تیرۆریزم و سالڕۆژی جیھانی دەرووندۆستی

تیرۆریزم و سالڕۆژی جیھانی دەرووندۆستی
دێوەزمەی تیرۆریزم زیاتر لەھەرجار مرۆڤایەتیی شۆکە کرد. ئێمە لەکاتێکدا باس لەو دیاردە مەترسیدارەی کۆمەڵگای مرۆڤایەتی دەکەین کە ( ١٠/١٠ ) ھەموو ساڵێک و ئەمساڵیش سالڕۆژی دەرووندورستی جیھانییە. دیارە لە کەس شاراوە نییە کە لەماوەی چەند ساڵی دووایی دا و لەسایەی سەر لەنوێ سەرھەڵدانەوەی تیرۆر بەھەزاران شار و دێ وێران و مەلیۆنان مرۆڤ ئاوارەو دەربەدەربوون و بەھەزاران کەس لە ڕێگاوە مردن و کوژران و لەدەریاکاندا خنکان و بوون بە خۆراکی ماسیەکان و تەنھا لە وڵاتی ئەڵمانیا بۆ نموونە دە ھزار مندالی ئاوارە بێ سەراو شوێنن و ... ھتد. باشە پرسیار لەوەدایە ئایا مرۆڤایەتی چەند توانای ھەیە بەرگەی ئەو ھەموو نەھامەتییانە بگرێ؟ لەکاتێکدا کە مرۆڤایەتی بەدەست سەدان کێشە گیروگرفتی تری وەک زیادبوونی ڕێژەی دانیشتوانی گۆی زەوی، پیسبوونی ژینگە، و ... ھتد، دا دەنالێنێ، تیرۆریش وەک گورزێکی کۆشندە ھەڕەشە لەمرۆڤایەتی دەکات. کارەساتە دڵتەزێنەکانی دەستی تیرۆر بەھا مرۆڤی و کۆمەڵایەتیەکانی گۆڕی، خێزان و کۆمەڵگاکانی لەیەکتری ترازاند و دورخست و مۆھری پاشکەوتنی لێدا. لەسایەی ئەو کارەساتانە جگە لەھەزاران کوژراو، ھزاران پەککەوتەو نەخۆشی دەروونی پێشکەشی کۆمەڵگای مرۆڤایەتی کران. ھەموو ئەو تاوانانە و کاریگەرییە نەرێنیانەیان بەسەر کەس و کاری ئەوان و بەتایبەت نەخۆشیە دەروونیەکان بۆ سالانێکی دوورو درێژ بەردەوام دەبێ و بگرە بۆ چەندە نەوەی تر دەگوازێتەوە. ڕاستە پاڵنەرە دەروونی و سروشتییەکانی مرۆڤ فاکتەری یەکەم و سەرەکیی سەرھەلدانی ئەم دیاردە قێزەوەنەن، بەڵام ئەگەر تەماشەیەکی وردتری تیرۆربکرێ تێبێنی دەکرێت کە ئایین کراوەتە ئامرازێک بۆ برەودان بەتووندوتیژی و دەمارگیری. ئەمە لەکاتێک دا کە خۆدی ئایین لەپێناو بەختەوەری و ئاسودەیی کۆمەڵگای مرۆڤایەتی پەیدابووە. بەدرێژایی مێژوو ئایینە پاکەکانی جیھان لەلایەن ھەندێ کەسی ھەڵپەرست و دەمارگیر و دۆگماتی لەڕێڕەوی ڕاستەقینەی خۆی لادراون و بە پێچەوانە ئامانجە پیرۆزەکانی خۆدی ئایینەکان بەکارھاتوون. ئایینی موسا (س) لەلایەن ھەندێ ھەڵپەرستی بەنی ئیسرائیلی چەمکی ناشرینی (گەلی ھەڵبژاردە) ی ھێنایە کایەوە و مۆغەکانی زەردەشتی ئەو ئایینەیان بۆ خۆ دەولەمەندکردن و چەوساندنی خەلکی ھەژار بەکارھێنا، و پیاوانی ئایینی مەسیحییەت بەدرێژایی سەدان ساڵ و لەژێر سێبەری ناوی مەسیحییەت و کەنیسا ئەوروپای کرد بە جەھەنمێک، و لەدوایی دا ھەندێ کەسی ھەڵپەرستیش ناو و ناوەڕۆکە پیرۆزەکەی ئیسلامیان کرد بە چەکێکی کۆشندەو تێکەڵی بیروباوەرو مێنتالیتە ڕزیوەکەی خۆیانیان کرد و بوون بەئاستەنگ لەبەردەم گەیشتنی پەیامە پیرۆزەکەی، و لەکاتێکدا کە سەرچاوە ڕەسەنەکانی ئەو ئایینانە پڕن لە چەمک و بەھا جوان و پیرۆزەکانی پێغەمبەرە خۆاییەکان، ئەمڕۆ ئایین لەدژی مرۆڤایەتی بەکاردەھێنرێتن.
لەسالڕۆژی جیھانی دەرووندۆستی داو بۆ مەبەستی پاراستنی دورستی سایکۆلۆژیای مرۆڤایەتی دەبێ جیھان بەتووندی دژی ھەر فاکتەرێک کە زیان بەو لایەنە گرنگە دەگەیەنێ بوەستێ و بەتایبەت ئەو ھەڵپەرستانەی پشتیان لەسەرچاوە ڕەسەنەکانی ئایین کردووەو بیروباوەرە چەوت و چەواشەکراوەکەی خۆیانیان کردووە بەسەرچاوەی ئایین، دەبێ بدرێنە دادگا نێو نەتەوەییەکان و سزا بدرێن، و دەبێ ئەو سەرچاوە نائایینییە دەمارگیرانە لەناوببرێن کە دەبن بە پەرەسەندنی ئاگری تووندوتیژی و دەمارگیری و دۆگماتیزمی مەزھەبی و ئایینی و تیرۆر. لەو سالڕۆژە دا سلاو لە قۆربانیانی دەستی تیرۆر ، و پێغەمبەرە ڕاستینەکانی دژی تیرۆریستان بێ، و ھەروەھاش نەفرەت و نەمان بەشی تیرۆریزم و تیرۆریستان بێ.
*بسپۆرێ ئەکادیمی د زانستێن سایکۆلۆژی و پێداگۆگی/ فاکۆلتییا پەروەردە/زانینگەھا زاخۆ

Top