نه‌خێر بۆ توركیا، به‌ڵێ بۆ ئێران

نه‌خێر بۆ توركیا، به‌ڵێ بۆ ئێران
به‌ هه‌ر پێناسه‌ و شرۆڤه‌ و لێكدانه‌وه‌یه‌كی سیاسی و زانستی توركیا ‌ببێته‌ داگیركاری به‌شێكی كوردستان و دوژمنی كورد، به‌ هه‌مان پێناسه‌ و شرۆڤه‌ و لێكدانه‌وه‌ش ئێران ده‌بێته‌ داگیركاری به‌شێكی تری كوردستان و دوژمنێكی تری كورد، هه‌ر كه‌س و ده‌سته‌ و گرووپێكیش به‌ هه‌ر پاساو و بیانوویه‌ك نكولی له‌و راستییه‌ بكات و، یه‌كیان به‌ داگیركار و دوژمنی كورد بزانێ و چاوپۆشی له‌ داگیركاری و دوژمنكاری ئه‌ویتریان بكات، خۆفرۆشی و جاش بوونی بێئه‌ملا و ئه‌ولای خۆی راده‌گه‌یه‌نێ.
پێنج فراكسیۆنی كوردستان به‌ موزایه‌ده‌وه‌ به‌یاننامه‌ی ناڕه‌زایی له‌سه‌ر بوونی هێزێكی توركیا له‌ ده‌وروبه‌ری موسڵ ده‌رده‌كه‌ن، ئه‌وه‌ له‌ كاتێكدایه‌ ئێران ته‌راتێنی سیاسی و سه‌ربازی و هه‌واڵگری به‌ناو هه‌موو جومگه‌كانی هه‌ر سێك ده‌سه‌ڵاته‌كه‌ی عێراقدا ده‌كات، خۆ ئه‌گه‌ر ئه‌و پێنج فراكسیۆنه‌ به‌ ناوی كوردایه‌تی و خه‌مخۆری‌ موزایه‌ده‌ به‌ كوردانی باكوور و باشوور بفرۆشن، خۆ له‌ ئێستادا ئێران خراپتر له‌ توركیا كورد ده‌كوژێ، سێداره‌ گه‌ڕۆكه‌كان و هه‌ڵواسینی گه‌نجانی كورد له‌ كۆڵان و شه‌قامی شاره‌كاندا باشترین به‌ڵگه‌ی ئه‌و راستییه‌ن كه‌ ئێران له‌ توركیا داگیركار تر و كوردكوژ تر نه‌بێ باشتریش نییه‌، ئێران زۆر خراپتر له‌ توركیا هه‌موو كار و چالاكیه‌كی كورد بوونی یاساخ كردووه‌ و هه‌موو ده‌رگاكانیشی به‌ رووی هزر و بیری كوردایه‌تی و ئازادی سیاسی و حزبیدا داخستوون، له‌ هه‌ر ناوچه‌ و شار و گوندێكی رۆژهه‌ڵات هه‌ست بكرێ گه‌نجێكی كورد مه‌یلی بۆ حزبێكی رۆژهه‌ڵاتی كوردستان هه‌یه‌، ئه‌گه‌ر به‌و ناوه‌ش له‌ سێداره‌ی نه‌ده‌ن، ئه‌وا به‌ به‌رنامه‌ و به‌ ناوی بازرگانی كردن به‌ مادده‌ی هۆشبه‌ر له‌ تاوانیه‌وه‌ ده‌گلێنن و سێداره گه‌ڕۆكه‌كه‌ی ده‌به‌نه‌ به‌ر ده‌رگای ماڵه‌كه‌‌ی.
له‌گه‌ڵ بوونی ئه‌و راستیانه‌ و زۆر راستی تریش پێنج فراكسیۆنی په‌رله‌مانی كوردستان پێچه‌وانه‌ی بنه‌ماكانی زانستی دوژمنناسی، هه‌ڵوێست وه‌رده‌گرن، یان راستتر بڵێین: هه‌ڵوێستیان پێوه‌رده‌گیرێ، ئه‌وه‌تا له‌گه‌ڵ ده‌نگ هه‌ڵبڕینی په‌رله‌مانی عێراق دژ به‌ بوونی توركیا وه‌ك ئه‌شكه‌وت ده‌نگ ده‌ده‌نه‌وه‌، هاوكات له‌گه‌ڵ بێده‌نگ بوونی په‌رله‌مانی عێراق له‌ به‌رامبه‌ر ده‌ستوه‌رانه‌ بێ سنووره‌كانی ئێڕان، ئه‌وانیش خۆ له‌ خه‌و ده‌خه‌ن و پرخه‌یه‌كیش ناكه‌ن.
ئه‌و پێنج فراكسیۆنه‌ی په‌رله‌مانی كوردستان ئه‌گه‌ر له‌سه‌ر كوردانی رۆژهه‌ڵاتیش نه‌یه‌نه‌ ده‌نگ، خۆ نوێنه‌ری كوردانی باشوورن و ده‌بوایه‌ له‌سه‌ر مه‌ترسیه‌كانی بوونی هه‌ژموونی ئێران له‌سه‌ر عێراق بێنه‌ ده‌نگ، چونكه‌ بوونی هه‌ژمووی ئێران له‌سه‌ر عێراق زۆر له‌ بوونی توركیا بۆ كوردانی باشوور ترسناكتره‌، ئه‌وه‌ش په‌یوه‌ندی به‌و پاشخانه‌ مه‌زهه‌بیه‌وه‌ هه‌یه‌ كه‌ ده‌سه‌ڵاتدانی ئێران و عێراق ده‌باته‌وه‌ سه‌ر یه‌ك مه‌زهه‌ب و یه‌ك بیر و فه‌لسه‌فه‌ی ده‌سه‌ڵاتدارێتی، مێژووش پێمانده‌ڵێ: داگیركارانی كوردستان چه‌ندی له‌گه‌ڵ یه‌كتری بێ كێشه‌ و لێك نزیك بن، مه‌ترسیه‌كانیان ئه‌وه‌نده‌ بۆ سه‌ر كورد و دۆزه‌ ره‌واكه‌ی زیاد ده‌كه‌ن، بۆیه‌ پێویسته‌ ئه‌و پێنج فراكسیۆنه‌ مه‌ترسییه‌كانی بوونی ئێران و هاومه‌زهه‌بی ده‌سه‌ڵاتدارانی ئێران و عێراق له‌بیر نه‌كه‌ن و لاینی كه‌م چۆن ده‌ڵێن: نه‌خێر بۆ توركیا، ئه‌وهاش بڵێن: نه‌خێر بۆ ئێرانیش، نه‌ك له‌گه‌ڵ په‌رله‌مانی عێراق هاوده‌نگ بن و هاوشێوه‌ی په‌رله‌مانی عێراق بڵێن: نه‌خێر بۆ توركیا و به‌ڵێ بۆ ئێران.
Top