالكی و مالكییەكان دەدرێ، مالكی 6 فرقەی سوپای عێراقی بە چەك و جبەخانەیەكی زۆرەوە بۆ داعش بەجێ هێشت و موسڵی دووەم گەورە شاری عێراقی تەسلیمی داعش كرد و بووە پایتەختی خەلافەتی ئەو رێكخراوە تیرۆریستییە. مالكی و جبوری لە درز و كەلێنی نێو ماڵی كورد دێنە ژوورەوە، جبوری لەسەر خاكی كوردستان پەنجە رادەوەشێنێ و پێمان دەڵێ دەبێ عەرەب لە كەركووك بمێننەوە.
چەند رۆژێك بەرلەوەی مالكی بەوشێوەیە بڕشێتەوە، ئاڵا تاڵەبانی سەرۆكی فراكسیۆنی یەكێتی لە پەرلەمانی عێڕاق لە چاوپێكەوتنێكی تەلەفزیۆنیدا گوتی مالكی پیاوی دەوڵەتە و كەركووك عێراقییە. ئاخر مالكی هەموو ئومێدی خۆی لەسەر سەردانی سلێمانی و كەسانی وەك ئاڵا هەڵچنیووە، بۆ ئەوەی دەنگ كۆبكاتەوە و جارێكی دی ببێتەوە سەرۆك وەزیران، هەربۆیە بۆ دڵدانەوەی ئەو حزبانەی سلێمانی گوتی مەبەستم هەموو كورد نیە تەنیا بارزانی و پارتیم مەبەستە، ئەوە ئەو مالكییەیە كە دژی كوردە، كەواتە بەرنامەكەی زۆر ئاشكرایە، چۆن بە شانازییەوە قوتی خەڵكی بڕی، ئێستاش خۆی بۆ قۆناغی دوای داعش ئامادە دەكات، بۆیە لە ئێستاوە داوای گەڕاندنەوەی پێشمەرگە بۆ سنووری سەردەمی سەدام دەكات، بەڵام پێشمەرگە بەخوێن ئەو سنوورەی دیاری كردووە، ئەو بە (كاكە) ی جاران و واوەتریش سەیری كورد دەكات، سەیرە وێنەی مالكی لە دیوانیە و چەند ناوچەیەكی دیكەی باشووری عێراق لەلایەن هاومەزهەبەكانییەوە بەرد باران دەكرێت، تازە بەتازەش لای ئێمە بە دەوڵەتمەداری دەزانن.
Top