هه‌ستیاری قۆناغه‌كه‌ و هه‌ڵاتنی نه‌وشیروان مسته‌فا

هه‌ستیاری قۆناغه‌كه‌ و هه‌ڵاتنی نه‌وشیروان مسته‌فا
سه‌ركرده‌ی ره‌سه‌ن و به‌ تایبه‌ت ئه‌و سه‌ركردانه‌ی خه‌مخۆری خه‌ڵكن و له‌ناو ئێش و ئازاری نه‌ته‌وه‌كه‌یاندا ده‌ژین، له‌ قۆناغه‌ پڕ ترس و هه‌ستیاره‌كاندا به‌ پلان دێنه‌ ناو رووداوه‌كان و خه‌ڵك جێناهێڵن، نه‌وشیروان مسته‌فا پێچه‌وانه‌ی ئه‌و سه‌ركردانه‌ له‌ قۆتاغه‌ پڕ ترس و هه‌ستیاره‌كاندا هه‌ڵدێت و خه‌ڵك به‌جێدێڵێ، جا بۆیه‌ ده‌پرسین:
ئه‌گه‌ر نه‌وشیروان مسته‌فا خۆی به‌ عێراقی ده‌زانێ وه‌ك به‌ هه‌ڵوێسته‌كانیه‌وه‌ دیاره‌، ئه‌وا عێراق به‌ هه‌ستیارترین قۆناغدا تێده‌په‌ڕێ و به‌ تایبه‌تیش كه‌ پرۆسه‌ی ئازاد كردنی موسڵ نزیك بۆته‌وه‌ قۆناغه‌كه‌ بۆ عێراقیه‌كان ئه‌وه‌نده‌ی تر هه‌ستیار ده‌بێ، له‌ حاڵه‌تێكی وه‌هادا پێویست بوو نه‌وشیروان مسته‌فا هه‌ڵنه‌هاتبا و له‌گه‌ڵ عێراقیه‌كان ژیابا.
خۆ ئه‌گه‌ر خۆی به‌ كورد و كورستانی زانیبا، كوردیش له‌ دووڕیانی به‌ره‌و سه‌ربه‌خۆیی و گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ خاڵی سفر دایه‌، له‌وه‌شدا قۆناغه‌كه‌ وای له‌ نه‌وشیروان مسته‌فا ده‌خواست كورد جێنه‌هێلێ.
یان ئه‌گه‌ر خه‌مخۆری سلێمانی و سلێمانیه‌كان بوایه‌، ئه‌وا سلێمانیه‌كان له‌ناو به‌رداشی ململانێ و ركابه‌ریه‌كانی بزووتنه‌وه‌كه‌ی و یه‌كێتی له‌ لایه‌ك و باڵه‌كانی ناو یه‌كێتی له‌ لایه‌كی تره‌وه‌ ده‌هاڕدرێ، ئه‌وه‌ش پێویستی ده‌كرد هه‌ڵنه‌یا و سلێمانیه‌كان له‌ناو ئه‌و برداشه‌دا جێنه‌هێڵێ.
خۆ ئه‌گه‌ریش له‌ خه‌می هه‌ڵسووڕاو و گۆڕانخوازه‌كانی بوایه‌، ئه‌وا بزووتنه‌وه‌كه‌ی له‌ قه‌یرانی پاشه‌كشه‌ و ئه‌وپه‌ڕی بێسه‌روبه‌ری دایه‌، له‌لایه‌ك هه‌ڵسووڕاوان به‌ لێشاو له‌ بزووتنه‌وه‌كه‌ دوور ده‌كه‌ونه‌وه‌، له‌لایه‌كی تریش هه‌ڵسووڕاوانی به‌ پۆل بزووتنه‌وه‌كه‌ جێدێڵن و دێنه‌ ناو پارتی، كه‌چی وه‌ك ده‌بینین هه‌ڵاتووه‌ و هه‌ڵسووڕاو و گۆڕانخوازه‌كانی سه‌رگه‌ردان كردوون، ئه‌رێ پێمناڵێن: نه‌وشیروان مسته‌فا جگه‌ له‌ پیاوه‌ هه‌ڵاتووه‌كه‌ پیاوی چ قۆناغێكه‌؟!
Top