دوای داعش چی بکەین؟؟

دوای داعش چی بکەین؟؟
بەبێ لەبەرچاوگرتنی سەرچاوەی تەمویل کردنی و دەست لەپشت دانی (دەوڵەتی تیرۆرستی داعش)، بەڵام ئەوە راستەکەو ناشاردرێتەوە لەگەڵ ھاتنی تیرۆرستانی داعش بووە ھۆی گۆرینی بارودۆخی سیاسی و ئابوری عێراق و ناوچەکە وتەسفیەی حیساباتی زۆری لەگەڵ خۆی دا ھێنا.
لەسەرەتای دەرکەوتنی داعش لە عێراق والێک دەدرایەوە کە جێ بەجێکردنی ماددەی ١٤٠ی دەستوری عێراق بەشێوەی کرداری لە ئەرزی واقیع جێ بەجێکرا، بەڵام لەبەرئەوەی ئەم تاقمە تیرۆرستیە دەست و دڵ رەشە ھەڵگری ئایدیایەکی ئەوەندە ترسناک و خوێناوی و ناشیرین بوو، کە بووە گەورەترین مەترسی بۆسەر حکومەتی ھەرێمی کوردستان وناوچەکە بەگشتی.
بەھەر جۆرێک بێت کورد بە سیاسەتی حەکیمانەی رێزدارسەرۆک بارزانی وپێشمەرگەقارەمانەکان و پشتیوانی وڵاتانی ھاوپەیمان تواندرا سنورێک بۆ رەفتارە بەربەریەکانی داعش دابندرێت، ھەروەک بینیمان لەسەروبەندی رزگارکردنی موسڵ لێک تێگەیشتن لەنێوان حکومەتی ھەولێر و بەغدا ھاتەکایەوەو تەنانەت رێکەوتن نامەی سەربازیشی لێکەوتەوە، بەڵام لەراستی دا ئەوە دەستەبەری تەواوی مافەکانی کورد کەمە نەتەوەکانی تری عێراق ناکات ھەر وەک چۆن (سەرۆک بارزانی) لەراگەیاندنەکان دا فەرمووی تا لەداھاتوو کێشەیەکی ترمان بۆ درووست نەبێت، ئەوەی گرینگە رێکەوتن نامەیەکی سیاسی بکرێت بۆ داھاتووی موسڵ و ئەو ناوچە رزگارکراوانەی بەخوێنی پێشمەرگە قارەمانەکانی کوردستان ئازاد کراون، چونکە مومکین نیە بەبێ رێکەوتن نامەیەکی سیاسی پێشوەخت بەرژەوەندیە باڵاکانی کورد پارێزراو بێت ولەھەمان کاتیش دا عێراق ئارامی بەخۆیەوە ببینێت.
کورد بەدرێژایی مێژوو یادگارێکی دلخۆشکەری نیە لەگەڵ دەسەڵات دارانی بەغدا، ھەربۆیە پێویستە تەواوی لایەنە سیاسیەکانی کوردستان بێ دوو دڵی وبەوپەری تواناوە پاڵپشتی تەواوی بریارەکانی رێزدار سەرۆک بارزانی بکەن، تا ھەرچی زووە نەخشە رێگایەک بۆ داھاتووی ئەو ناوچانە دابندرێت بۆبەرقەرار بوونی ئاشتی و ئارامی یەکجاری.لەھەمان کات دا نابێت چیتر رێگە بەسیناریۆ غەدارەکانی دەسەڵات دارانی بەغدا بدرێت، ھەروەک چۆن لەرابردوو لەیەکلایی کردنەوەی کێشەی ویلایەتی موسڵ بەرامبەر نەتەوەی کورد ئەنجامیان دا بەھاوکاری چەند لایەنەێکی دەرەکی ،لەبەرئەوەی ھەموومان ئەو راستیە دەزانین ھەر لەدامەزراندی دەوڵەتی عێراق دا تا ئێستاشی لەگەڵ دابێت قەیرانی حکوم ھەیە لەعێراق نەوەک حکومەت. باشترین نمونەش ئەو ھەموو کێشەو ئاریشانەی لەچەندساڵی رابردوو دەسەڵات دارانی عێراقی نوێ بۆحکومەتی ھەرێم درووستیان کرد، ھەربۆیە دەبێت سەرکردایەتی سیاسی کورد لەھەرێمی کوردستان بەرچاو روونی تەواوی ھەبێت لەسەر داھاتووی ئەو ناوچانە دوای نەمای داعش، چونکە پێچەوانەکەی بەفیرۆ دانی خوێنی پاکی شەھیدانە وجارێکی تر رووبەرووی شەروململانێی سەختر دەبین .
Top