پێشمەرگە، سیمبولی یەكڕیزی و فاكتەری سەركەوتن
October 4, 2016
وتار و بیروڕا
جێگای وەبیرهێنانەوەیە تەواوی ئەو سەركەوتنانەی هێزی پێشمەرگەی كوردستان لە چوارچێوەی ستراتیژێكی دیراسەتكراوی فەرماندەیی فەرماندەی گشتی هێزی پێشمەرگەی كوردستان و پلانی سەركردایەتی كردنی و ئاراستەكردنیدا بەدەست هاتون، نابێت ئەوەمان لەبیر بچێت هیچ هێزێكی سیاسی و سەربازی بە بێ سەركردایەتی كردن و فەرماندەیی كردن لە لایەن فەرماندەیەكی ژیرو ئەقڵمەندەوە سەركەوتوو نابێت. بۆیە پشكی شێری تۆماری ئەم دەستكەوتانەی پێشمەرگە، وەبەر بەڕێز سەرۆكی هەرێمی كوردستان دەكەوێت، لەبەر ئەوەی سەرباری سەركردایەتی كردنی هێزی پێشمەرگە وەك فەرماندەیەكیش هەمیشە لەگەڵ هێزەكانی پێشمەرگە و لەناو میحوەرەكانی بەرگری بوونی هەبووەو هەمیشە هۆكاری بەهێزی مۆراڵی پێشمەرگە بووە، زیاتر لەوانەش لەسەر ئاستێكی باڵای دیپلۆماسی و نێودەوڵەتی سەرۆكی هەرێمی كوردستان توانیویەتی پشتگیرییەكی زۆر بۆ پێشمەرگەی كوردستان دروست بكات، بە شێوەیەك وەزیری بەرگریی زۆرینەی وڵاتانی دۆست و هاوپەیمان هاتوونەتە هەرێم و سەردانی وەزارەتی پێشمەرگەیان كردووەو پشتگیرییان بۆ پێشمەرگە راگەیاندووەو بە بەردەوامی پێشمەرگە و هاوپەیمانە نێودەوڵەتییەكانی لە چوارچێوەی زۆری ئۆپەراسیۆندا پێكەوە هاوكارو هەماهەنگن و پێكەوە پلانی لەناوبردنی تیرۆریستان دادەڕێژن.
بەڕێز سەرۆكی هەرێم و فەرماندەی گشتیی پێشمەرگەی كوردستان رۆڵی سەرەكییان لە واژۆكردنی پڕۆتۆكۆڵی نێوان وەزارەتی پێشمەرگە و وەزارەتی بەرگری ئەمەریكادا هەبوو، ئەو پڕۆتۆكۆڵەی لە مێژووی ئەمریكادا بۆ یەكەم جار لەگەڵ وەزارەت و هێزێكدا واژۆی دەكات كە دەوڵەت نییە. لە یادمان نەچێت هەرێمی كوردستان و پێشمەرگە زۆریان بەخشیوە، تا گەیشتۆتە ئەو ئاستەی ئەو پێگەو متمانە بەرچاوە بۆ پێشمەرگە دروست ببێت. لە روانگەیەكی دیكەوە پێشمەرگە ئەو هێزەیە كە سەنگی سیاسەتی هەرێمی كوردستان بەرامبەر بە نەیارەكانی لە ناوچەكە و بەتایبەتی عێراقی پڕ لە كەلتووری تائیفی و مەزهەبی و پڕ لە كێشە راگرتووە، بۆیە چۆن لە رابردوودا پێشمەرگە رەمزو سوارچاكی كاروانی شۆڕش و سەركەوتنەكانی نەتەوەكەی بووە، لە ئێستای شەڕێكی فراوانی (1500) كیلۆمەتری لەگەڵ تیرۆریستان و قۆناغی پاش ئازادكردنی نەینەواش-دا ئەوە هێزی پێشمەرگەی كوردستانە لەژێر بڕیاری جەنابی سەرۆكی هەرێم پارێزەری دۆخەكەو راگری باڵانسی هێز دەبێت. بۆیە پێویستە راشكاوانە بڵێین هێزی پێشمەرگەی كوردستان لەو ناوچە پڕ كێشەیەدا و لە عێراقێكی بێ متمانەدا كە بودجە و مووچەی خەڵكی كوردستانی بڕیوەو پێشمەرگەی لە هەموو مافێكی دەستووری و یاسایی بێبەش كردووە، لە هەرێمێكی پڕ هەڵاوسان و قەیرانی سیاسیدا پێشمەرگە هێزی راگری باڵانس و گەرەنتی ئێستا و ئایندەمانەو لەژێر فەرمانی فەرماندەو سەركردەیەكی حەكیم و ئەقڵمەندا بووەتە سیمبولی یەكڕیزیی ناوخۆییمان و فاكتەری سەركەوتنمان لە ئەمڕۆو ئایندەدا. هەموو ئەمانەش وزەو فاكتەری هێزە بۆ ستراتیژییەكی متمانەداری دۆزی كوردو پرسی چارەنووسی میللەتەكەمان لە ئەمڕۆو ئایندەدا.
* بەڕێوەبەری گشتی راگەیاندن و رۆشنبیری و هوشیاری نیشتمانی لە وەزارەتی پێشمەرگە