پانزەی مانگ یەکێتی دەبێتە دیموکرات
October 12, 2016
وتار و بیروڕا
سەیری دۆخی یەکێتی دەکەم داهاتووی یەکێتی دوای پانزەی مانگ وەک چارەنووسی حزبی دیموکراتی کوردستان دێتە بەرچاوم، گومانم نییە لەوەی یەکێتی نیشتیمانی چیدی یەکدەنگ نییە و ئەو قسەیەی مام جەلال لای هەردوولا کۆتایی پێهاتووە کە دەیگووت یەکێتی ناو یەکێتی بپارێزن، من بۆچی بەراوردی یەکێتی و دیموکرات دەکەم؟
لەساڵی ٢٠٠٦ حزبی دیمووکرات بەهۆی کێشەی باڵباڵێن بووبە دوو لەت کێشەکەی ئەوانیش ئەمەبوو "ئەملا دەیگووت ئەوی دیکە دیموکراسی ناپارێزێت لایەکەی تریش دەیگووت ئێمە زۆرینەین، کەمینە دەیگوت زۆرینە مافی کەمینە ناپارێزێ، زۆرینەش دەیگوت کەمینە هاوکاری سەرکەوتنەکانی حزب ناکات" ئێستا کە نزیکەی یانزە ساڵ بەسەر ئەم رووداوە تێپەڕیوە چەند مانگ جارێک قسە لەسەر یەکگرتنەوە دەکرێت بەڵآم شکست دەهێنێت.
سەیرکەن کێشەکانی یەکێتی چەندە هاوشێوەی کێشەکانی حزبی دیموکراتن، هەردوو باڵ هەریەکەیان ئەویدیکە خەتابار دەکات، یەقینم هەیە یەکێتی چیدی یەک کەس چەپکە گوڵەکەی ناگرێتە دەست، گومانم لەوە نییە چەپکە گوڵەکە دەبێتە دووبەش و لەئەنجامی پەلاماردانی هەردوولا بۆ گرتنە دەستی دەژاکێت، لەوکاتەوەی مام جەلال نەخۆش کەوتووەو دورە لەکاری سیاسی ئەم چەپکە گوڵە چیدی گەشاوە نەماوە، نەیەکێتی پێگەو سەنگی بەهێزی نێودەوڵەتی و عێراقی ماوەو نە ئەو هێزەیە کە حسابێکی جدی لەناوخۆشدا زۆر بۆ بکرێت، ئێستا یەکێتی لە پاڵپشتی بەهێزی جەماوەرەوە چاوەڕێی زەحمەتکێشان و بەرێز قادر عەزیزە گەشی بکاتەوە.
دووجیاوازی هەن لەنێوان لەتبوونی دیموکرات و لەتبوونی یەکێتی، یەکەمیان ئەوەیە دیموکرات کە بوو بە دوولەت هیچ ناوچەیەکی نەبوو کە حوکمێکی دانپێدانراوی هەبێت لەلایەن کۆمەڵگای نێودەوڵەتی وەک ئەوەی یەکێتی کە بەشدارە لەحکوومەتی هەرێمی کوردستان و دەسەڵآتی تەواوی پارێزگای سلێمانی لەبەردەستیدایە، واتە لەتبوونەکەی یەکێتی زیانیدەبێت بۆ سەر ئەو دەموودەزگا خۆجێیانەی کە دەکەونە سنووری یەکێتی، سیاسەت لەکوردستان بەجۆرێک مەترسیدارە هەرکاتێک لایەنێک یان باڵێک دەکەوێتە تەنگانە راستەوخۆ خەڵک دەکرێتە ئامرازی دەست بۆ یەکلاکردنەوەی ململانێکان لەنانبڕین و دەرکردنی خەڵک و تەسفیەو حسابات، بۆیە ئاشتی کۆمەڵایەتی دەکەوێتە مەترسییەوە.
خاڵی دووەم ئەوەیە حزبی دیمووکرات کەلەتبوو حزبێکی دیکەی بەهێز نەبوو شوێنی بگرێتەوە، بەم لاوازی و دووبەشبوونەی ئێستاشەوە دیموکرات هەردوو باڵەکە حزبی رۆژهەڵآتی کوردستان و خەڵک هێشتا هەر هیوای لەسەر جوڵەیەکی ئەوان یان هێرشێکی چەکداری ئەوان هەڵچنیووە، بەڵآم یەکێتی گەر لاواز بێت چەندین حزب هەن کە چاوەڕێی ئەمەدەکەن و دەبنە میراتگری ئەودەسەڵآتەی کە یەکێتی لەسلێمانیدا هەیەتی، لەوانەشە بزووتنەوەی گۆڕان خۆی بە شایستەترین کەس بزانێت بۆ وەرگرتنی ئەم میراتە هەر ئەمەشە وایکرد لە گەرمەی کێشەکانی یەکێتیدا ڕێکخەری گشتی بزووتنەوەکە چووە دەرەوەی وڵآت و گوێی خۆی ئاخنی لەکێشەکانی یەکێتی و لێرە نەما تا داوای ناوبژی لێبکرێت.
لەبارچاومە یەکێتی دەبێتە دیموکرات و ناوە ناوە شاندی هەردوولا بۆ یەکگرتنەوە کۆدەبنەوە، ئەوخەونەی کە هەبوو بۆ یەکگرتنەوەی یەکێتی و گۆڕان ئێستا بچووک بۆتەوە بۆ خەونێک کە هێشتنەوەی ئێستای یەکێتییە بەساغی نەک ئەوەی کاربۆ یەکگرتنەوە بکرێت لەگەڵ گۆڕان.