مالیکی و سێبەرەکانی لە کوردستان
October 29, 2016
وتار و بیروڕا
مالیکی کە بەو شێوەیە قسە دەکا و بەو لەخۆ رازیبوون و بێمنەتیە تۆمەت دەبەخشێتەوە دەبێ لە بۆشاییەوە بێت و شتێکی نەچاندبێ و ئێستا بە رای ئەو تەنها کاتی دروێنەکەیەتی، بێگومان مالیکیەک کە شەش مانگ دوای بڕینی قووتی خەڵك هەشتا و حەوت ملیۆن دۆلار بداتە پڕۆژەیەکی گەشتیاری لە سلێمانی کە دەزانێ داهاتەکەی لە پڕۆژەیەکی میدیایی سەرف دەکرێ دەبێ هەر وا بەلاش بێ و تەنها لەبەر چاوی منداڵانی سلێمانی بێ تا شوێنێکیان هەبێ کاتی لێ بەسەر ببەن، مالیکیەک کە بە پرٶژەی نیشتەجێبوون و بەخشینی خانووی هەزار مەتری و باڵەخانە لە بەغدا پەڕلەمانتارانی یەکێتی و گۆڕانی بەسەر کردۆتەوە خۆ دەبێ هیچ نەبێ لە بەرامبەردا ئەوانیش چاکەیان لە چاو بێ.
ئەو پەیوەندیانە و لە ژێر کاریگەری ئێران کە نووسینگەی فەرماندەی سوپای قودسی بە فەرمی بۆ سلێمانی گواستۆتەوە جورئەت بە نوری مالیکی دەدەن لە سلێمانیەوە لە دژی مافی چارەی خۆنووسینی خەڵکی هەرێمی کوردستان دژایەتی خۆی رابگەیێنێ، ئەو هاوکێشانەن کە مالیکی هاندەدات بەبێ منەتی و سڵەمینەوە بێڕێزی بە مێژوو و ئیرادە و پەیوەندیەکانی خەڵکی کوردستان بکات و لە رێگایانەوە سوکایەتی بە میللەتانی دیکە بکات کە لەگەڵ گەلی کوردستان نە کێشەی مێژووی و نە نشتیمانی و نە ئاینیان هەیە.
بەد بەختی کورد لە هەبوونی مالیکی دا نیە چوونکە لەوەتەی عەرەب بە هێزی داگیرکاریەوە بوونەتە دراوسێی کوردان تەنها مالیکیەکان قسەیان بیستراوە و بە شێوازی مالیکیانەش مامەڵە لەگەڵ کوردستانیان کراوە،بەڵام بەدبەختیەکە سێبەرەکانی مالیکین کە لەو خەنجەریان تیژترە بۆ جەستەی کوردستان، ئەوانن وەک دەڵێن " کوچک لە ئاگری گەرمترە " کوچک لە هەندێک ناوچەی کوردستان بە ئاگردان دێ و لە هەندێک ناوچەی دیکەش بە تایبەتی باکووری کوردستان بە " سەگ " دێت کە سێبەرەکانی مالیکی لە کوردستان هەردوو مانا لە خۆ دەگرن وەک ئاگردان ئاگرەکەیان لە باوەش گرتووە و وەک سەگیش بە خاوەنەکانیان دەوەڕن.