ئەو سەردانەی قۆناغێكی نوێ رەنگڕێژ دەكات
October 5, 2016
وتار و بیروڕا
ئەم سەردانە لە سەردانی دوای راپەڕینی 1991 و سەردانی 2003 دەچێت، هەردوو سەردان لە سەرەتای دوو قۆناغی جیاواز بوون، ئەویش قۆناغی دوای راپەڕین و یەكەم هەڵبژاردن و دامەزراندنی پەرلەمان و حكوومەتی هەرێم، قۆناغی دوای رووخاندنی رژێمی سەدام لە 2003 كە شاندی كوردستان توانی واقیعی هەرێمی كوردستان و فیدراڵی لە دەستووری عێراق بچەسپێنێ، سەردانی 29 ی ئەیلوولی 2016 یش بەر لە هاتنەپێشەوەی قۆناغێكی تازەی عێراقە، لە هەرسێ سەردانەكەدا، شاندێكی باڵای سیاسی نوێنەرایەتی كوردستانی كردووە، لەم شاندەدا نوێنەری زۆرینەی هێزە سیاسییەكان بەشدار بوون. جۆ بایدنی جێگری سەرۆكی ئەمەریكا، شەوی پێش سەردانەكە بە تەلەفۆن پەیوەندیی بە سەرۆك بارزانی كرد و هیوای سەركەوتنی لە سەردانەكە بۆ خواست.
وێڕای باسكردنی شەڕی موسڵ و مەسەلەی بڕینی مووچە و بودجەی خەڵكی كوردستان و قۆناغی دوای رزگاركردنی موسڵ لە دەستی داعش، نوێترین شتی گرنگ كە سەربەخۆیی كوردستان بوو بەراشكاوی لەلایەن سەرۆك بارزانی خرایەڕوو، ئێستا ئەو مەسەلەیە بۆتە بابەتێكی گرنگ و لە لایەن بەغدا و هەولێرەوە بە دوو پرۆژە كاری بۆ دەكرێت.
گەلی كوردستان و بزووتنەوە سیاسییەكەی سەبری ئەیوبیان لەگەڵ بەغدا هەبووە و هەیە، هەرگیز وەك بەغدا پەنایان بۆ تیرۆر نەبردووە، هەمیشە سەركردایەتی كوردستان رێگەی دیالۆگی گرتۆتەبەر، ئەوە بەغدا بووە كوردی ناچاركردووە چەك هەڵبگرێ، لەم قۆناغەشدا هەولێر هەر دیالۆگی بە پەسەند زانیوە، بەڵام بەغدا بە بڕینی قوتی خەڵكی كوردستان وەڵامی داوەتەوە.
سەردانی ئەم شاندە باڵایەی كوردستان، تێكشكاندنی بەربەستی گەورە و گۆڕینی هاوكێشەی نوێی سیاسیی لێدەكەوێتەوە، قورسایی شاندەكە كارتی سەرەكیی هەندێ حزب و گرووپی سوتاند، ئەوان لە حیساباتی خۆیاندا كورتیان هێنا، چونكە بەغدایان وەك گوشار بەرامبەر هەرێم و بەتایبەتیش پارتی بەكاردەهێنا، بۆیە كەوتوونەتە دژایەتیكردنی ئەو سەردانە، لە كاتێكدا خۆیان ئەو گلەییەیان هەبوو كە سەرۆكی هەرێمی كوردستان پشتی لە بەغدا كردووە، دەی ئەوە سەرۆك بارزانی و شاندێكی باڵای سیاسیی هەرێم سەردانی بەغدایان كرد و باسی ژیانی خەڵكی كوردستان وپەیوەندیی هەولێر و بەغدایان كردووە، بەشدارانی ئەو شاندە بە هیواوە سەیری سەردانەكە دەكەن، كێشەی ئەوانەی قسە بەو سەردانە دەڵێن ئەوەیە، سەنگی سەرۆك بارزانی و فراوانیی شاندی باڵای یاوەریان، كاریگەریی خۆی هەبووە و سەرلەبەری نەخشەی سیاسی دەگۆڕێت و لە كوردستانیش شوێن پەنجەی بەسەر قۆناغی دادێ وەدەردەكەوێت، بۆیە پێویستە چاوپۆشی لە حزبایەتیی قێزەون نەكرێت.