بۆ چی ناحەزانی كورد لە ئێستادا " سەرۆك بازرانی وسەربەخۆیی" كردۆتە ئامانج
September 26, 2016
وتار و بیروڕا
هەرێمی كوردستان لە لێواری بەدیهاتنی ئاواتی لەمێژینەی كوردە واتە سەربەخۆیی و دەوڵەتی كوردی، لەهەمانكاتدا لەلێواری لەدەستچوونی هەموو ئەو ئەزموونەیە كە ساڵەهای ساڵە كورد، نەوە بە نەوە خەبات و كوردایەتی بۆیی كردووە و خوێنی بۆ رێشتووە و ئاوارەیی و دەربەدەری بۆ كێشاوە.ئەو قۆناخەی كە ئێستا كورد بەتایبەتی لە باشووری كوردستان، تێیدایە، جاری یەكەم نییە كە ئەوەندە نزیك بووبێتەوە لە سەربەخۆ بوون و بوون بە وڵات، بەڵام بەداخەوە دیسانەوە خەریكە دەستكەوتەكان و ئاواتەكان، لەپەنای رٍق و كێنە و خۆرادەستكردن بە ناحەزانی كورد و بیری تەسكی حیزبی و موزایەدەی سیاسی دەخەنە مەترسییەوە .
دۆست و ناحەز ، پێمان خۆش و ناخۆش بێت سەرۆك مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان، ناخۆش بێت، لە جیهاندا بووەتە سیمبوڵی نەتەوەیەك كە لە ناوچەكە و جیهان نوێنەرایەتی كورد دەكات و سەدا 50-ی ئەو شكۆ و رێزەی كە هەیەتی لەبەر ناوی خۆی ومێژووی خۆیەتی نەك لەبەر ئەوەی سەرۆكی هەرێمێكە بەڵكو لە بەر ئەو هەستە نەتەوەیی و روحیەتە كوردانە و پێشمەرگانەی كە لە نێو ناخی دا بوونی هەیە و داكۆكیكاری راستەقینەی كورد و كوردستانە.
كام عەقڵ و كام مەنتیق دەتوانێت ببێتە پێوەر بۆ ئەوەی كەسێكی وەك سەرۆك مسعود بارزانی كە ئێستا لە هەموو كات زیاتر نیازمان پێیەتی بیگۆڕین لەبەر ئەوەی دیموكراسی جێبەجێی بكەین. ئەی باشە ئەوانەی فرمێسك بۆ دیموكراسی دەڕێژن پێمان ناڵێن" گەر ئاو نەبوو لەكوێ مەلە دەكەن"؟ یان پێمان ناڵێن ئەوانەی دەیانەوێت یاری بە چارەنووسی گەلێك بكەن لە پێناوی بیری تەسكی حیزبی و موزایەدەی سیاسی، بۆ لە حیزبەكەی خۆیانەوە دەست پێناكەن و دیموكراسی لە تاكەوە بهێنن بۆ كۆ، نەك بە پێچەوانەوە.
پێمان ناڵێن ئەگەر سیاسەتی راست و دروست و لەسەر بنەمای بەرژەوەندیخوازی بۆ گەل نەبوایە، ئەو هەرێمە بچووكە كە نیواو نیوی دانیشتووانەكەی مووچە خۆرن و هیچ بەرهەمێكیان نییە، لەدوای دوو ساڵ گەمارۆی ئابووری و شەڕی دڕندەترین گرووپی تیرۆریستی جیهان، ئێستا حاڵی چی دەبوو؟.
ئەی پێمان ناڵین ئەو حیزبانەی كە باسی دیموكراسیەت دەكەن، بەتایبەت لەم دواییانەدا، هەموو جۆرە كێشەیەكیان تێكەوت لەپێناو مانەوەیان لە دەسەڵات، ئەی بۆ ئێستا دەیانەوێت دیمۆكراسی بە گەل بفرۆشن؟.ئێوە كە كەسانی یەكەمی حیزبەكانتان بەدیلیان نییە، چۆن باسی وڵاتێك دەكەن كە سەركردەكانتان بەزەحمەت لەلایەن كۆنسوڵەكانیشەوە دەناسرێن چ جای ئەوەی بتانەوێت گەڕێكی دیپلۆماسییەت رێكبخەن بۆ ئەوەی باشووری كوردستان لە فەرشەوە ببەنە سەر عەرشی ئەعلا.ئێوە كەئێستایش خۆتان لە كۆنگرەی ناوخۆیی دەدزنەوە و یان ئەگریش بیبەستن بەدیلتان نییە و بە كۆی دەنگ هەر خۆمم و هەر سەرۆكم، چۆن دەتانەوێت لەم كات و ساتە ناسكەدا دیمۆكراسی بە گەل بفرۆشن و ئەوەیش كە هەیە بیدۆڕێنن.ئادەی پێم بڵێن بۆ نموونە، ئێوە كە لەترسی ئێران ناوێرن نزیكی هێڵەسوورەكان ببنەوە و پێتان كامتان لەسەرۆك بارزانی كوردترن، ناسراوترن، بەسیاسەتترن، بە ئەزموونترن، بوێرترن، دەسپاكترن، با ئێمەیش بتانخەینە سەرچاو و بڵێین دە تكایە سەرۆك ئیتر دابەزە با كەسێكی دیكە سوكانە گرێتە دەستی.ئێوە خۆتان باش دەزانن كە نە دەردتان دەردی دیموكراسی و دەستوورە و، نەدەردتان خەمخۆرییە بۆ وڵات، بەڵكوو موزایەدەی سیاسی، بیری تەسكی حیزبی و ئەجیندای ئیقلیمییە كە زمان و كردارتان دەجوڵێنێت.
ئاواتی زۆرینەی خەڵكی مەزڵومی كوردستان بوون بە خاوەن دەوڵەتی سەربەخۆیی كوردستانە ئەوكات ئەو كەسانەی دژی بەدەوڵەتبوون بوون بەچاوی خۆمان دەماندیت چۆن بەسزای خۆیان دەگەیشتن بەرامبەر ئەو كۆسپانەی لەبەردەم دەوڵەتبوون درووستیان دەكرد. ئەوەی وادەكات بەشێك لە رۆژنامەنووسان بە ناو كورد بەمشێوەیە و بەكەیفی دەوڵەت و نەیارانی كورد هەڵسوكەوت بكەن ئەو ئازداییەیە كە بۆیان فەراهەم كراوە و ئەوانیش بە كەیفی خۆیان سوكایەتی بە پیرۆزییەكانی ئەم میللەتە دەكەن، جگە لەمانەش دەبینین سەرۆك بارزانی بە 70 ساڵ تەمەن لە بەرەكانی شەڕ هاوشانی پێشمەرگە لە بەرەكانی جەنگ هەوڵ و ماندووبوون دەكات بۆ پاراستنی خاكی كوردستان لە چنگ تیرۆرستانی داعش كەچی بەشێكی دیاریكراو و ئاشنا بە دادگای خەڵك ناتوانن بەگوێرەی پێویست رێز لەم قوربانیدانەی پێشمەرگە و ئەو ماندووبوونەی سەرۆك بگرن. بۆیە دەڵێم بۆ ئەوەی سەربەرزبن لە داهاتوو و لە پەڕەكانی مێژوو هیچ نەبێت قەدری خوێنی شەهیدان بگرن. دەبێت هەموو حزبو لایەنە كوردستانیەكان مێژوویەكی جوانو پڕاو پڕ لەسەروەری بۆ خۆیان تۆماربكەن بەوەی دەست لەناو دەست وەك یەك تیمو هەست كردن به بەرپرسیارەتی نەتەوەیی و سیاسی و ئەخلاقیان بەرامبەر بە گیانفیدایی و ماندوبونی برا پێشمەرگەكان و ڕوحی گەشی شەهیدە نەمرەكان،ببن بە پاڵپشتو هاوكاری هەوڵە بەردەوامی سـەرۆك بـارزانی،ئەو كێشەو گرفتە ناوخۆیانەی كە لەم دوایەدا لە نێوان حزبەكاندا دروست بوون بیخەنە لایەك،چونكە هەموو ئەم كێشانە قابیلی چارەسەرو گفتوگۆ كردنن نەیكەن بە مەرجی پێشوەختە بۆ پشتگیریكردن لە ڕاپرسی، پێویستە بەدەم بانگەوازەكەی جەنابی سەرۆكەوە بچن كە لە بارەی ڕاپرسیەوە ئاراستەی كوێی لایەنەكانی كردوە بۆ ئەوەی تێكڕا بتوانن میللەتی كورد لەو نەهامەتی و مەینەتیەی سەدان ساڵە تێیكەوتووە دەرباز بێ و ئاییندەیەكی ڕۆشن و بۆ جیلی تازەو داهاتومان بنیادبنێین و ببێتە خاوەن دەوڵەتێكی سـەربەخۆ.