سەركەوتنی " دیپلۆماسی، سیاسی و سەربازی"، ئەنجامی خۆراگری و فیداكارییە
October 26, 2016
وتار و بیروڕا
ئەگەر تا دوێنی شۆرشە یەك لە دوای یەكەكانی نەتەوەی كورد لە پێناو ناساندنی شوناسنامەی كورد و لە پێناو رٍەتكردنەوەی زوڵم و ژێر دەستی و چەسپاندنی مافەرەواكانمان بوو ، ئێستامان دەخوازێت پارێزگاری لە گشت دەستكەوە ستراتیژ و مێژووییانە بكەین كە لە ئەنجامی خەباتی دەیان ساڵەمان بە دەستهاتوون لە هەمانكاتیشدا هەوڵەكانمان چرٍتر بكەینەوە بۆ بەدیهێنانی ئامانجە گەورەكەمان كە ئاواتی دێرینەی هەر تاكێكی دڵسۆز و نیشتیمانپەرەوەرە كە ئەویش " سەربەخۆیی كوردستانە ".چونكە بەبێ ئازادی و سەربەخۆیی مەحاڵە نەتەوە، یان كۆمەڵگە یان تاكەكەس گوزارشت لە بوونی خۆی بكات. واتە بەبێ ئەوەی ببیتە خاوەنی شوناسێك كە شوناسی نەتەوەیە، زۆر ئاستەمە كە بتوانیت پیادەی خواست و ویستەكانی خۆت بكەیت. بەدڵنییاییەوە دروستكردنی دەوڵەتێكی نەتەوەیی تاكە رێگایەكە كەسێتی تاكی كورد خۆی تێیدا دروست بكاتەوە، ئەو ئازادییەش بەبێ بوونی دەوڵەت و دروستكردنی دەوڵەت و رزگاربوون لە هەژموون و دەسەڵاتی داگیركارانی كوردستان بە هیچ شێوەیەك نایەتەدی، بۆیە لە راستیدا ئێمە تەنیا لە ئازادی و دروستبوونی دەوڵەتدا دەتوانین كەسێتی و كەلتووری خۆمان بینا بكەینەوە، كاتێك ئێمە سەربەخۆییمان هەبێت، هەموو ئاسۆكان بۆ نەتەوەی ئێمە دەكرێتەوە. ئەگەر ئازادی و سەربەخۆیی بدرێتە نەتەوەی كورد، ئەوا تاكەكانی نەتەوە دەبنە مرۆڤێكی كارا و تاك دەتوانێت رووداو دروست بكات لە سەر ئاستی شارستانییەت. هەر حزبێكی سیاسی، یان تەنانەت هەر تاكێكیش ئەگەر بڵێت من دژی سەربەخۆیی كوردستانم، یان ئامانجە سەرەكییەكەی سەربەخۆیی كوردستان نەبێت، ئەوا دەكەوێتە پەراوێزی مێژوو، سەرەنجامیش بە ئاسانی راست نابێتەوە و ناتوانێت پێگەی خۆی بگێڕێتەوە، مێژووش رەحم بە هیچ كەسێك ناكات، ئێستا دەرفەتەكە بە ئاراستەیەك هاتووە كە ئەویش ئاراستەی سەربەخۆیی كوردستانە و بەرەو دەوڵەتی سەربەخۆ هەنگاو هەڵدەگرین، هەر لایەن و كەسێك بە پێچەوانەی ئەمەوە كاربكات، دەكەوێتە بەر نەفرەتی مێژوو.
لە ماوەی چەند رۆژی رابردوو تا بە ئەمرٍۆ ، چەندین شاندی پایە بڵند لە ئەمەریكا و وڵاتانی ئەوروپایی سەردانی هەرێمی كوردستانیان كرد و بە شێوەیەكی فەرمی پشتیوانی خۆیان بۆ كورد و دۆزەرەواكەی بە تایبەت لە شەرٍی تیرۆریستانی داعش دەرٍبرٍی ، ئەوەش دەسكەوتێكی گرنگە لە رووی دیپلۆماسی و سیاسی و سەربازی بۆ گەلی كوردستان و حیكمەت و پلان دارێژەرەكەشی بۆ سەركەوتنی پێشمەرگە ، سەرۆك مسعود بارزانی دەگەرێتەوە . ئەگەر بە وردی سەرنج بدەین ، هیچ كۆبوونەوە و راوێژكاریی و دیپلۆماسییەك بە بێ گەرٍانەوە بۆ هەرێمی كوردستان و لایی شەخسی سەرۆكی هەرێمی كوردستان هێژا مسعود بارزانی ، ئەوا بە كەم وكورتیی دەمێنێتەوە ، هۆكارەكەشی بۆ متمانە بوونی وڵاتانی ناوچەكە و نێودەوڵەتی بۆ خۆراگری و قارەمانییەتی میللەتی كورد دەگەرێتەوە و كە لە جیاتی هەموو دونیا شەرٍی ئازادی و پاراستنی مرۆڤایەتی دەكات و پێشمەرگە و سەرۆك مسعود بارزانی ئاڵاهەڵگری و پێشەنگی ئەو شانازییەن. هەستی نەتەوایەتی و نیشتمان دۆستی ، لە كاتێكدا چەندین دەزگا و كەسایەتی لە ژێر چەتری ئازادی و سەروەرییەكانی كوردستان، بە فیتی دوژمنانی كورد، هەوڵی لاواز كردنی بیری نەتەوەیی و نیشتمانپەروەری، دووبەرەكی خستنە نێو كۆمەڵانی خەڵك و دروستكردنی بیری ناوچەگەرایی لە ناو گەلی كورد بە گشتی و باشووری كوردستان بە تایبەتی، سەرۆك بارزانی نەیهێشت ئەو هەوڵەی دوژمنان سەربگرێت و دەبینین رۆژ لە دوای رۆژ هەستی برایەتی و نەتەوەیی و كوردایەتی لە ناو چین و توێژەكانی هەرچوار پارچەی كوردستان بەهێز و بەهێزتر دەبێت.سەیر بكەن دوای سەفەری دیپلۆماسی بۆ وڵاتانی رۆژئاوا و شەڕی تیرۆریستانی داعش بە رابەرایەتی بارزانی و كۆنتاكتی پەیوەندیە دیپلۆماسییەكان لەگەڵ وڵاتە زڵهێزەكان بەهێز بوون، ئەو وڵاتە زلهێزانە نەك هەر ئامادەبوون ئاڵای كوردستان بەرزبكەنەوە، بگرە پشتیوانی دەوڵەتی كوردی دەكەن و ئامادەن چەك و راوێژكاریش بنێرنە كوردستان و بە هەموو شێوەیەك پشتیوانی لەو لە كورد و سەربەخۆیی كوردستان دەكەن ..
لە كۆتاییدا دەڵێم ، خۆراگریمان ، گیانبەخشی پێشمەرگە، حیمكمەت و داكۆكیكارییەكانی سەرۆك مسعود بارزانی لە مەرٍ پرسە نەتەوەیی و مافەرٍەواكانمان توانی سەركەوتنی " دیپلۆماسی ، سیاسی و سەربازی " لێبكەوێتەوە شانازییەكی مێژوویی بۆ كورد و كوردستان تۆمارٍ بكات ..