کوردستان یان الکردستان العربی ( سایکۆلۆژیای وێژەی سیاسی)

کوردستان یان الکردستان العربی ( سایکۆلۆژیای وێژەی سیاسی)
سەرباری ھەموو ناکۆکیەکانی ناوخۆیی و ئەو گرفتە لە بن نەھاتووەکانی کۆمەڵگای کوردەواری و کوردستانە پیرۆزەکەمان دەوڵەتی کوردستانی بەڕێگاوەیە. دەنگۆی ناڕەزایەتی ھەندێ وڵاتی ئەورۆپی یان بێدەنگیان یان لێدوانی ناکۆک و زۆر شتی تری لەو بابەتە تەنھا پرۆپاگندە یان کاردانەوەیەکی دیپلۆماسیانە و سیاسیین کە لە سیاسەتی دەوڵەت و پارتەکاندا شتێکی ئاساییە و ھەمیشە بەدی دەکرێتن. ھەروەھا ئەو ڕەفتارە سیاسیە جۆرێکە لە خۆ دزینەوە لە ھەڵگرتنی بەرپرسیارێتی ڕووداوە نەخوازراوەکانی لەوانەیی دوای دروستبوونی دەولەتەکانی ھاوشێوەی کوردستان، کە لەوانەیە گلەیی و گازندەی ھەندێ وڵاتی لێبکەوێتەوە.
ماوەیەکە دەنگۆی دانانی ناوێکی گۆنجاو بۆ ئەو دەولەتە دەبیسترێتن. تێبینی دەکرێتن کە ئەو کەس و لایەنانەی ئەو پرۆپاگندەیە دەکەن ھەندێکیان یان زۆرێکیان دەستپەروەردەی کەلتوور و فەرھەنگی ئەرەبین. ئەوە زەنگێکی مەترسیدارە. مرۆڤایەتی ئەزموونی تاڵی لەو جۆرەی ھەبووە و لە یاد ناکاتن. کەنداوی فارس ناوێکە کەم و زیاد ئەوەی ھەندێ ڕۆشنبیری گشتی ھەبێ بەر گۆی کەوتبێ. ئەو کەنداوە ئەو شوێنەیە کە بۆ زیاتر لە بیست و پێنج سەدەیە بەڵگەنامەکانی مێژوویی و جۆگرافیایی و سیاسییەکانی جیھان بەو ناوە دەیناسن. کەچی لە چارەکی کۆتایی سەدەی بیستەم و بە پاڵپشتی ھەندێ وڵات و بەتایبەت ئەرەبەکان ناوی گۆڕدراوە و کراوە بە " کەنداو یان خەلیجی ئەرەبی"!! بەدرێژایی ھەموو ئەو ساڵانە ئێران ڤزە لێوە نەھاتووە، بۆچی؟؟ چونکە خۆدی سەرکردایەتی ئێران و چینی دەستھەڵاتداری ئێستاکەیی ئێران کە سەید و مەلا و ئاخووندەکانن بە ڕەگەز ئەرەبی ھاوردەن یان کەسانێکن کە دەرچووی کەلتوور و فەرھەنگ و ڕۆشنبیری ئەرەبین. بێگۆمان تۆخمی لەو جۆرە سەرکردەکانی ئێران ھیچ خەمی مێژووی پڕشکۆی ئارییەکانی ئێران و ئێمپراتۆریەتە زلھێزەکانی مێژووی کۆن نین و ڕۆشنبیران و ناسیۆنالیستەکانی ئەو وڵاتەش قسەیان بە ھیچ ھەژمار ناکرێتن و ناگاتە ھیچ شوێنێک.
مەترسی ئەو ھەیە ئەوانەی کە باس لە گۆڕینی ناوی پیرۆزی کوردستان دەکەن و دەیانەوێ ناوێکی تر بۆی ھەڵبژێرن ھەمان ئەو کارە بکەن کە بەسەری کەنداوی پارسی ھاتووە. بەڵگەش بۆ ئەم کارەیان زۆرە. زەمینەسازیشی بۆ کراوە. ئەوەتا ئێمە ساڵانێکی زۆرە دەزانین ھزر و بیری ناسیۆنالیستی ئەرەبی، ناڕاستەوخۆ و بیانۆی ئایینەوە لە نێو ناخ و دڵ و دەروونی زۆر کوردێکی ئەم کوردستانە دچێندرێتن و پەیدا بووە و ڕەگ و ڕیشەی ھەڵکۆتاوە. دیارە ڕەوتی سیاسەتوانانی ئەرەبی لە تێگەیشتن لە قۆناغەکانی مێژوو بێ ئاگا نین. ئەوان لە سۆنگەی ئەو زۆرداری و ئەقلیەتە بۆگەنەی ھەیانە ھەمیشە لەو ڕاستیە گەیشتوون کە ڕۆژێک دادێ زۆر پارچەی جۆگرافیایی و لەوانەش کوردستانی پیرۆز، کە پیرۆزییەکەی لە قۆرئاندا باسی لێوەکراوە، لێی جیا ببێتەوە و ببێتە ناوچەیەکی سەربخۆ. ئەوە جاری یەکەم نینە ڕوو دەداتن و دیرۆکی دەولەتانی مۆسڵمان و ئەرەبی پڕیەتی لە نموونەی ھاوشێوە. بۆیەش ئەوان ھەمیشە لە ئامادەباشیدا بوونە و ھەوڵیان داوە کە کەسانێک پەروەردە بکەن ملکەچی زۆرێک لە بیروباوەرەکانی ئەوان بن. ئەو کەسانەش کەم نین و خۆیان لە ھەندێ مامۆستایانی ناکوردپەوەری زانینگە و پەیمانگە، و دەرچوانی قوتابخانە و پەیمانگە و کۆلیژەکانی ئیسلامی و ھەروەھا مامۆستایانی ئایینی و زۆر لایەنی ھاوشێوە دا دەبینن کە ھەستی نەتەوایەتی لاوازیان ھەیە و لە جیاتی بە پیرۆز زانینی زمان و کەلتوور و فەرھەنگ و نەتەوەی خۆیان شانازی بە زمان و کەلتوور و فەرھەنگ و نەتەوەی دیکە دەکەن و ئەوان بە پیرۆزتر لە ھی خۆیان دەزانن و ئەوە لوتکەی نائاسایی بوونی مێنتالیتە و سیستەمی کۆدەماری ئەو مرۆڤایانە پیشان دەداتن، کە لە ھەموو جیھاندا خەڵکان و نەتەوەکان خۆیان پێش ھەموو کەس دەبینن و دەزانن و دادەنێن و لە کوردستانێکی ستەملێکراو ھەن کەسانێک کە بەو شێوازە بیر دەکەنەوە.
پەروەردە وەک یەکێک لە جۆمگە ھەستیارەکانی کاریگەری بەسەر مێشکی تاکی کوردی ھەمیشە سەنگەری یەکەم بووە و جێگەی داخە ناسیۆنالیزمی ئەرەبی لەو سەنگەرە دا گەورەترین شکستی بە کوردستانیان ھێناوە. ئەوەتا بۆ ماوەی زیاتنر لە یەک چارەکە سەدەیە چینەکانی سەرەوە دەرفەت نادەن زمانی شیرین و پیرۆزی کوردی لە زانینگە و پەیمانگەکانی کوردستانی پیرۆز ببێتە زمانی خوێندن و زانست، و سەرکردایەتی کوردستان خۆی لەو کارەساتە لە گێڵی داوە. بۆچی؟ چونکە زۆرێک لەو دەستپەروەردانەی ناسیۆنالیزمی فاشیستی ئەرەبی ئێستاشی لەگەڵدا بێ لە بەرزترین پلە و پایەکانی پارتایەتی و سیاسی و ئەکادیمی و یاسایی و لە نێو جەرگەی بەھێز و کارامەترین و ھەستیارترین دام و دەزگا و سەنتەرەکانی بوونیان ھەیە و کاریگەرن بەسەر کۆمەڵگای کوردستانیدا.
ئەوەتا چەندین ساڵە دەبینین توێژینەوە و پەرتووکە جیاجیاکانی زانستی و پەروەردەیی بە ھزر وبیری ناسیۆنالیزمی شۆڤینی ئەرەبی پڕ کراون و مەبەستیش شوشتنی مێشکی تاکی کوردستانە بە ھزروبیرە شکستخواردوو و ماوەبەسەرچووەکەی ناسیۆنالیزمی ئەرەبی و زەمینەسازیکردنە بۆ ئاوەدانکردن و دروستکردنی تاکێکی کوردی ئەرەبی. بە دەھان ساڵە نموونە وەک ناوی کەنداوی ئەرەبی لە جیاتی ناوی کەندای پارسی، و سەدان نموونەی ھاوشێوە و سەدان ناو و کەسانی ئەرەبی کە ھیچ پەیوەندییان، نە لە دوور و نە لە نزیکەوە، بە شکۆ و دەستکەوت و مەینەتی و نەھامەتیەکانی کوردستانەوە نیە، و ھزاران ڕووداوی جۆراوجۆری زانستی و مێژوویی، و ... ھتد، کە زانین یان نەزانینییان ھیچ پەیوەندیەکی بە کەسایەتی کوردستانیانەوە نیە، و زۆر نموونەی تری ھاوشێوە لە ناوەڕۆکی لێکۆڵینەوە و پەرتووکە زانستیەکانی قوتابخانە و دبستان و پەیمانگە و زانینگەکانمان دەبینرێن و بوونەتە بەشێک لە وانەکانی ڕۆژانەیان قوتابیان کوردستانی پیرۆز و بوونەتە بەشێک لە پرۆژەی شوشتنی مێشکی تاکی کوردستانی و دروستکردنی تاکێکی کوردستانی ئەرەبی، و کەسیش لێی ناپرسێتەوە و لێی ناپێچێتەوە و کەسیش بەھۆیەوە نە سزادراوە و نەک لە سەر کاری لادراوە. ئەتاتورک زمانی تورکی، کە زمانێکی دەستکرد و ساختە و نوێ بوو و ھیچ ڕابردوویەکی مێژوویی نیە، لە ماوەی یەک ھەفتە کردیە یەک لە زمانەکانی پلە یەک لە تورکیا و جیھان دا.
گەورەترین مەترسیی گۆڕینی ناوی کوردستان ئەو ھەوڵ و کۆششانەیە کە دەبینین ھەندێ وڵاتی بەناو ئەرەبی، ئەویش لەناچاری و بوونی کوردستان وەک دەولەت بە دیفاکتۆ و بە پێەوانەی ویست و لووتبەرزیی ئەرەبیی خۆیان، ھەوڵی دانپێدانی دەدەن و دوای ئەوانیش ھەندێ پارت و لایەنی ئیسلامی سیاسیش ھەمان کاریان ئەنجام دا و ھاتنە سەر ھێڵ. زۆرجار چاکە بەرھەمی ھەلپەرەستییە و ئەو کەسەی کە نیازی چاکەکردنی لەگەڵتدا ھەیە، بێگۆمان دواتر چاوەڕۆانی شتێکە یان مەبەستێکی تایبەتی لە پشتەوەیە. ئێمەی کوردستانیان بۆ دامەزراندنی دەولەتی کوردستان، نەک دەولەتی الکردستان العربی، پێویستیمان بە چەند دەنگێکی وڵاتانی ئەرەبی ھەیە، بەڵام بۆ بەڕێوەبردنی ئەو وڵاتە پیرۆزە و بەرھەمی خوێنی ھزاران شەھید و بریندار و قۆربانیدانی پێشمەرگە و سەرکردە و قارەمان و کوردستانیە نەک دیاری خەڵکانێک بیتن، نەک تەنھا پێویستیمان بە ئەرەب و مێنتالیتە( ئەقلیەت) و مێشکە شکستخواردووەکەی ئەوان نیە، بەڵکۆ دەبێ ڕۆشنبیرانی دڵسۆز و سەرکردە کوردپەروەرەکانی کوردستان داوا و پێشنیار بکەن ھاوشێوەی چارەسەری دروستکردنی دیوارەکەی نێوان ئەمریکا و مەکسیک، دیوارێک بە ئەستورایی و پانتایی و درێژی دیواری چین و بە درێژایی سنوورەکانی کوردستانیان و ئەرەبەکان و لە ژێر چاودێری و بە سەرپەرشتی (UN) دروست بکرێتن. ئەوەش لەبەر ئەوەی ئێمەی کوردستانیان مەینەتی زۆرمان بە دەست مێشک و مێنتالیتە و ئەقڵیەتە ڕزیو و ڕەفتاری ئەرەبەکانەوە بینیوە. ئەو چارەسەرییە ڕێگەیەکی باشە بۆ ئەوەی تاوانەکانی وەک ئەنفال و حەلەبچە و کارەساتەکانی گەرمیان و بادینان و ...و یەکی شۆبات و ئەنسارۆلئیسلام و داعشیەکان و ... ھتد، دووبارە نەبنەوە.
دەبێ کوردپەروەرانی دڵسۆزی کوردستانی پیرۆز وریا بن کە گۆنجاوترین ناو بۆ کوردستانەکەمان ھەمان وشەی کوردستانە نەک الکردستان العربی. ئەگەر پێشنیازی وەھا جێبەجێنەکرێتن و ناوی الکردستان العربی بۆ ئەو وڵاتە ھەڵبژێردرا ئەوە ئێمە جارێکی تر پەیماننامەیەکی نەنگین و شوومێکی تر واژوو دەکەین و بڕیار لەسەر ئەوە دەدەین کە جارێکی تر و بۆ ھزاران ساڵی تر ئەم وڵاتە لە ژێر پۆستاڵی دڕندەکانی ناسیۆنالیزمی فاشیستی ئەرەبی بەعسی دا بناڵێنین و کارەساتە دڵتەزێنەکانیش بەردەوام بن. کوردستان وشە و چەمک و ئایدیۆمێکی رشەسەنی کوردی-ئاریاییە و پرَ بە پێستی ئەو دەوڵەتەیە کە تەنھا کوردپەرەوەران و دڵسۆزانی کوردستان پێوە ماندوو بوونەتەوە، و خەونیان پێوە بینیوە و خوڵیای دیتنی و بیستنی ئەو ناوە پیرۆزەن.
*بسپۆرێ ئەکادیمی د زانستێن سایکۆلۆژی و پێداگۆگی/ زانینگەھا زاخۆ


Top