قسەکانی ئاشتی هەورامی لە دیداری مێری خەڵکی توشی شۆک کردوە نەک لە بەر ئەوەی لە جیاتی ئومێد بێ ئومێدی بڵاوکردەوە و لەبەر ئەوەش نا کە گووتی ئەو قەیرانە کۆتایی نایێ،بەڵکو میدیاکان بە ئەمانەتەوە قسەکانیان شی نەکردەوە و تەنها ئەو پارچەیان لێ بەکارهێنایەوە کە بەهۆیەوە دەتوانرێت لەبەر چاوی خەڵک ناشیرین تر بکرێ و لە رێگای ئەوەیشەوە حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕەشتر بکرێ. ئاشتی هەورامی حەقیقەتی گووت بەڵام وەک دەڵێن "حەقیقەت تاڵە" بە راستی حەقیقەتێکی تاڵ بوو،حەقیقەتێک کە دەستی لە سەر برینەکانی خەڵک دانا بۆیە خەڵک هەستی بە ژانەکە کرد حەقیقەتێک کە بیست و پێنج ساڵە حزبەکان خۆیان لە پشتیەوە شاردۆتەوە و حکومەتیان کردۆتە ئامانجی هەموو گلەیی و کێماسیەکان، ئاشتی هەورامی گووتی کە حزبەکانن بیست و پێنچ ساڵە حزبەکانن لە سەر سفرەی ئەو میللەتە دەلەوەڕێن و دەستی چەوری خۆیان بە حکومەت دەستڕنەوە. ئەمن بە ژیانم نە ئاشتی هەوارمییم دیتیە و نە دەیناسم چ جۆرە پیاوێکە و چی هەیە و چی نیە بەڵام قسەکانی دوێنێی دەبێ وەک مشتەکۆڵەیەک بایە بۆ سەروگوێلاکی حزبەکان نەک حکومەت، دەبوایە قسەکانی ئەو ریڕەوەبان کە میدیاکان بیگرنە بەر و وازی لێنەهێنن نەک لە بن کاریگەری سیاسیەکان رێچکەیەکی دیکە بگرنە بەر و تەنها غاربدەنەوە حکومەت، وەزیری سامانە سروشتیەکان لە هەموو کەس باشتر دەزانێ گرفتەکان بە فرۆشتنی نەوت چارەسەرناکرێن چوونکە نەوت پارە پەیدا دەکا نەک سیستەم، پارە باڵەخانەی بەرز بنیات دەنێ نەک عەقڵی بەرز،ئەو گووتی کە قەیرانی کوردستان تەنها دارایی نیە بەڵکو قەیرانی نەبوونی سیستەمێکی شیاوی حوکمڕانیە کە حکومەت لە بن دەستی حزبەکان بێنێتە دەروە. بەر لە قەیرانی دارایی لە هەرێمی کوردستان قەیرانێکی دیکەی گەورەتر هەبوو کە هەموو خەڵک باسی لێوەدەکرد کە گەندەڵی و بەتاڵانبردنی وڵات بوو،کە دروست بوونی قەیرانی دارایی چەند گرێدراوی دابەزینی نرخی نەوت و بڕینی بودجە بووە لەلایەن حکومەتی عێراق چارەسەرنەکردنیشی ئەوەندە پەیوەندی بەو رێگریانە هەیە کە حزبەکان لە بەردەم هەوڵەکانی حکومەت دروست دەکەن بۆ چاکسازی کردن،دواترین نموونە و ئێستا لە سلێمانی رێگری دەکرێ لە بەردەم پرۆسەی بە ئەلکترۆنی کردنی موچەی فەرمانبەران تا لایەنی کەم دوو موچەیی نەمێنێ، بۆیە بۆ تێگەیشتن لە ئاشتی هەورامی پێویستە بە دەروونێکی ساردەوە لە قسەکانی وردبیەوە کە مەبەستی چ بووە نەک گوێ لەو شڕۆڤەکارانە بگری ئەوانەی دێن و لە ئاراستەی بەرژەوەندی حزبەکەیان لێکدانەوەی بۆ دەکەن کە زۆربەیان بە هەوڵدان بۆ ناشیرین کردنی حکومەت کۆتاییان دێ.