شەوی هێرشی سەر بارەگاکانی پارتی

شەوی هێرشی سەر بارەگاکانی پارتی
تائێستا پارتی لەوە سەری سوڕدەمێنێت کە بۆچی پێش هێرشی سەر بارەگاکانی پارتی راگەیاندنی بزووتنەوەی گۆڕان ئاراستەی خۆپیشاندانی کرد، بەڵام هەڵسوراوێکی بزووتنەوەی گۆڕان پێی گوتم: "گۆڕان ویستی پەیامێک بداتە پارتی، بەوەی ناچاری بکات بە گۆڕانکاری لە یاسایی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان، تەنانەت نەوشیروان مستەفا ئەو شەوە ئامادەی نیشان دابوو راستەوخۆ لەگەڵ مەکتەبی سیاسی پارتی گفتووگۆ بکات، بەوەی بارەگاکانی دەپارێزرێت لەبەرانبەردا لەسەر پرسی گۆڕانکاری لە یاسایی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان نەرمی بنوێنێت، هەرئەو شەوە فەرمان لە نەوشیروان مستەفاوە دەرچوو بوو کە راگەیاندنی گۆڕان نەرمی بنوێنن و هێرشی راگەیاندنی رابگرن".
لەراستیدا خۆپیشاندانی ساڵێک پێش ئێستای سەر بارەگاکانی پارتیی کارتێکی تاقیکراوەی گۆڕان بوو، پارتی باش لەنییەتی هێرشەکە تێگەیشت، چونکە دەیانویست سیناریۆی ١٧ی شووبات دووبارە ببێتەوە، بەوەی فشارێک دروست بکرێت پەرلەمان و حکوومەت هەڵوەشێتەوە، دوای هەڵوەشاندنەوە گۆڕان وەک پاکێجێک لەگەڵ سێ لایەنەکەی دیکە رێککەوێت بۆ ئەوەی لەگەڵ هەڵوەشاندنەوەی حکوومەت دەستەی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان هەڵوەشێتەوە، بە جۆرێک گۆڕان وای لە یەکێتی گەیاندبوو کە ئەگەر لەسەر ئەم پرسە پشتگیری بکات، سەردەکەون، چونکە وەک ئەوان وایان لە یەکێتی گەیاندووە، بارزانی بە هەڵبژاردنیش بێت ناتوانێت ئەو پۆستە وەربگرێتەوە.
لەدوای خۆپیشاندان، پارتی دیموکراتی کوردستان، پێش ئەوەی کۆبوونەوەی دیکەی پەرلەمان بکرێت، ئاگاداربوو کە سەرۆکی پەرلەمان، بەناوی خەڵک و لایەنە سیاسییەکانەوە، پرۆژەیەکی ئامادەکردبوو، گوایە دەبێت لەو پرۆژەیە یاسایی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان بەجیا و لە دەرەوەی پرۆژە دەستووری کوردستان گۆڕانکاری تێدا بکرێت، تا ئەو کاتەی چارەسەری ئەم پرسەش دەکرێت، سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان بدرێتە دەستەیەکی دیاری کراوو، لە کاتێکدا پارتی تەواوی ئەم وردەکارییەی گەیاندوەتە ئەمەریکا، بۆیە لە راگرتنی پەرلەمانی کوردستان ئەمەریکاش جۆرێک لە ئاگاداری هەبووە، چونکە پێیان وابوو ناکرێت بارزانی کاربۆلادانی بکرێت و لەهەمان کاتدا سەرپەرشتی میحوەرەکان بکات.
کۆیی گشتی بابەتەکە ئەوەی کە ساڵێک بەسەر خۆپیشاندان و هێرش بۆسەر بارەگاکانی پارتی تێ دەپەڕێت، گۆڕان ویستی لە رێگای خۆپیشاندان و نارەزایی خەڵکەوە کارتە بەهێزەکە لەبەرانبەر پارتی تاقی بکاتەوە، کە ئەمەش دواین دەرفەت بوو، گۆڕان لەدەستیدا چونکە گۆڕان کارتی دیکەی هەبوو تاقی بکاتەوە، لەوانە رێککەوتن لەگەڵ سێ لایەنە و سووربن لەسەر پرۆژەکەیان، بەڵام کاتێک گۆڕان ویستی خۆی تاقی بکاتەوە هاوکێشەکە پێچەوانە دەرچوو.
Top