ئایا دەوڵەت چارەسەرە؟

ئایا دەوڵەت  چارەسەرە؟
دیارە هەر نەتەوەیەك لەسەرەتادا پێناسەیەكی لۆكاڵی هەڵدەگرێت و خەونەكانیشی بەقەدەر قەبارەی خۆی دەبێت، بەشێوەیەكی گشتی هێندێ جاریش نەتەوەیەك هەڵگری خەونێكی زۆر گەورەتر دەبێت لە قەوارەی خۆی، بەڵام ئەگەر نەتەوەی كورد بە نموونە وەربگرین، دەبینین هەمیشە خەونەكانی بەپێی قۆناغ و قەوارەی خۆی بووە، هێندێ جاریش خەونی بچووكتری لەقەوارەی خۆی هەبووە.
بەدرێژایی مێژوو جگە لە داواكاری و خەون بینین بەشێوەیەكی كرداری لە رێگەی شۆڕشەوە رووبارێك خوێنی لەپێناو داواكارییەكانیدا رشتووە و جیهانیش بەشێوەیەكی بێباكانە قوربانییەكەی لەبەرچاو گرتووە، تەنانەت لەو سەردەمانەشدا كە هەوڵی لەناوچوون و نەمان و پاكتاوكردنی كوردیان داوە.
لێرەدا باسی سەرەكیی ئێمە گێڕانەوەی مێژوو نییە، بەڵكو باسكردن لە ئێستا و داهاتووە، ئێستاش بەپێچەوانەی سەرجەم قۆناغەكانی رابردووەو سەرەڕای گۆڕینی نەخشەی ناوچەكەو ویستی ئەو هێزانەی رەسمی سیاسەتی جیهان دەكەن بۆ ئاڵوگۆڕی سیاسی و ئابووریی ناوچەكە، كورد توانیویەتی خۆی وەكو ژمارەیەكی بایەخدار وێنا بكات و بۆتە جێگەی سەرنجی جیهان، لە رووی ئیداریشەوە بە هەموو كەموكوڕییەكانیەوە توانیویەتی مومارەسەی ئیداری و دەوڵەتداری بكات و تا رادەیەك بۆتە خاوەنی ئەزموون، هەر بۆیە كاتی ئەوە هاتووە كورد كار بۆ بنیادنانی دەوڵەت و سەربەخۆیی كوردستان بكات.
بنیادنانی دەوڵەت خەونی هەمیشەیی كورد بووەو خوێنی زۆری بۆ رشتووەو قوربانیی زۆری لە پێناودا دراوە، ئێستاش دەرفەتێكی باش هاتۆتەپێشەوەو لەلایەن وڵاتانی رۆژهەڵات و رۆژئاواشەوە داكۆكی لەو مافەی كورد دەكرێت. كەواتە زەروورە لە رووی سیاسەتی دەرەكییەوە بەباشی و بەشێوەیەكی تەندروست مامەڵە بكەین، بەڵام بەشێوەیەك لە شێوەكان دەردەكەوێت كە لەناوخۆدا، یا ئەوەتا نەمانزانیوە سیاسەتێكی دروست بكەین، یا بەشێك لە سیاسییەكانمان بەشێوەیەكی بەرنامە بۆداڕێژراو لە دژی دەوڵەتی كوردستان كاردەكەن و خەڵكی لێ سارد دەكەنەوە، بێ ئەوەی بیر لەوە بكەنەوە هەمیشە دەرفەت ناڕەخسێ و ئەم قۆناغەش هەروا بەردەوام نابێت. جا ئەوەی ماوە بیڵێم ئەوەیە كە سیاسییەكانی كورد دەبێت لەئاستی دۆخەكەدا بن و توانای ئەوەیان هەبێت لەگەڵ ئەم رووداوە خێرایانەدا رێبكەن و كەڵك لە لەحزەكانی ئێستا وەربگرن بۆ بنیادنانی ئایندە، ئەگەرنا بەدڵنیاییەوە دەوڵەت دەبێتە خەونێكی زۆر ناشیرین تا رادەی نائومێدی و لەبیركردن.
هیچ پاساوێكی لۆژیكی نییە بۆ رەتكردنەوەی دەوڵەت. هەمیشە گەورەترین پاساوێك بۆ رەتكردنەوەی شتێك بەدیلێكی باشترە، بەڵام ئایا كورد هیچ هەڵبژاردنێكی باشتری هەیە لەسەربەخۆیی زیاتر؟
ئایا رەتكردنەوەی سەربەخۆیی جگە لە بەهەدەردانی خوێنی شەهیدان و لەبەرچاو نەگرتنی ماڵوێرانیی میللەتێك چیتر دەگەیەنێت؟
پێویستە كاری جەوهەری بكرێت سەبارەت بەم پرسیارەو وەڵامێكی لۆژیكی و باوەڕهێنەر بە خەڵك بدرێتەوە، بۆیە لەم سۆنگەیەوە داوا لەسەرجەم لایەنە سیاسییەكانی باشووری كوردستان دەكەم لەم ساتەوەختەدا هەموو ململانێیە سیاسییەكانیان وەلاوە بنێن و لە دەوری یەك دەست لەناو دەست كۆببنەوە بۆ ئەوەی نەخشەڕێگەیەكی جوان و گونجاو دابڕێژن بۆ خۆئامادەكردن بۆ هەموو ئەگەرێك لە كاتی گونجاو بۆ بەدیهێنانی ئامانجە گەورەكەی میللەتەكەمان كە ئەویش راگەیاندنی سەربەخۆییە، بێگومان ئەگەر هەر هێزێكی سیاسی پێچەوانەی ئەم هەنگاوانە كاربكات، ئەوا دڵنیاین مێژوو رەحم بە كەس ناكات .
* ئەندامی پێشووی پەرلەمانی عێراق

Top