بزووتنەوەی گۆڕان لەنێوان دوو ئەگەری ناچار

بزووتنەوەی گۆڕان لەنێوان دوو ئەگەری ناچار
بزووتنەوەی گۆڕان، ئەوەی ویستی نەهاتەدی، لەلایەک دەیەویست رێککەوتن لەگەڵ یەکێتی بکات، بۆئەوەی شوێنی رێککەوتنی ستراتیژی بگرێتەوە و وەک هێزێک بەرانبەر بەپارتی بوەستێتەوە، لەهەمان کاتدا باڵەکانی یەکێتی یەکبخاتەوە و هاوکێشەی سیاسی ناوچەکە بگۆڕن، یەکێک لە دروشمەکانی رێککەوتنیان لەگەڵ یەکێتی، گۆڕینی ئاراستە سیاسییەکان و باشترکردنی ژیانی خەڵک بوو، بەڵام ئێستا واپێشبینی ناکرێت دۆخەکە لەبەرژەوەندی گۆڕان بێت، چونکە ئەوەی هیوای بەیەکێتی بوو ئێستا هیواکە لەمەترسیدایە، چونکە گۆڕان نەک نەیتوانی یەکێتی بخاتە خزمەتی گوتاری سیاسیی خۆیەوە، بەڵکو ئێستا ناتوانێت، چۆن مامەڵە لەگەڵ دوو باڵی سەرەکی ناو یەکێتی بکات، دەبوو خاڵەکانی ناو رێککەوتنەکەش بەزوویی بچونایەتە جێ بەجێ کردنەوە، بەڵام ئێستا باس لە هەڵوەشاندنەوەی دەکرێت، واش پێشبینی ناکرێت، "نەوشیروان مستەفا" فریای چارەسەری گرفتەکانی یەکێتی بکەوێت، چونکە ئاراستەی ناوەندی بڕیار نایانەوێت دەنگ بەپرۆژەیەک بدەن کە پێشووتر لە نێوان دووبنەماڵەداکرابێت، لەناو بنەماڵەشدا (چەند کەسێک)ئاگاداربن، لەکاتێکدا نازانرێت بەرێککەوتنەکە نەوشیروان مستەفا و باڵی دەستڕۆیشتووی یەکێتی ئایندەی ناوەندی بڕیار چی دەبێت؟.
کەوایە گۆڕان هیوای یەکگرتنەوەی لەگەڵ یەکێتی لەم قۆناغە لە گۆڕناوە، چونکە تا دۆخی یەکێتی چاک نەبێت پەیوەندی گۆڕان و یەکێتیش لەسەر پەتەکە دەمێنێتەوە.
بۆیە وەک ئەگەری یەکەم، بزووتنەوەی گۆڕان، بۆ ئەوەی تووشی گۆشەگیری سیاسی نەبێت، بەناچاری لەگەڵ یەکێتی دەمێنێتەوە، چونکە خۆجیاکردنەوە لە یەکێتی دەیخاتە گۆشەگیری سیاسییەوە.
ئەگەری دووەم، کارتەکانی دەستی بزووتنەوەی گۆڕان تارادەیەک تاقیکراوەتەوە، بەتایبەت پرسی شەڕکردن لە رێگای پەرلەمانەوە کە هەوڵی دا دەسکاری وادەی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان بکات، یان گۆڕانکاری تێدابکرێت، کە دواجار ئەوەی کرا، لە پەرلەمانی کوردستان تێکشاندنی تەوافوقی سیاسی بوو ئەو چانسە نەهاتەدی، کارتی خۆپیشاندان و ئەگەری ڕووخان و هەڵوەشاندنەوەی حکوومەت تاقیکرایەوە، سەری نەگرت، چونکە نەخۆپیشاندان توانی پەیامی سیاسی ١٧ی شوبات بگەیەنێت، نە توانیان پەلاماری بارەگاکانی پارتی بدرێت، دواجار کارتی کشانەوەی حکوومەتیش لەم قۆناغەدا هیچ سودێکی نییە، چونکە گۆڕان لەحکوومەت دەرکراوە و کارەکانیش دەڕوات بەڕێوە. بۆیە کشانەوە و نەکشانەوەی لە حکوومەت هیچ لە بابەتە ناگۆڕێت. بزووتنەوەی گۆڕان بۆ ئەوەی کارتێکی نوێ تاقبکاتەوە، دەبێت مەرجی پێشوەختە لەسەر پارتی هەڵبگرێت و وازلە پۆستی سەرۆکی پەرلەمان بهێنێت، دواجار وەزیرەکانی بگەرێنەوە حکوومەت و رازی بن بە کابینەی حکوومەت کە ئەمەش بژاردەیەکی ناچارییە گۆڕان قبوڵی بدەکات؟؟.
Top