ئامانجی سەرۆك بارزانی بۆ سەربەخۆیی كوردستان ئاشتی و سەقامگیرییە لە عێراق
October 5, 2016
وتار و بیروڕا
ئەو گۆڕانكارییانەی لە هاوكێشە سیاسی و جیۆگرافی و تەنانەت سەربازییانەی لە ناوچەكە بە گشتی و عێراق بەتایبەتی، روویان دا، بوون بە پاڵنەر و هاوكارێك بۆ بەهێزتربوونی پێگەی هەرێمی كوردستان، ئەو گۆڕانكارییانە لەسەر چەندین بوار رەنگی داوەتەوە كە بوونەتە هۆی نزیكبوونەوەی كورد لە كیانی خۆی.دەتوانین بڵێین ئێستاە كورد لە لووتكەی گەشەی ئەو بوارەدایە، بوونی چەندین كونسوڵگەی وڵاتان لە خاكی كوردستان ئاماژەی یەكجار زۆری هەیە، بەتایبەت كە زۆربەیان لە وڵاتە بەهێزەكانی دنیان و ئەوانەن نەخشەی جیهان دادەڕێژن و قورساییەكی یەكجار زۆریان بەسەر بڕیاری گەردوونییەوە هەیە. هەمان ئەم وڵاتانە خاوەن نوێترین تەكنۆلۆژیای سەربازین، بگرە لە پڕفرۆشترینی وڵاتانی چەك و تەقەمەنین و لەرووی ئابووریشەوە ئەم وڵاتانەن یاریی بە ئابووریی هەموو جیهانەوە دەكەن و بە ویست و بەرژەوەندیی خۆیان ئاراستەی دەكەن، بە نموونەی وڵاتانی ئەمەریكا، بەریتانیا، ئەڵمانیا، رووسیا و فڕەنسا و توركیا.
گەشتە دیپلۆماسیی و بانگهێشتە فەرمییە بەردەوامەكانی سەركردایەتی سیاسیی كوردستان و سەرۆك مسعود بارزانی بۆ دەرەوە و ئەو پێشوازییە فەرمییانەی لەسەر شێوازی جیهانی و ئەتەكێتی دیپلۆماسی لە سەرۆكی هەرێمی كوردستان دەكرێت كە بە كەسێكی سەركەوتوو و شارەزا لە ناوچەكە لێی دەڕوانن و وەك كەسێكی دەگمەن و خاوەن دنیابینی لە رووداو و پێشهاتەكان گوێی لێ دەگیرێ.وەك دەبینین سەرۆك و پادشای وڵاتان لە كێبەركێدان بۆ بانگهێشتكردنی سەرۆكی هەرێم، لەلایەك سعوودیەی وڵاتی ژمارە یەكی ئێستەی عەرەب و ئوردن و كوێت و ئیماراتی عەرەبی و لەلایەكی تریشەوە زلهێزەكانی ئەوروپا وەك ئەڵمانیا، فڕەنسا، نەمسا، ئیتاڵیا و بەریتانیا، ئەمە جگە لە توركیای هاوسنوور و ئەمەریكای دۆست. هەموو ئەمانە بەهۆی بوونی كەسایەتیی بارزانییە كە كەسێكی كارێزمی و سەرۆكێكی تێگەیشتوو و خاوەن بیروباوەڕی نەگۆرە لە ناوچەكە.
ئێستا كاتی سووربوون و پێداگرییە لەسەر مافی خاوەندارێتی دەوڵەتی سەربەخۆ، كاتی نەگەڕانەوەیە بۆ ئەو چوارچێوە سیاسییەی تێیدا ئەنفال كراین، كیمیاباران كراین، كاتی دەنگ هەڵبڕینە بۆ سەربەخۆیی، بۆ مافی چارەی خۆنووسین، بۆ ریفراندۆم، ئێستا كاتی خۆخەڵەتاندنو فێل لەخۆكردن نییە. كاتی دیسانەوە تەرخانكردنی وزەو تواناكان بۆ چارەسەریی قەیرانە بێ ئاكامەكان نیە، كاتی سێبارە دروستكردنەوەی دەوڵەتێك نیە، كە هەرگیز نابێتە وڵاتی ئێمە، كاتی نزیكبوونەوەیە لە راگەیاندنی دەوڵەتی خۆمان. ئێستا كاتی كارپێكردنە بە چەمكی مافی چارەی خۆنووسین، بە سوود وەرگرتن لەپرەنسیپی مافە سیاسییەكان، پشت بەست بە دەنگی هاوڵاتیانی كوردستان.
ئێستا كاتی داوای پاڵپشتیكردنە لە نەتەوە یەكگرتووەكان، كاتی داوای دانپێدانانی خواستی سەربەخۆیی كوردستانە لە سەرجەم دەوڵەتانی جیهان، كاتی چڕكردنەوەی كارەكانە بەرەو بەنێودەوڵەتیكردنی پرۆژەی نیشتیمانیی كورد بۆ ئەنجامدانی ریفراندۆمو گەیشتن بەسەربەخۆیی، كاتی راشكاوانە نیشاندانی سووربوونی بەدیهێنانی بەدەوڵەتبوونە. ئێستا كاتی ئاراستەكردنی هەموو وزەو تواناكانە، ئێستا كاتی خۆسازدانە، كاتی زەمینە سازییە، كاتی ئامادەكردنی بڕیارو ئامرازی جێبەجێكردنی ریفراندۆمو رێوشوێنەكانیەتی. ئێستا كاتی چارەسەری بنەڕەتیی پرسەكەمانە، كاتی چەسپاندنی دیفاكتۆی دەوڵەتەكەمانە، كاتی دووپاتكردنەوەی هەڵوێستە نەگۆڕو جێگیرەكانمانە، ئێستا كاتی سەربەخۆییە.
دروست بوونی دەوڵەتی كوردستان هۆكارێكی گرنگە بۆ ڕاماڵینی گیروگرفتەكان و ململانەی سیاسی و ئابووری و ناتەبایی و ناكۆكییەكان لە سەرانسەری كوردستان . ئازاد و بەهێز بوونی كوردستانیان بەهێز بوونی بزوتنەوەكانی دیموكراتییە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ناوچەكانی تر . ئەو واقیعەی ئێستامان كە بەهۆی شەڕی داعشەوە دروست بووە، زۆر لە گرفتەكانی بەردەم سەربەخۆیی نەماون، لە هەمووشی گرینگتر دیاریكردنی سنووری باشووری كوردستان بوو، كە هەنگاوی دووەمی بەرەو سەربەخۆیی بوو، ئێستاكە هەنگاوی كۆتاییە، بەڕێگای دیالۆگ لەگەڵ بڕیاربەدەستانی بەغدا، ئەویش قسەكردنە لەبارەی ئەوەی كە لێكتێگەیشتن هەیە بەرامبەر بە دوژمنێكی هاوبەش، دەكرێ لێكتێگەیشتنیش هەبێ لە زۆر بواردا تا ئەم قۆناغە تێدەپەڕێنین و لە پاشەڕۆژیشدا دوو دراوسێی چاك بین. سەردانی سەرۆك بارزانی بۆ بەغدا و كۆبوونەوەی لەگەڵ گشت لایەنە سیاسییەكان ماناو واتای زۆر گرنگ هەڵدەگرێت ، سەرەڕای گرنگی و یەكلاییكردنەوەی خواستەكانی گەلی كورد، سەردانەكەی چەند لایەنێك و كەسانێكی بەناو سیاسەتمەدار كورد و عەرەب دووچاری شڵەژانی دەروونی كردووە كە لەم كەناڵ و دەزگاكانی راگەیاند خۆشیان نازانن باس لە چی دەكەن و هەواڵی چەواشە و دوور لە راستی بڵاودەكەنەوە بەبێ ئەوەی بنەما یان سەرچاوەیەكی دیاری كراوی راستگۆ ناوبهێنن، تەنانەت بووختان و درۆ بۆ پەیوەندییە دووقۆڵییەكەی سەرۆك بارزانی و عەبادی دروستدەكەن، ئەمەش لەبواری سایكۆلۆژی دەچێتە خانەی سەر لێشێوان و هێستریا كە لێدوان و ئاخاڤتنی بێبنەما دەدركێنین، ئەمەش لە ئاكامی رك و كینەی رەشی هەڵقوڵاوی ناخی دەروونی شەرمەزاری هەژمار دەكرێت كە ساتێك لەگەڵ كەسانی شۆفێنی عەرەب دژی ئیرادەی كورد خەریكی هاوپەیمانین. سەردانی ئەمجارەی سەرۆك بارزانی دەبێتە سەرەتایەك بۆ بە گەیشتنی ئەو بەڵێنەی جەنابی بارزانی بە گەلی داوە كە ئەویش سەربەخۆییە و دەبێت لەگەڵ بەغدا ئەو ئاواتە بێنینەدی، هەر بۆیە بوونی دەوڵەتی سەربەخۆیی كوردستان ، سەقامگیری و دیموكراتی زیاتر لە ناوچەكە دێنێتە ئارٍاوە .