چەواشەکاری بەھا سیاسییەکان(سایکۆلۆژیای سیاسەت)

چەواشەکاری بەھا سیاسییەکان(سایکۆلۆژیای سیاسەت)
سیاسەت گۆڕەپانێکی خزمەتکردنە بە کۆمەڵگا و لە ڕێگەی ھەندێ توانایی ھزری و کردەوەیی و لەوانەش بەکارھێنانی ھێز و دەستھەڵات بە شێوازێک کە کۆمەڵگا بە ھۆیانەوە بگاتە ئامانجەکانی. سیاسەت یەکێکە لەو چاڵاکیانەی کە کارکردن لە نێوی دا بۆ یەکێک لە پاڵنەرەکان دەگەڕێتەوە کە لە دیدی ئابراھام ماسلوی دەروونناسەوە دەکەوێتە نێو خانەی ئەو پێداویستییە (الحاجات یان needs) سایکۆلۆژییانەی کە بە ناوی دانپێدانی کۆمەڵایەتی دەناسرێتن. بە واتایەکی تر مرۆڤ لە کارکردن لە نێو سیاسەت دا ھەوڵی تێرکردنی ئەو پێداویستییانەی خۆی دەداتن کە لە بنەڕەتدا خۆیان لە زیاتر ناسینەوەی لە نێو کۆمەڵگا و دیار کەوتنی وەک کەسێکی خاوەن ناسنامەیەکی بە کۆمەڵایەتیکردنی خۆی زیاتر لە خەڵکانێکی تر و دواتر ڕوودانی پرۆسەی سایکۆلۆژیی ڕێز لە خۆگرتنە کە یەکێکە لە پاڵنەرە سەرەکیەکانی ژیان و مانەوەی مرۆڤەکان.
دەگێڕنەوە جارێکیان سوارێک بە ڕێگایەک دا تێدەپەڕی. لە ناوەڕاستی ڕێگا دا لە ناکاو چاوی کەوت بە کەسێک کە لەسەر ڕێگایەکە کەوتبوو. زگی پێسووتا و وا تێگەیشت کە لەوانەیە ئەم کەسە تووشی ڕووادن یان مەترسیەک ھاتبێ و یان نەخۆش یان بریندارە و یانیش تێنو یان برسیەتی. بۆیە خێرا لە ئەسپەکەی دابەزی و ھەوڵی دا یارمەتی کابرایەکە بداتن تا لە سەر پشتی ئەسپەکەی سوار ببێ و بیگەینێتە لادێیەکەی سەر ڕێگای خۆی. کابرایەکە ھەر ئەوەندەی کە خۆی لەسەر پشتی ئەسپەکە دیت خێرا ئەسپەکەی ھاژۆشت و لێی خۆڕی و دور کەوت. سوارەکە لە بابەتەکە تێگەیشت. ئەسپ ئەو کاتە زۆر گرنگ بوو. سوارەکە بیری لێکردەوە و بەر لەوەی کە دزەکە لەو شوێنە دوور بکەوێ بانگی کرد لێی نزیک ببێتەوە. کابرا تۆزێک ھاتە پێشەوە. سوارەکە پێی گۆت:" تو خۆا ئەسپەکەت برد ببە پیرۆزت بێ، بەڵام یەک شتم بۆ بکە و بەڵێنم پێ بدە کە بۆ خەڵکی مەگێڕەوە کە چۆن شەسپەکەت دزی و چۆنت دەستکەوتووە تاوەکو نەبێتە ئەگەری ئەوەی ئیتر خەڵکی تووشی بێ بڕوایی ببن و کەسێکی تر چیتر نەوێرێ بەھانای کەسێکی تری سەر ڕێگا بچیتن و بێ متمانەیی دروست ببێ". ئەو چیڕۆکە وانەیەکی گەورەیە و بە تایبەت بۆ سیاسەتوانانی ئێمەی کوردستانی. چەندەھا ساڵ بوو خەڵکێکی ئەم کوردستانەمان دڵیان و پشتیان بەوە گەرم بوو کە لە کوردستانێک دادەنیشن کە سیاسەتوانان تیایدا تەنھا بیر لە ئازادی و یەکسانی و بەختەوەری و ڕزگارکردنی ئەوان لە دەستی دوژمنان و داگیرکەران و بەعس و سەدامی گۆڕ بە گۆڕ، و دابینکردنی خۆشگۆزەرانی ئەوان دەکەنەوە و ئەو ئامانجانە بەھای ھەرە سەرەکیی کاری ئەوانە. کەچی دواتر وا دەرنەچوو. ئەمڕۆکە لە گۆڕەپانی سیاسەت بەھای چەوت و چەواشەکراو سەری ھەڵداوە. لە کاتێک دا پارت و لایەن و سیاسەتوان ھەیە قۆربانی بە ژیانی خۆی و پێشمەرگە و لایەنگرانی دەدات تا لەدەست داگیرکەرە بێ کەڵک و دڕندە جیاوازەکان و لە سەروی ھەموویانەوە داعشە کافرەکان قۆرتاڵمان بکەن، ھەن کەسان و لایەن کە ڕێک بە پێچەوانەوە کار دەکەن. بەھاکانی سیاسەت چیتر لای ئەوان مانا و ڕامانی جارانی نەماوە. ئەوان لە بڕی شکاندنی دەست و پچڕاندنی دەستی داگیرکەران ھەوڵ دەدەن خرابتر لە جاران قۆڵبەست تەسلیمی ئەوانمان بکەن، ئەو داگیرکەرانەی کە تەنھا یەک قۆریشیش سوود بە ژیانی خەڵکی کوردستان ناگەینن. ئەو کەس و لایەن و پارتانە بۆ گەیشتن بەو ئامانجانە بۆگەنەیان ڕۆانگەی کوردستانیان بەرامبەر بە سیاسەت گۆڕیوە. ئەوان چەمکی سیاسەت و بەھا سیاسیەکانیان تێکداوە و بە چەواشەکارییەکانیان متمانەیان لە مرۆڤی کوردستان سەندووە. ئەو خەڵکە ئێستا وەک ئەو دزە لە سیاسەتوانانی کوردستان گەیشتوون کە تەنھا دەیانەوێ ئەسپە جوانەکەی کوردستان و سامانەکەی بۆ خۆیان بدزن نەوەک ببن بە فریادڕەسێک و ئازادکەری ئەوان لە دەست تیرۆریزم و داگیرکەران. و ھەشە ھێشتان نازانن کە ئەو لایەن و پارتانە بۆگەیشتن بە مەرامەکانیان ھەر ڕێگایەک تاقی دەکەن و بەکار دێنن و دوایین ڕێگاش ھاندانی خەڵکییە بۆ ئەوەی بایکوت بکەن. ڕاستە خەڵکی مافی خۆیەتی کە بژین و مووچە وەربگرن. بەڵام ئایا ئەو کوردستانە تەنھا مووچەخۆری تیایدا دەژیتن؟ ئەی مووچەنەخۆران چی بکەن ئەگەر بزانن ئەو پارت و لایەنانە و مووچەخۆران دەیانەوێ بە بایکوت و مانگرتنیان زنجیری زۆر ئەستوورتر لە جاران لە دەست و پای ئەوان ببەستن تا ئیتر نەتوانن ھەتاھەتایە لە ژێر ڕکێفی داگیرکەران قۆرتالیان ببێ؟
جا تو خۆا چاو لە دزەکەی چیڕۆکەکەمان مەکەن تا چیتر بێ متمانەیی بەرامبەر بە سیاسەت و سیاسەتوانان پەرە نەستێنێ و ئەگەریش ھەر دەکەن و واز ناھێنن لایەنی کەم ھیچ نەبێ فرت و فێڵەکانتان فێری خەڵکی مەکەن تا بەھا کۆمەڵایەتی و سیاسییەکان تێک نەچن.
*بسپۆرێ زانستێن پێداگۆگی و پەروەردەیی/ زانینگەھا زاخۆ


Top