سه‌ردانه‌كانی سه‌رۆك بارزانی و پوچه‌ڵ كردنه‌وه‌ی مین و بۆمبه‌ چێنراوه‌كان

سه‌ردانه‌كانی سه‌رۆك بارزانی و پوچه‌ڵ كردنه‌وه‌ی مین و بۆمبه‌ چێنراوه‌كان
له‌ دوای كوده‌تا په‌رله‌مانیه‌كه‌ی 23ی حوزه‌رانی ساڵی 2015ی بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان و كۆمه‌ڵی ئیسلامی و باڵی ده‌سترؤیشتووی ناو یه‌كێتی و، شكستخواردن و نه‌گه‌یشتنیان به‌و مه‌رامه‌ی كه‌ پێشوه‌خت و به‌ هاوكاری و رێنمایی زیاتر له‌ موخابه‌راتی داگیركارێكی كوردستان نه‌خشه‌یان بۆ كێشابوو، شكستی ئه‌و كوده‌تایه‌ وایكرد‌ سێ لایه‌نه‌ كوده‌تاچیه‌كه‌ بۆ ئه‌وه‌ی گیان به‌به‌ر كوده‌تا مردوه‌كه‌یاندا بكه‌نه‌وه‌، له‌سه‌ر ئاستی ناوخۆ و عێراقی و هه‌رێمی و ته‌نانه‌ت نێوده‌وڵه‌تیش په‌نایان بۆ چاندنی مین و بۆمبی پیلانگێڕی برد، بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ و گه‌یشتن به‌و ئامانجه‌ی كوده‌تاكه‌یان له‌ پێناودا كرد، چه‌ندین مین و بۆمبی ئاشكراو نهێنیان له‌سه‌ر رێگای كاروانی خه‌باتی نه‌ته‌وه‌یی و هه‌ڵگرانی په‌یامی سه‌ربه‌خۆیی كوردستان و به‌ تایبه‌ت سه‌ركاروانی ئه‌و په‌یامه‌ چاند، به‌ڵام وه‌ك له‌ خواره‌وه‌ ئاماژه‌یان بۆ ده‌كه‌ین ئه‌زموون و لێزانی سه‌ركاروانه‌كه‌ له‌ پووچه‌ڵكردنه‌وه‌ی مین و بۆمبی پیلانگێڕی وایكرد، هیچ كامێك له‌و مین و بۆمبه‌ چێنراوانه‌ نه‌توانن كاروانه‌كه‌ بوه‌ستێنن و سه‌ركاروانه‌كه‌ش له‌ ره‌وایی ئه‌و په‌یامه‌ دوو دڵ بكه‌ن.
له‌گه‌ڵ شكستخوادنی كوده‌تاكه‌یان له‌ 23ی حوزه‌یه‌ران، ئه‌و سێ لایه‌نه‌ له‌سه‌ر ئاستی ناوخۆ هه‌وڵیاندا مین و بۆمبی به‌رده‌فڕكێ و هه‌ڵكوتانه‌سه‌ر باره‌گای حزبی و ئاژاوه‌گێڕی سه‌ر شه‌قام، به‌ كۆده‌نگی و یه‌كهه‌ڵوێستی نه‌ته‌وه‌یی و ئاشتی كۆمه‌ڵایه‌تی و پێكه‌وه‌ژیانی سیاسی ناو لایه‌نه‌كانی كوردستاندا بته‌قێننه‌وه‌ و كردیشیان، به‌ڵام حیكمه‌ت و دووربینی و سه‌برگرتن و په‌رۆشی سه‌رۆك بارزانی ئه‌و مین و بۆمبه‌ی له‌ نیوه‌ی رێگا پوچه‌ڵ كرده‌وه‌ و نه‌یهێشت بگاته‌ ئه‌و وێستگه‌ دیاریكراوه‌ی سێ لایه‌نه‌ بۆمبچێنه‌ره‌كه‌ نه‌خشه‌یان بۆ كێشابوو، دوای پوچه‌ڵ كردنه‌وه‌ی ئه‌و بۆمبه‌ له‌سه‌ر ئاستی عێراق كه‌وتنه‌ چاندنی مین و بۆمبی هاوپه‌یمانی له‌گه‌ڵ حزبه‌ شۆڤێنیه‌كانی عه‌ره‌ب و فراكسیۆنه‌ مه‌زهه‌بچیه‌كانی شیعه‌، ناردنی وه‌فدی هاوبه‌ش بۆ به‌غدا و دواتر هاتنی نوری مالیكی و حه‌ننان فه‌تلاوی بۆ سلێمانی، ئه‌و مین و بۆمبه‌ چێنراوه‌ بوون كه‌ بۆمبچێنه‌ره‌كانی بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان و باڵی ده‌سترۆیشتووی ناو یه‌كێتی دوا خۆزگه‌ی سیاسی خۆیان و شكست و په‌راوێزخستنی پارتیان له‌سه‌ر هه‌ڵچنیبوون، به‌ڵام سه‌ردانی سه‌رۆك بارزانی به‌ یاوه‌ری نوێنه‌رانی باڵی ناوه‌ندی بڕیاری یه‌كێتی و كاكه‌ حه‌مه‌ی سكرتێری حزبی سۆشیالیست و ئه‌مینداری یه‌كگرتووی ئیسلامی بۆ به‌غدا، بوونه‌ ده‌سته‌ی ئه‌ندازیاری بۆمب پوچه‌ڵكه‌ره‌وه‌ی سه‌ر رێگای كاروانی كوردایه‌تی و بۆمبه‌كه‌یان به‌ رووی بۆمبچێنه‌ره‌كاندا ته‌قانده‌وه‌.
هاوكات له‌گه‌ڵ چاندنی بۆمبه‌ عێراقیه‌كه‌، ژێربه‌ژێر له‌گه‌ڵ قاسم سوله‌یمانی فه‌رمانده‌ی سوپای قودسی پاسداران و ده‌زگای ئیتلاعاتی ئێران به‌رده‌وام خه‌ریكی چادندنی مین بۆمب و ته‌قاندنه‌وه‌یان بوون به‌ هزر و بیری نه‌ته‌وایه‌تیدا، سه‌ردانه‌ چاوه‌ڕوانكراوه‌كه‌ی ئه‌مجاره‌ی سه‌رۆك بارزانی و وه‌فدی یاوه‌ری بۆ ئێران و كۆبوونه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ عه‌لی خامنه‌یی ترۆپكی ده‌سه‌ڵاتی ئه‌و وڵاته‌ و سه‌رۆك كۆمار و سه‌رۆكی په‌رله‌مان ئه‌و مین و بۆمبانه‌شیان لێ پووچه‌ڵ ده‌كاته‌وه‌.
له‌ چاندنی بۆمبی نێوده‌وڵه‌تیش چه‌ندی بۆیان كرابێ كردوویانه‌ و له‌و باره‌وه‌ درێغیان له‌ نانه‌وه‌ی مین و بۆمبی دابڕاندنی كورد له‌ جیهانی ده‌ره‌وه‌ نه‌كردووه‌، هه‌ڵاتنه‌ یه‌ك له‌ دوای یه‌كه‌كانی نه‌وشیروان مسته‌فا و ونبوون و بوون به‌ به‌ردی بن گۆم، دیاریكردنی كات و شوێنی مین و بۆمبه‌ چێنراوه‌كان و په‌نجه‌ له‌ دوگمه‌ دانه‌ بۆ ته‌قاندنه‌وه‌یان، یان گه‌ڕانی یوسف محه‌مه‌د به‌ وڵاتاندا و كار كردن بۆ ناشیرین كردنی ئه‌زموونی كوردستان و لاواز كردنی پێگه‌ی كورد و ته‌مومژ خستنه‌ سه‌ر ناوبانگی پێشمه‌رگه‌ و به‌ میلیشیا ناساندنی، له‌و مین و بۆمبه‌ چێنراوانه‌ن كه‌ به‌ فه‌رمان و رێنمایی نه‌وشیروان مسته‌فا له‌ ناوه‌نده‌ نێوده‌وڵه‌تیه‌كان هه‌وڵی چاندنیان ده‌درێ، به‌ڵام پێگه‌ و گه‌شته‌ دیبلۆماسیه‌كانی سه‌رۆك بارزانی بۆ وڵاتان و ئه‌و پێشوازیه‌ی له‌سه‌ر ئاسه‌ته‌ باڵاكان لێی ده‌كرێ، بوونه‌ كامێرای چاودیڕی و رێگه‌ له‌ چاندنیان ده‌گرێ.
Top