ئیسلامییەكان چییان لە حكومەت دەوێت چۆن دەیانەوێت ئۆپۆزیسیۆن بن؟

ئیسلامییەكان چییان لە حكومەت دەوێت  چۆن دەیانەوێت ئۆپۆزیسیۆن بن؟
لەوانەیە ئەم نەخۆشییەی ئەمڕۆ هەردوو حزبی ئیسلامی (كۆمەڵ و یەكگرتوو) گرتوویانە، لە دنیای سیاسەتدا وێنەی دەگمەن بێت! ئەوان لەسەرێكەوە دەیانەوێت لە حكومەتدا بن و لەسەرێكیترەوە وەك ئۆپۆزیسیۆن كاردەكەن، نەك هەر ئەوەندە، بەڵكو سەرۆكی هەرێم و تەنانەت حكومەتەكەشی بە ناشەرعی و شكستخواردوو لەقەڵم دەدەن!! ئەوەی لێرەدا دەبنیرێت، وەزیرەكان بێدەنگ كاری خۆیان بەڕێوە دەبەن، ئەمەش واتەی ئەوە دەگەیەنێت كە ئەوان حكومەت بەشەرعی وسەركەوتوو دەزانن، پێدەچێت فاكتەرە لۆژیكییەكانی قەیرانی حكومەتیشیان لەبەر چاو بێت، لەكاتێكدا دەبینین زۆربەی پەرلەمانتار وبنكە جەماوەرییەكەیان بەجۆرێكیتر فووتێدەكەن زۆر جیاواز لەو رەوتەی كە لەلایەنی وەزیرو ئەوانەی لە حكومەتدا كاردەكەن. هۆكاری ئەم دووفاقییە چییە؟ من لێرەدا هەردوو حزب بەجیا دەخوێنمەوە:
١- كۆمەڵی ئیسلامی كوردستان
لەراستیدا كۆمەڵی ئیسلامی جێگەی سەرسوڕمانی هەرچاودێرێكی سیاسییە لەو هەڵویستانەدا كە لەئێستادا دەیانگرێت. وەك ئەو رەوتە توندەی گرتوویەتیەبەر دژ بەحكومەتی هەرێم و مەسەلەی سەرۆكایەتی و قەیرانی دارایی و شتەكانیتریش. ئایا كۆمەڵ وەك گوتاری سەر مینبەری مزگەوتەكان و هەندێك لە پەرلەمانتارەكان و راگەیاندنیان بۆ وا توندن؟ وەك دەردەكەوێت، كۆمەڵی ئیسلامی لەم ماوەیەی دواییدا هەموو هەڵویستەكانی تەواو یەكانگیرە لەگەڵ هەڵویستەكانی گۆڕاندا، تا ئاستێك دەتوانین بڵێین یەكێكیان زیادن لە مەیدانەكەدا! ئایا ئەمە هۆی چییە؟ ئایا ئاراستەكردنێكی دەرەكی هەیە كە هەردوو لا بەیەك ئەجیندا بجووڵێنێت؟ ئەم رایە رێی تێدەچێت، بەڵام ئەمە لای ئێمە وەك زانیاری و داتا و بەڵگە لەبەر دەستدا نییە، بەڵكو تەنیا خوێندنەوەو شیكاریی هەڵویستەكانە. من پێموایە هۆكارێكی تری توندیی كۆمەڵ بەرامبەر حكومەت شتێكی ئایدیۆلۆژی بێت، بەو مانایەی كۆمەڵ بنیادنراوە لەسەر ئایدیۆلۆژیایەكی توندی جیهادی سەلەفی، سروشتی ئەو هێزانەش ئەوەیە كە هەموو حكومەتەكان بە كافر، یان بێباوەڕ دەزانن، چونكە حوكم بەو شەریعەتە ناكەن كە ئەوان دەیانەوەێت، بەو خوێندنەوەیە بۆ ئیسلام كە ئەوان دەیانەوێت بیسەپێنن بەسەر خەڵكدا. ئەم جۆرە لە رەوتی ئیسلامیی بەردەومدان. لەئێستادا كە كۆمەڵ ناتوانێت لەڕێگەی چەكدارییەوە بەو ئامانجەی خۆی بگات، بەڵام ئەم میكانیزمی توندڕەوییە هەندێك لەو ئامانجەی دەپێكێت و لانیكەم هەوادارانی گەرم دەكاتەوە. ئەوەی جێگەی تێڕامانە زۆرینەی خەتیب و بانگخوازە توندڕەو و تەكفیرییەكانی هەرێمیش، یان سەر بە كۆمەڵن، یان لەوانەوە نزیكن، دوو هەڵویستی تەكفیریشیان ئەو خوتبە بەناوبانگەی مەلانادری كانی كوردەیی بوو كە كەسایەتییەكیتری ئیسلامی تەكفیر كرد، لەسەر ئەوەی خاوەنی لێكدانەوەی جیاوازە بۆ دەقەكان. كەواتە كۆمەڵ لێرەدا شتێكی نامۆی نەكردووە، بەڵكو چۆتەوە سەر ریشە فیكرییەكانی خۆی.
كۆمەڵ بەم شێوەیە دوو ئامانج دەپێكێت بە حیسابی خۆی، لەلایەكەوە چەورییەكانی حكومەتی هەر بۆ دەمێنێتەوە، لەلایەكیتریشەوە دڵی جەماوەری هەڵچوو بەلای خۆیدا رادەكێشێت، بەڵام لەمەودای دووردا خەسارەتێكی ستراتیژی بەردەكەوێت، چونكە هەموو هەوڵەكانی تەنیا دەیكاتە پاشكۆیەكی بچووكی گۆڕان، لەبەر ئەوەی لەئێستادا ئەوە گۆڕانە هەڵگری ئاڵای ناڕەزایەتییە، نەك هیچ كەسێكی تر.
٢- یەكگرتوو:
لەوانەیە هیچ حزبێك وەك یەكگرتوو هەڵوێستی ناڕۆشن نەبێت. هەر وەك پرەنسیپ یەكگرتوو دەبێت حزبێكی میانڕەو بێت لەهەموو شتێكدا، لەڕاستیدا هەوڵیشیداوە هەروابێت، بەڵام ئەویش لەترسی ئەو رەوتە گشتییەی كە لە سلێمانی و دەوروبەری دەگوزەرێت، زۆر چۆتە ژێر باری ئەو هەوایەوە، بۆیە تا ئێستا ناتوانێت لەهیچ هەڵوێستێكدا خاوەنی ئیرادەی خۆی بێت، بەڵكو هەمیشە شوێنكەوتەی شەقامی سیاسییە و ناتوانێت قەناعەت بە ئەندامەكانی بێنێت، بەڵكوو شوێنكەوتەی قەناعەتی ئەوانە، بەمەش یەكگرتوو زەبری كوشندەی بەردەكەوێت و ئیرادەی سیاسی خۆی لەدەستدەدات
لەڕاستیدا یەكگرتوو هەر لەسەرەتاوە تا ئێستا لە دووفاقیەتدا ژیاوە و دەیەوێت لەهەموو لایەنێكەوە رەزامەندی وەربگرێت، هەر ئەمەش وایكردووە ببێتە جێگەی رەخنەی هاووڵاتی. ئەو لەسەرێكەوە پایەیەكی لە حكومەتدایە، لەسەرێكی تریشەوە هەندێك پەرلەمانتاری لە ئۆپۆزیسیۆنێكی توندڕەو زیاتر توندڕەوترن، كەچی لەسەرێكیترەوە هەندێك پەرلەمانتاری تریان تەواو بێدەنگە، یان پشتگیری حكومەت دەكات. لەكاتێكدا یەكگرتوو خۆی حزبێكی دیسۆلینكار و سەنتراڵیستە و دەبێت هەموو بڕیارەكانی مەركەزی بن.
لەهەندێك سەرچاوەی دیكەوە ئەوەم پێگەیشتووە كە یەكگرتوو دەیانەوێت لەگەڵ پارتیدا هاوكاری بكەن بۆ چاكسازی، بەڵام ترسیان لەوە هەیە كە حزبەكانی دیكە لەدەڤەری سلێمانی ئەو هەلە بۆ لێدانی یەكگرتوو بقۆزنەوەو وهەوڵی داماڵینی جەماوەرەكەی بدەن، بەتایبەت كۆمەڵی ئیسلامی كە وەك حزبێكی ركابەری ئیسلامی بەتەواوەتی خۆی یەكلایی كردۆتەوە. ئەوەی سەیرە، ئەوەیە كە یەكگرتوو لەسەرێكەوە هەواداری ئەكەپە و ئەزموونی توركیایە، دەتوانین بڵێین كەوتۆتە ناو بازنە دنیای سوننەوە، بەپێچەوانەی كۆمەڵەوە كە تەواو كەوتۆتە ناو بازنەی ئێرانەوە. ئەوەش یەكێك لە پارادۆكسەكانی كۆمەڵ دەردەخات لێرەدا، ئەو كە حزبێكی سەلەفی جیهادییە، سەلەفیەتیش بەهەموو باڵەكانیانەوە شیعە بە مورتەد و بیدعەكار ولە دین دەرچوو دەزانن، كەچی هەموو تاكتیك و ستراتیژەكانی كۆمەڵ بە ئاشكرا دیارە كە دەڕژێتە نێو ستراتیژی بەرەی شیعەگەراییەوە. كۆمەڵ لە سەرێكەوە دژایەتی گەندەڵی دەكات، وەك سۆران عومەر دەیوت با ئەم حكومەتە ریسواتر بكەین، كەچی لە سەرێكیترەوە خۆی خاوەنی سەدان مووچەخۆری بندیوارە بە ناوی خانەنشینییەوە، ئەوەش بەئاشكرا لە ددانپێدانانی وەزیری كشتوكاڵ و ئەو لیستەدا دەركەوت كە ١١٢ كەسی كۆمەڵی تێدا بوو، كە بە پلەی جیاجیا خانەنشین كرابوون. ئەم پارادۆكسانەی ئێمە لەهەردوو حزبی ئیسلامی دەیبینین لە راستیدا وامان لێدەكات هەموو بنەما فیكری و ئایینییەكانیان بخەینە ژێر پرسیاری گەورەوە.
كۆمەڵی ئیسلامی بۆ پرسی بەدەوڵەتبوون لەبەرایی هەڵبژاردنەكاندا، بە حیساب نەخشەڕێگەیەكی داڕشتبوو بۆ بەخاوەن دەوڵەتكردنی كوردو سەربەخۆیی كوردستان. كەچی دەبینین پاش هەڵبژاردنەكان هەواڵی دەوڵەتی كوردستان لەلای كۆمەڵ دەپووكێتەوەو پاشان بە هێواشی دەگۆڕێت بۆ دژایەتیكردنی بیرۆكەی سەربەخۆیی. ئێمە لێرەدا چۆن ئەم هەڵوێستە بخوێنینەوە؟ ئایا كۆمەڵ حزبێكە گەمە دەكات، هەروەك حزبێكیتری سیاسی، یان پرەنسیپەكانی كۆمەڵی ئیسلامی تەنیا لەسەر ئاستی تاك كار دەكات، نەك سیاسەت؟ من لەو سەردەمەشدا بە جۆرێك لە گاڵتەجاڕی دەمڕوانییە ئەو نەخشەڕێگەیەی كۆمەڵ باسیدەكرد كە گوایە بۆ سەربەخۆیی هەرێم دایڕشتووە. لەبەر ئەوەی وەك بینیمان هەر دوای هەڵبژاردنەكان شتێك نەما بەناوی سەربەخۆییەوە! ئاخر بنەمای هەر ستراتیژییەكی حزبی دەبێت لە بنكەی جەماوەرییەوە دەربچێت. لەكاتێكدا بنكەی جەماوەریی كۆمەڵ كەسانی سەلەفی مەشرەب و ئیسلامی سەلەفی و سیاسین، ئەوانەش ئەسڵەن شتێك بەناوی دەوڵەتی نەتەوەییەوە بە كوفر و بیدعە دەزانن، ئیتر چۆن كۆمەڵێكی وا دەتوانێت بەردەوام بێت لەسەر شتێك كە یەك تاكی خۆیان باوەڕی پیی نییە؟ لەلایەكیترەوە وەك لەپێشدا باسم كرد، كۆمەڵی ئیسلامی بە تەواوەتی یەكلا بۆتەوە بۆ بەرەی گۆڕان، ئەو بەرەیەش بەزەقی دژایەتی هەر هەوڵێك دەكات بۆ جیابوونەوە لە عێراق وسەربەخۆیی، بەتایبەتی ئەگەر ئەو سەربەخۆییە لەبەرژەوەندی حزبیی خۆیاندا نەبێت، كۆمەڵیش لەسەر هەمان ریتمی گۆڕان و بەرەی شیعەگەرایی ناچارە لەسەر هەمان ستراتیژ درێژە بەكارەكانی بدات، ئەمەش بێگومان قەیرانێكی قورس لەناو ریزەكانی ئەو حزبەدا دروستدەكات. لەهەمان كاتدا یەكگرتوو ناتوانێت خۆی یەكلایی بكاتەوە لەو بارەوە، ئەویش تائێستا نەیتوانیوە وەك هەموو هەڵوێستەكانی تری، لێرەشدا هەڵوێستێكی روون وەربگرێت. یەكگرتوو چاوەڕێی زەمەن دەكات، بزانێت چ ستراتیژێك سەردەگرێت، تا بچێتە پاڵ ئەو ستراتیژەوە..

Top