موسڵ و دەبەرێكڕاچوونی بەرژەوەندییەكان
October 16, 2016
وتار و بیروڕا
كەواتە لەناو عێراقدا چەندان بەرژەوەندی هەن، هەموو ئەو بەرژەوەندییانەش بە بەرژەوەندیی هێزە ئیقلیمی و نێودەوڵەتییەكانەوە گرێدراون، گەورەترین ناكۆكی كە لەگەڵ نزیك بوونەوە لە سەعاتی سفر قووڵتر دەبێتەوە، ناكۆكیی سوننە و شیعەیە، سوننەكان هەموو جووڵەیەكی بەغدا بۆ گرتنەوەی مووسڵ لە بەرژەوندیی شیعەدا دەبینن، بۆیە ترسێكی زۆریان بەتایبەتی لە بەشداریكردنی حەشدی شەعبی هەیە، لەولاشەوە توركیا هێزی لە نزیك موسڵ هەیە و پێ لەسەر بەشداریكردنی شەڕی گرتنەوەی موسڵ دادەگرێت، ئەمەش شیعەكانی توڕە كردووە، سەرۆكی عەسائیبی ئەهلی حەق كە پێكهاتەیەكی حەشدی شەعبییە، وەڵامی توركیا و سوننەكانی بەوە دایەوە كە ئەوان دەچن لە موسڵ تۆڵەی ئیمام حوسێن دەكەنەوە.
ئەمەریكا رایگەیاندووە كە عێراق بڕیار لەسەر هەر هێزێك بۆ بەشداریی شەڕی موسڵ دەدات، هەروەها ئەوەشی راگەیاندووە كە توركیا لە هاوپەیمانی شەڕی داعش نییە و پەكەكەش بەشداری ئەو ئۆپەراسیۆنە ناكات. دەبەرێكڕاچوونی بەرژەوەندییەكان، جۆرێك لە ئاڵۆزیی دروست كردووە، كورد كە هێزی پێشمەرگەی هەیە و لەسەر زەویدا هێزێكی بەوەجە، ئایا لە نێو ئەو هەموو ئەجندا و دەبەرێكڕاچوونی بەرژەوەندییەكاندا، لە كوێدا خۆی دەبینێتەوە؟ ئەوەی كورد لە ڕێی هەموو ئەو دیدارانەی سەرۆك بارزانی لەگەڵ شاندی هاوپەیمانان و عێراقی و هێزە ئیقلیمییەكاندا باسی كردووە، قۆناغی دوای داعشە، بۆیە هەموو رێككەوتنەكانی هەرێم و عێراق بە سەرپەرشتی ئەمەریكاییەكان بۆ قۆناغی دوای نەمانی داعشە لە ناوچەكەدا، لە هەمووشی گرنگتر ئەوەیە لەسەر بنەمای واقیعێكی نوێ مامەڵە بكرێ، ئەگەر بەپێی بەشداریی هێزیش بێت، كورد بەشدارێكی كارایە، كەواتە بەو پێوەرە بێت، نابێت كێكەكەمان بەرنەكەوێت، بەڵام لە عێراقیشدا رێزنەگرتن لە ئیمزا و پەشیمان بوونەوە كولتوورێكە!