لەوەتی خاكی كورد داگیر كراوە، هەمیشە رووبەڕووی قەیرانی پێناسی نەتەوە بووەتەوەو رووبارێكیش خوێنی بەخشیوە لەپێناو رزگاری و هێنانەدی مافە سەرەتاییەكانی

لەوەتی خاكی كورد داگیر كراوە، هەمیشە رووبەڕووی قەیرانی پێناسی نەتەوە بووەتەوەو رووبارێكیش خوێنی بەخشیوە لەپێناو رزگاری و هێنانەدی مافە سەرەتاییەكانی
سەربەخۆیی ئامانجێكی لەمێژینەی كوردو خواستێكی بنەڕەتی و خەونێكی گەورەی هەموو تاكێكی كوردو كوردستانی بووەو كوردیش هەمیشە وەك هەر نەتەوەیەكی دیكە ویستی گەیشتن بە مافە سەرەتاییەكانی ئامانجی بووەو ویستوویەتی لە چوارچێوەی دەوڵەتێكی ئازادو سەربەخۆدا بژی و خاوەن كیانێكی ئیداری و سیاسی و ئابووریی سەربەخۆ بێت، چونكە هەموو نەتەوەیەك بەبێ جیاوازی لە (ئایین، زمان، رە نگ، كەلتوور، جوگرافیا و میژوو) مافی خۆیەتی خاوەن دەوڵەت بێت، بەتایبەتی ئێمەی كورد كە لكاندنی خاكمان بە خاكی داگیركەرانەوە، بە زۆرەملێ و بە بێ خواستی خۆمان بووە، واتە بەپێی چەندین رێككەوتننامەو معاهداتی نێودەوڵەتی خاكمان بەسەر چەند وڵاتێكدا دابەش كراوە، كە خواستی خۆمانی تێدا نەبووە، بەڵكو لە ئەنجامی بەرژەوەندیی چەند وڵاتێكی زلهێز و بەدەسەڵات لە ناوچەكەو بە ئاگاداری كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی ئەم پێشێلكارییە بەرامبەر میللەتەكەمان كراوە، كە لە ئەنجامدا خاكی كوردستان پارچە پارچە كراو هەر پارچەیەكی لكێندرا بە وڵاتێكەوە مێژوو، جوگرافیا، زمان و كەلتوورمان جیاواز بوو، ئەمانەش بە درێژایی مێژوو وایكردووە كوردو كوردستانییان وەك هاووڵاتییەكی پلە دوو تەماشا بكرێن و چەوسانەوە و پێشێلكردنی مافی بە هاووڵاتی بوون و قڕكردن و كوشتنی بە كۆمەڵ و كیمیاباران و تەرحیل و ئاوارە بوون و هەژاری و دەربەدەری و ماڵوێرانی هەمیشە بەشی كورد بووەو نەشیاوترین رەفتاری نامرۆڤانەیان بەرامبەر گەلی كورد ئەنجام داوە، كە هیچ ئایین و عورف و یاسایەك نییە ئەو مافە بە كەس بدات كە بتوانێت بەو شێوەیە دژ بە مرۆڤایەتییە بەرامبەر میللەتەكەمان رەفتارە بكات.
لەوەتی خاكی كورد داگیر كراوە، هەمیشە رووبەڕووی قەیرانی پێناسی نەتەوە بووەتەوەو رووبارێكیش خوێنی بەخشیوە لەپێناو رزگاری و هێنانەدی مافە سەرەتاییەكانی. هەرچەندە نەبوونی تەبایی و یەكڕیزی و یەكهەڵویستی خاڵی لاوازی ئێمەی كورد بووە كە دوژمنانمان بە درێژایی مێژوو بە باشترین شێواز سوودیان لێ بینیوەو هەر لەو دەرگایەوە هەمیشە تووشی ماڵوێرانی و بەدبەختی كراوین، هاوكات نەبوونی پاڵپشتی بەهێز و و دەسەڵاتێكی هاوسەنگ كە درك بە مافەكانمان بكات و هاوكارمان بێت لە بەدیهێنانی خواستەكانمان خاڵێكی دیكەی گرنگە كە هەمیشە دوژمنانی كورد سوودیان لێ بینیوە، چونكە بۆ بەدیهێنانی سەربەخۆیی و ئازادی پێویستمان بە پاڵپشتیی هێزێكی جیهانی بووە كە هاوكارمان بێت بۆ بەدیهێنانی ئەم خەونە مەزنە كە خۆی لە چوارچێوەی دامەزراندنی دەوڵەتێكی سەربەخۆدا دەبینێتەوە، بەڵام بە درێژایی مێژوو وڵاتانی زلهێزی وەك ئەمریكا، ئەڵمانیا، بریتانیا، فەڕەنسا و رووسیا و زۆر وڵاتی دیكە بەداخەوە لەبەر پاراستنی بەرژەوەندیی خۆیان ئاوڕیان لە مافەكانی ئێمەی كورد نەداوەتەوەو هەمیشە بە ستراتیژیی پاراستنی بەرژەوەندیی خۆیان لە پەیماننامەو معاهداتی نێودەوڵەتی و ناوچەكە هاوكێشەكانیان راگرتووەو بڕیارەكانیان لەو چوارچێوەیە بووە، هەر بۆیە زۆربەی شۆڕش و راپەڕینەكانی گەلی كورد دژایەتی كراوەو لە بەین براوەو دەرئەنجامی نەبووە. ئەمانە لە رابردوودا ئاستەنگی گەورەیان بۆ كورد دروست دەكرد، بەڵام ئێستاو لە دوای سەدساڵ لە رێككەوتننامەی سایكس پیكۆ (مارك سایكس و جۆرج پیكۆ) و شكستی ئەو دابەشكردنەی ناوچەكە و خاكی كوردان، دەكرێ كورد جارێكی دیكە بە هێزوتینێكی دیكەوە بێتەوە نێو شانۆی سیاسیی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی كە ئیستا دیارە لە ناوچەكەو كورد بەوە ناسراون كە خاوەن سیاسەتێكی موعتەدیل و دۆستی نزیكی ئەمریكا و رۆژئاوایەو لە جەنگی رووبەڕووبوونەوەی تیرۆریستانی داعش كورد توانی سۆز و هەستی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بۆ لای خۆی رابكێشێ، ئەمە لەلایەك، لەلایەكی دیكەوە هەڵكەوتەی جوگرافیای كوردستان و دەوڵەمەندبوونی بە سامانی سروشتی و هاوسەنگی و پێگەی كورد لە ناوچەكە، رەنگە ئەمانە بە یەكەوە هەموو ببنە هۆكاری باش بۆ زیادكردنی پاڵپشتی بۆ كورد، هەر بۆیە پێویست دەكات سەركردایەتی سیاسیی كورد و گشت لایەنە سیاسییەكان رۆڵی گرنگیان هەبێت بۆ دروستكردنی یەكهەڵویستی و یەكڕیزیی كوردو بۆ بەدیهێنانی ئامانجی نەتەوە خاوەن یەك گوتاری سیاسی بن، چونكە بە لەدەستدانی ئەم دەرفەت و سۆزە نێودەوڵەتییە بۆ كورد، جارێكی دیكە بە ئاسانی زەمینەیەكی هاوشێوەو لەبار بۆ كوردو كوردستانیان (بە جیاوازی هزر و بۆچوون و ئایدیا و ئایینەوە) ناڕەخسێت.
بێگومان هەموو هەوڵ و خەباتی سەرۆك بارزانی لەپێناوی پاراستن و پارسەنگی كورد لە ناوچەكە بووەو بە سیاسەتی حەكیمانەو بە دیپلۆماسیەتێكی سەركەوتوو (سەرەڕای هەموو ئاستەنگەكان) توانی گەورە پیاوانی سیاسەتی جیهان بێنێتە هەولێری پایتەخت و كوردستان بكاتە هەرێمێكی دیار لە ناوچەكە، بۆیە ئەركی نیشتمانیی هەموومانە لە چوارچێوەی بەدیهێنانی ئامانجی نەتەوەییمان ببین بە پاڵپشتی بەهێز بۆ هەوڵ و كۆششی سەرۆكی هەرێمی كوردستان كە خۆی لە سەربەخۆیی كوردستاندا دەبینێتەوە.

*ئەندامی دەستەی رێكخراوە جەماوەری و پیشەییەكانی پارتی دیموكراتی كوردستان

Top