ده‌ستیان له‌ بنی هه‌نبانه‌ی ئاژاوه‌گێڕی ده‌رچوو

ده‌ستیان له‌ بنی هه‌نبانه‌ی ئاژاوه‌گێڕی ده‌رچوو
حزبه‌كانی زۆنی سه‌وز و نیلی و كه‌مێكیش پرته‌قاڵی، بۆ گه‌یشتن به‌ مه‌رامه‌ سیاسیه‌كانیان و جێبه‌جێ كردنی فه‌رمانی ئاغاكانیان وا راهێنراون راو له‌ ئاوی لێڵدا بكه‌ن‌، بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش به‌رده‌وام سواری شه‌پۆلی خواست و داواكاری ره‌وای خه‌ڵك بوون و خواست و داواكاریه‌كانیشیان به‌ ئاڕاسته‌ی ئاژاوه‌گێڕی و توندوتیژیدا بردوون و، دواییش خۆیان لێ بێبه‌ری كردوون و تۆمه‌تی ئاژاوه‌گێڕیشیان داوه‌ته‌ پاڵ خۆپیشانده‌ران، ئاژاوه‌گێڕیه‌كانی 17ی شوباتی ساڵی 2011و ساڵی 2015 باشترین به‌ڵگه‌ی ئه‌و راستییه‌ی سه‌ره‌وه‌ن، ئه‌مڕۆش 27ی ئه‌یلول ویستیان جارێكیتر سواری شه‌پۆلی خواست و داواكاریه‌ ره‌واكانی خه‌ڵك ببنه‌وه‌ و داواكاریه‌كانیان بكه‌نه‌وه‌ پاشكۆی مه‌رامه‌ شاراوه‌كانیان،‌ به‌لام ئه‌مجاره‌ دوو هۆكار وایكرد ده‌ستیان له‌ بنی هه‌نبانه‌ی ئاژاوه‌گێڕی ده‌ربچێ و وه‌ك ئه‌وه‌ی چاوه‌ڕوانییان ده‌كرد پیلانه‌كه‌یان سه‌ری نه‌گرێ.
یه‌كه‌م:ــ به‌ ئاگاهاتنه‌وه‌ی خه‌ڵكی خاوه‌ن داواكاری له‌ پیلانه‌كانیان وایكرد ئه‌و حزبانه‌ نه‌توانن مه‌رامه‌ شاراوه‌كانیان تێكه‌ڵ به‌ خواست و داواكاری ره‌وای خۆپیشانده‌ران بكه‌ن.
دووه‌م:ــ هاتنه‌ سه‌رخه‌تی پارتی بۆ وه‌ڵامدانه‌وه‌ی هه‌ر ئاژاوه‌گێڕییه‌ك كه‌ ئه‌و حزبانه‌ به‌ر له‌ خۆپیشاندانه‌كان بانگه‌شه‌یان بۆ ده‌كرد، ئه‌و هه‌ڵوێسته‌ی پارتیش وایكرد ئاژاوه‌گێڕان هه‌ڵوه‌سته‌ بكه‌ن و نه‌وێرن وه‌ك ئه‌وه‌ی نه‌خشه‌یان بۆ كێشابوو پیلانه‌كه‌یان جێبه‌جێ بكه‌ن، خۆ ئه‌گه‌ر به‌ئاگا هاتنه‌وه‌ی خۆپیشانده‌ران و ئه‌و هه‌ڵوێسته‌ی پارتی نه‌بووایه‌، بێگومان ئه‌و حزبانه‌ ئه‌مجاره‌ش وه‌ك خۆپیشاندانه‌كانی رابردوو ئاڕاسته‌ی خۆپیشاندانه‌كانیان ده‌گۆڕی و كۆمه‌ڵێ كوڕی خه‌ڵكی تریان ده‌كردن به‌ قوربانی مه‌رامه‌ سیاسیه‌كانیان. ‌
Top