پێشمەرگە، سیمبوڵ ، پارێزەر و بەدیهێنەری ئازادی و سەربەخۆییە بۆ كورد وكوردستانە
October 17, 2016
وتار و بیروڕا
سەركەوتنەكانی پێشمەرگەی كوردستان و شكاندنی گەورەترین درندەترین دوژمنی مرۆڤایەتی "داعش" ، وانەیەكی بەهێزە بۆ داگیركەران و ئەوانەی دەیانهەوێت دەستیان بۆخاكی پیرۆزی كوردستان درێژ بكەن و گاڵتە بە چارنووسی نەتەوەیەك بكەن ، كە دەیان ساڵە لە پێناو رزگار خاكی داگیركراو و ئازادی و سەربەخۆیی تێدەكۆشێت و قوربانی دەدات .پێشمەرگە پێوەندییەكی رۆحی لەگەڵ میللەت و خاكی كوردستاندا هەیەو لە رووی مێژووییەوە بەشێكی زیندووی پڕمۆراڵی خەباتی نەتەوەكەمانە. ناوی پێشمەرگە لە هزری شاعیر، ئەدیب و نووسەرێكەوە بگرە تا هاووڵاتییەكی سادە و ساكار، ناوێكە بەهایەكی مەزنی هەیەو وەك شۆڕەسواری بەرگری و ئازادیخوازی و دواتریش بەدیهێنەر و پارێزەری تەواوی دەستكەوتەكانی میللەتەكەمان وێنا دەكرێ. پێشمەرگە بەو هەموو مێژووە پڕسەروەرییەوە لە شەڕی تیرۆرستانی داعشدا سەرەڕای كەمی و كۆنیی چەك و تەقەمەنی و نەبوونی مەشق و راهێنانی پێویست و بێبەشكردنی لەلایەن حكومەتی عێراقەوە لە بودجە و مووچە، بەڵام توانیویەتی لەبەر چاوی جیهان و نەوەی ئەمڕۆی نەتەوەكەمان كەلتووری خۆڕاگری و نەبەزینی خۆی درێژە پێبداو بە هەمان گیانی رووبەڕووبوونەوەی رابردووی بەرانبەر دڕندەترین دوژمنی مرۆڤایەتی راوەستاو بەو ئازایەتییەی لەم رووبەڕووبوونەوەیەدا نواندی، توانی پاڵپشتیی هەموو جیهان بەدەست بهێنێت و تەواوی دونیا بە متمانەوە چاوەڕوانی سەركەوتنەكانی بكەن و وەك سومبوڵی ئازایەتی ببێتە وێردی سەر زاری سەركردە و سەرۆكی وڵاتان و لە میدیاكانی جیهاندا پێشبڕكێ لەسەر هەواڵ و پێشڕەوییەكانی پێشمەرگە بكرێت، ئەمەش بۆ سیاسەتی حەكیمانەی سەرۆك بارزانی دەگەڕێتەوە.
دیارە لەو پێگە نوێیە جیهانییەی پێشمەرگەی كوردستان هەیەتی، لە پێناویدا قوربانیەكی زۆر و خوێنی و فرمێسكێكی زۆری بۆ رژاوە، ئێستا شوناسی پێشمەرگە شوناسێكی دیموكراتخواز و مرۆڤدۆستە لە جیهانداو ئەو هێزەیە كە بەرگری لە ئاشتی و پێكەوەژیان و مافەكانی مرۆڤ و پێشكەوتنی رەوتی دیموكراسی لە ناوچەكەو لە جیهاندا دەكات، هێزێكە سەرەڕای بوونی قەیرانی سیاسی و دارایی بە هیچ شێوەیەك لایەنگیری بۆ هیچ لایەنێكی سیاسی رانەگەیاندووە و بە بیرو گیانێكی نیشتمانییەوە لە رووی دوژمن و تیرۆریستاندا وەستاوەو ئەزموونی دوو ساڵی رابردوو بە كردەنی سەلماندنی پێشمەرگە زۆر نیشتمانپەروەرانە بیردەكەنەوە. ئەو تایبەتمەندی و خەسڵەتانەی پێشمەرگە لە مێژوویداو لە ئێستایدا باشترین بەڵگەیە كە خاوەن ئامانج و پەیامێكە بۆ ئایندەی هەرێم و میللەتەكەی و پرسی سەربەخۆیی.
لە سەرەتای هاتنە ئارٍایی گۆرانگارییەكان و هێرشی داعش و داگیركردنی رووبەرێكی بەرفراوانی جوگرافیایی عێراق ، ئەو مەترسییە گەشتە سەر هەرێمی كوردستان . ئەو كاتە سەركردایەتی سیاسی كوردستان و شەخسی سەرۆك بارزانی داوای لە گشت هێزی پێشمەرگەی كوردستان ، هەتا ئەو پێشمەرگە دێرینانەی كە توانایی بەكارهێنانی چەكیان مابوو بە بێ لە بەرچاوگرتنی حزبایەتی بەڵكو كوردانە و نەتەوەییانە ، رووبەرووی درندەترین تێرۆریستی جیهان كە " داعش " بوونەوە ، بۆیە بە خوێن بەخشین و گیانبەخشیینیان مێژووییەكی پر سەروەریی و شانازییان بۆ نەتەوەی كورد تۆمارٍ كرد .
بە پێچەوانەوە كاتێك دەرفەتەكان هاتنە پێشەوە بۆ ئەوەی كورد دوای سەربەخۆیی بكات لە رێگەی ریفراندۆمەوە و گشت حزبە سیاسییەكانی كوردستانی راسپارد ، ئەوا هەندێك لایەن ئەوانەی تەنیا لە كاتە هەستیارەكان بەشداریان لە شەرٍی داعشیش نەكرد ، هەستان بە پیلانگێری و دروستكردنی ئاژاوە و چەواشەكاری و لە دژی خەباتی رزگاریخوازی كورد و سەروەرییەكان و لە هەمووشی ترسناكتر هەوڵی رووخاندنی پەرلەمان وحكومەتی كوردستان و تێكدانی یەكریزی نێو ماڵی كورد .هەر بۆیە لە روانگەی بەرژەوەندی نەتەوایەتیەوە هەموو دابەشبوونێك دەبێتە هۆی لاوازی و سەرئەنجام بە زیان دەشكێتەوە بۆ بەرژەوەندی باڵای نەتەوەیی كورد. بە مانایەكی تر هیچ دابەشبوونێك لە جەستی كورددا قازانجی نەتەوەیی و نیشتیمانی تێدا نیە. واتە دەتوانین بڵێین بەو ئەندازەی كە یەكریزی و یەكبوونی نەتەوەیی بنەمای سەرەكین بۆ گەیشتنی كورد بە خواست و ویستە نەتەوەییەكانی، دابەشبوون بەربەست و رێگرە لەبەردەم رەوتی بەرەو ئایندەی كوردو هەمیشە دەبێتە هۆی لاوازی و ناكارایی كورد بە گشتی و تێكشكاندنی تەواوەتی لەبەردەم ئەوانی داگیركەردا. بۆیە لۆجیكی عەقڵ ئەوەیە كە لە پێناوی یەكێتی و یەكبووندا كاربكرێت و لەو پێناوەشدا ناكۆكیە كەسی و دەستەیی و حیزبیەكان بەلاوە بنرێن، بە لایەتی كەمەوە تا كورد دەگاتە ئامانجەكانی.. بۆیە پێوستە پێشمەرگە دڵسۆز بین و یەكریز بین و خۆنەویستانە و فیداكارانە وەك سەرۆك بارزانی بین بۆ پاراستنی دەستكەوتەكان و بەدیهێنانی سەربەخۆیی كوردستان ..