هەلس وکەوتی کوردانە لەگەل بەغدا و تاران و پەیامی ساغی مالێکی

هەلس وکەوتی کوردانە لەگەل بەغدا و تاران و پەیامی ساغی مالێکی
میللەتی کورد لە رۆژهەلاتی ناوەراستدا لە سەردەمی شەری ساردا خاوەن هیچ پێگە وپێناسەیەکی لە سیستێمی نێودەولەتی دانەبوو.
پێناسە بریتی بوو لە خەلک و نیشتمانێکی دابەشکراو و ژێر دەستەی چوار دەولەتی نەیار وسەرکووتکەر. لە دوای شەر سارد و شەپۆلی گۆڕان کورد لە ناوچەدا رۆژ لە دوای رۆژ لە سەر خاکی خۆیدا بۆتە خاوەن هێز وبریار، سیستمی جیهانی و گۆرانکارییەکانیش دەریچەی هەناسەی بۆ کردوتەوە.
ئێستا کورد پێوایە رۆژ لە دوای رۆژ لە سەر خاکی خۆیدا بەهێزتر دەبێت، سەرەرای تەنگ و چەلەمی گەورە لە ژیانی سیاسی و ئابووریی و ژیئۆپۆلیتیکی دا رەوتی رووداوەکان بەرەو ئامانجی وەدەست هێنانی سەروەریی نیشتمانی کوردە.
ئەم رەوتە وا دەکات کە کورد بتوانێ رۆژ لە دوای رۆژ روونتر لە جاران بەرژەوندی میللی و نەتەوەیی خۆی پێناسە بکات، ئەم پێناسەیە دەبێتە بناغەی هەلس وکەوتی کورد لە گەل دەولەتانی داگیر کەر و نەیاردا.
گۆتاریی کوردیی نە لە دژی ئێران یان بەغدا یان ئانکارایە بەلکوو ئیسرارە لەسەر بەرژەوندی خۆی، ئەو دەولەتانە بەرژەوەندی خۆیان بە راست یان ناراست پێناسە کردووە. هەلس وکەوت و ووت وێژەکان لە سەر بنەمای ئەم بەرژەوەندییانەدا دەبێت. ئێمە میللەتین و خوازیاریی سەروەری میللی خۆمانین لە سەر خاکی خۆماندا، بۆ ئەم مەبەستە خەبات دەکەین و تەحەمۆلی خەسارات دەکەین، دژی خاک و بەرژەوەندی هیچ لایەنێک نین. لەگەل هەموو گەلانی ناوچە هاوکار و دۆست دەبین لە سەر بنەمای ئێحترامی دوو لایەنە بۆ ئەو بەرژەوندییە کە باسمان لێوە کرد. هەر سیاسەتێک ئیسرار لەسەر رەددی بەرژەوەندی کورد بکات ئێمە موقاومەتی لەبەرانبەر دا دەکەین.
ئەوروپا دوو شەری جیهانی کرد تا کوو گەیشتن بە سازانێک کە لێوێدا بەرژەوەندی میللی زۆربەی زۆریان دانی پێنرا، ناوچەی رۆژهەلاتی ناوەراستیش هەر بەهەمان ئاراستەیەدا دەروات. دێمۆکرات و پێشکەوتنخواز و پیاوان و ژنانی داهاتوو ئەوانەن کە بە خێر هاتینی ئەم رەوتە بکەن، دوا کەوتوو و کۆنەپەرەستانیش ئەو کەسانەن کە چاویان لە کۆیلەتی میللەتانە لە ناوچەدا وەک جاری جاران.
کەسانی وەک مالکی و پشتیوانانی لە تاراندا نموونەی بەرجەستەی ئەو کۆنەپەرەستانەن، درەنگ یان زۆوو هەم خۆیان و ولاتەکانیان لەگەل میللەتانی ناوچەدا تووشی کێشە و گرفت ووێرانی دەکەن و هەمیش رووبەرووی دوژمنایەتی و خیلافات دەبن لە گەل کۆمەلگای جیهانیدا. خالی هەرە بەرجەستە لە هەلس وکەوتی وان دا ئەوەیە کە زیاتر لەوە کە زەرەر بگەیننە میللەتانی رزگاریخواز ، بە دەرجەی یەکەم میللەتی خۆیان تووشی نەهامەتی و چەرمەسەری دەکەن، یانی سودیان بۆ هیچ لایەک نییە زەرەر نەبێ.
بۆیە ئێستا کە سەرکەوتنەکانی کورد و سەرۆکایەتی لە سیاسەتی ناوچەدا خۆی بە ئاشکرایی نیشان دەدات زبانی مالکی و کەسانی وەک ویش رووت تر و ئاشكرا تر دەبێت لە دوژمنایەتی کورد دا، لە دوای پەیامی ساغی مالیکی سەیر دەبێ کوردێک دەستکەوێ باس لە بەغدا وەک پایتەختی خۆی بکات و کوردێک دەستکەوێ خوازیاریی هاوپەیمانی لە گەل کەسانی لەم چەشنەدا بێت.
Top