ڕاستگۆی و دڵسۆزی ودادپەروەری لە کارەکاندا کەسایەتی و ھاوسەنگی بەرێوەبەر دەپارێزێ

ڕاستگۆی و دڵسۆزی ودادپەروەری لە کارەکاندا کەسایەتی و ھاوسەنگی بەرێوەبەر دەپارێزێ
ناپلیۆن دەلێ " دام و دەزگا ودامەزراوەکان تێک دەچن و خراپ دەبن ،ئەگەر بنەما و بناغەیان لەسەر ڕاست گۆیی و ڕەوشت و ئاکاری بەرز نەبێت".
دیارە قوتابخانەش کە دامەزراوەیەکی سەرەکییە بۆ پێگەیاندن و تێگەیاندن و پەروەردە کردنی نەوەکانی ئایندە و چاندنی تۆوی دڵسۆزی و ڕاستگۆیی و بنیات نانی کەسایەتی تاکەکان کە لەوێ دەست پێ دەکات و دەتوانرێ بوێرترین توێژ و دڵسۆزترێ کەسەکان درووست بکرێ ، ئەویش بە لەخۆ بوردوویی بەردەوامی خودی بەرێوەبەری قوتابخانە و دەستەی کارگێڕی و مامۆستا بەرێزەکان، چونکە ئەوانەن مرۆڤ لە ناخەوە درووست دەکەن و کۆمەڵگای تەندروست بەرھەم دەھێنن ، بەرێوەبەری قوتابخانە کە کەسی یەکەمی قوتابخانەیە دەبێ ھەموو کاتی خۆی تەرخان بکات بۆ خزمەتکردنی قوتابخانە کە قوتابی و مامۆستا و فەرمانبەران دەگرێتەوە کەسی تەرخان کراو بۆ ئیش و کاری قوتابخانە پێی دەلێن بەرێوەبەر کە ئاگای لە ھەموو قوتابیان و مامۆستاکانی بێت و جیاوازی ھەرگیز نەکات و کارەکانی دابەشبکات و کەشێکی ھێمن و دوور لە ژاوە ژاو لە قوتابخانە درووست بکات و ژینگەیەکی ڕەخساوی کۆمەڵایەتی و پەروەردەیی و رۆشنبیری بێنێتە کایەوە لە نێوان قوتابخانە و کەس و کاری قوتابیان وە ئەزموون و شارەزایەکی پەروەردەیی تەواوی ھەبێت و خاوەن بڕیار بێت و ویژدانێکی زیندووی ھەبێت درێخی نەکات لە خزمەت کردنی قوتابخانەکەی و لە ھەمان کاتیشدا کەسایەتیەکی بەھێزی ھەبێت و بزانێ چۆن ڕووبەرووی کێشەکان دەبێتەوە و چارەسەریان دەکات و بڕوای تەواوی بە کارەکەی ھەبێت و قوتابخانەو قوتابی و مامۆستای خۆش بووێت و بتوانێ چۆن ھۆکارو ئامانجەکانی بەیەکەوە ببەستێتەوە و گەشە بە توانا پەروەردەییەکانی بدات و ڕەفتارو گوفتارو کرداری سەرکردەیی بێت.
سەرکردەیەکی پەروەردەیی دوور لە ھات و ھاوارو ھەڕەشە و گوڕەشە و رێزی قوتابیان و مامۆستاکان بگرێت و ڕەچاوی دەروونییان بکات و ڕاستگۆیی و دڵسۆزی و دادپەروەری لە کارەکانیدا کەسایەتی و ھاوسەنگی بەرێوەبەر دە پارێزێ کە ئاگاداری چۆنیەتی دابەشکردنی بەشە وانەکان لە نێوان پسپۆرییەکان و ھاوکاری کردنی مامۆستاکانی و ھەبوونی پلانی ساڵانە و مانگانە و رۆژانە و بەشداری کردنی لەسەرجەم بۆنەکانی قوتابخانە کە بێگومان ھەموو ئەوانەی باسمان کردو زۆری تریش یەکسانن بە سادەترین ئەرک کە ئەویش برتییە لە ئەستۆگرتنی ئەو بەرپرسیاریەتیە کە بەرێوەبەری تێگەیاندن و پەروەردەکردنی نەوەیەکە .
دەبێ ھەردەم لەو نەوەیە کە قوتابییە نزیک بێت بەڵکو ئیش و کارو ئەرکی بەرێوەبەر بریتیە لە نزیکی و ھاورێیەتی و تێگەیشتنی لە قوتابیەکانی نەک پشت تێ کردن، تا بەرێوەبەر لە قوتابیەکانی نزیک بێت و لە ئیش و ئازارەکانی قوتابی بگات کەسێکی ویژدان ئاسوودە دەبێت.
سەرکەوتنی بەرێوەبەر لەسەرکەوتنی قوتابی و مامۆستاکانیەتی ھەر قوتابی و مامۆستان پێوەری ھەڵسەنگاندنی بەرێوەبەرن نەک کەناڵەکانی تر کە ھەندێک لە بەرێوەبەرەکان ئاگایان لە قوتابخانەکانیان نەمایە ھێندەی خەریکی پیاھەڵدان و سوڕانەوە بن لە دەوری ئەلەقەی تر.
گرنگە بەرێوەبەری قوتابخانە ھەفتانە بابەتی رەوشتی ھەبێت بۆ قوتابیان کە چۆن ڕەفتار لەگەڵ خەڵک بکەن ھەر بۆنموونە لە ووڵاتی یابان لە پۆڵی (یەکەمی سەرەتایی تا پۆڵی شەشەمی سەرەتایی ) بابەتێک دەخوێنن پێی دەگوترێت (رێگای ڕەوشت)کە قوتابی فێردەکات و پەروەردەی دەکات چۆن ڕەفتار بکات لەگەڵ کۆمەڵگا و لەگەڵ خەڵک فێری کۆمەلێ شتی گرنگی ژیانی دەکات.
گرنگە بەرێوەبەرایەتی گشتی پرۆگرامەکان لە وەزارەتی پەروەردە بیر لە بابەتی وا بکەنەوە کەوا قوتابی لە قۆناخی بنەڕەتیەوە بەسەرجەم پۆلەکانیەوە چۆنیەتی ڕەفتارکردن لەگەڵ کۆمەڵگا و تاکەکانی کۆمەڵگا وەکو پرۆگرام بخوێندرێ کە ئەرکی مامۆستا و دایک و باوک و کۆمەڵگاش ئاسان دەبێت ، چونکە لە رێگای ئەو پرۆگرامە زیندووانە قوتابی ئاراستە دەکرێ چۆن ڕەفتار بکات کە بێگومان کەسێکی زیندوو و وشیارو ڕاست گۆی لێ درووست دەبێت.
بەدڵنیایی بەرێوەبەری قوتابخانە نابێ لە قوتابخانە بزر ببێ و داببڕێ ، ھەردەم لە ناو قوتابخانە بێ قوتابیەکان بیناسن کە ئەو بەرێزە بەرێوەبەری قوتابخانەیە قوتابیەکان ھەست بکەن و بزانن کە ئەو کەسە ھەموو قوتابیەکانی خۆش دەوێ و بزانن کەوا زۆر گرنگییان پێ دەدات و ناوی ھەموویان بزانێ و بە ناوی خۆیان بانگیان بکات، ھەر بۆنموونە لە یەکێک لە قوتابخانە بنەڕەتیەکانی شانشینی عەرەبی سعودی بەرێوەبەری قوتابخانە ھەفتانە لە پێشوازی قوتابیەکانی دەبێت لەسەر ئەژنۆک دەوەستێ یەکەیەکەیان باوەش دەکات و ماچیان دەکات و قوتابیەکانیش باوەش لە بەرێوەبەرەکەیان دەدەن و ماچی دەکەن کە بێگومان ھیچ قوتابیەک لەم قوتابخانەیە دانەبڕاوە لە خوێندن و بەدەگمەن قوتابی دوور دەکەوێت چونکە سۆزێکی باوکایەتی لە بەرێوەبەر دەبینێ وەکو باوکێک و یان برا گەورەیەک ڕەفتار لەگەڵ قوتابیەکانی دەکات، قوتابیەکانیش زۆریان خۆش دەوێت ئەو بەرێوەبەرە بۆتە خۆشەویستی قوتابخانە و شارەکەیان ، کە قوتابخانەکەشیان لە قوتابخانەکانی تر خۆشتردەوێ ، پێویستە لای خۆمانیش لە قوتابخانەکان ھەموو ئەو بۆشاییانەی لە دڵ و ژیانی قوتابی ھەیە لەلایەن بەرێوەبەر و دەستەی کارگێڕی و مامۆستاکان پڕ بکرێتەوە بە تایبەتی قۆناخی بنەڕەتی ، چونکە کەسی یەکەمی ھەر دامەزراوەیەک گەر خۆشەویست بێت لای خەڵک بێگومان ئەو دامەزراوەیەی ئەو بەرێوەی دەبات خۆشەویست دەبێت لای خەڵک و ڕووی تێ دەکەن.
بەرێوەبەری گشتی چاڵاکی وەرزش و ھونەر

Top