بۆ بارزانی کرایە ئامانج؟

بۆ بارزانی کرایە ئامانج؟
ئەوەی لەبەغدا ڕوودەدات، زیاتر تۆڵەکردنەوەیە، ئەم تۆڵەکردنەوەیە، دوو ئاراستەیە، یەکەم، ئاراستەیەکیان بۆ لاوازکردن و بێ هێزکردنی کوردە لە بەغدا، دووەم، زیاتر بە ئامانج گرتنی پارتی دیموکراتیی کوردستان و مەسعود بارزانییە، چونکە لەماوەی رابردوو گوتاری پارتی، بەرانبەر بەبەغدا توند بووە، بەتایبەتی لەسەر پرسی (بڕینی قوتی خەڵکی کوردستان) و (بابەتی دوورخستنەوەی نووری مالیکی)، و (پرسی دژایەتی هاتنی مالیکی و حەنان فەتلاوی بۆ کوردستان)، دەمێک بوو دەوڵەتی یاسا بە سەرۆکایەتی نووری مالیکی، لە هەوڵ بوو، بۆ تۆڵەکردنەوە لە بارزانی، خۆ ئەمە قسەی ئێمە نییە، ئەوەتا (تاریق حەرب)، پسپۆڕی یاسایی، ئاماژە بەوەدەکات، لە بەغداوە بە شێوەیەکی کەسی بارزانی کراوەتە ئامانج، هەڵبەتە بەئامانج کردنەکە، لەچەند قۆناغێک بووە، قۆناغی یەکەم: هەڵمەتی راگەیاندن بووە، ماوەیەکی زۆرە، راگەیاندنی عێراقی، جۆشکراوە لەدژایەتیکردنی کوردستان و سەرۆکی هەرێمی کوردستان، قۆناغی دووەم، دوورخستنەوەی کەسە یەکەمەکانی کوردستان لە بەغدا وەک لادانی د. (ڕۆژ نووری شاوێس) و (عارف تەیفوور) و (بابەکر زێباری) و چەندانی دیکە، تا دواجار هەوڵدان بۆ دووخستنەوەی (هۆشیار زێباری)، کە بینیمان لەپەرلەمانی عێراق متمانەی لێ وەرگیرایەوە.
لە راستیدا دوورخستنەوەی زێباری، چەندە پەیوەندی بە لێدانی پێگەی کورد بوو، لە بەغدا، ئەوەندەش بەئامانج گرتنی بارزانی بوو، چونکە لەقسەکانی زێباری، ئەوە دەردەخات کە هەوڵێک هەیە، لە رێگای ساغکردنەوەی پرسی گەندەڵی، لە وەزارەتی دارایی عێراق، لە پێگەی بارزانی بدرێت، بەو پێیەی زێباری، خاڵی بارزانییە و ئەندامی مەکتەبی سیاسی پارتییە.
لەوە دەچێت، بەشێکی دیکەی لادانی زێباری، پەیوەندی بە تەسفیە حسابی نێوان، نووری مالیکی و حەیدەر عەبادییە وەبێت، و جۆرێکیش بوو لە کودەتا، چونکە پێش ئەوەی عەبادی سەفەری ئەمەریکا بکات، رێککەوتن لەنێوان سەرجەم لیستەکان هەبوو کە دەنگی بۆ مانەوەی زێباری بدرێت، تا پێش دەنگدانیش عەبادی بەتەلەفۆن لەگەڵ سەرکردە سیاسیەکان لەخەت بووە، بەڵام بەشێوەیەکی نهێنی بەرێککەوتن لەنێوان نووری مالیکی و سەلیم جبووری، سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران عێراق کرا و وەزیری دارایی گۆڕدرا، ئێستا لە حکومەتی عێراق هەریەکە لە وەزارەتەکانی دارایی و بەرگری و و وەزیری ناوخۆ و ئافرەتان و جێگری سەرۆک وەزیران و سوپا سالاری عێراق نەماوون، دەکرێت بڵێن هەیکەلییەتی حکوومەتی عێراق، لەژێر پرسیاردایە، هەوڵی جددی هەیە بۆ ئەوەی بناغەی حکوومەتی عێراق بنکوڵبکرێت، چونکە مالیکی ئەم حکوومەتە بەمیراتگیری خۆی دەزانێت، بۆیە هەر شکستێکی حکوومەت. مالیکی لە هەنگاوێکی سەرکەوتن نزیک دەکاتەوە.
خاڵی دواتری بەئامانج گرتنی کورد لە بەغدا، ئەوەیە کە چیتر ئەوەی پێی دەگوترا شەراکەتی راستەقینەی نەماوە، چونکە پێشووتر لەسەر بنەمای پێکهاتەکان حکوومەت پێکهێنرابوو، بۆ گۆڕینی وەزیرەکان دەبوو رێز لە پشکی پێکهاتەکان بگیرایە، بەڵام ئێستا پرسی کەمی و زۆری خۆی بەسەر ئەو پێوەرەدا زاڵ کردووە، لایەنە عەرەبییەکان بە زۆری کورسی هەر پۆستێکی کوردیان بوێت بە ئاسانی لای دەدەن، کەوایە لێرەوە دەردەکەوێت کە پێگەی کورد لەبەغدا لەنێوان نەمان و لەناو چووندایە، بۆیە زۆر گرنگە کورد لەم بابەتە هۆشیار بێت، چونکە ئەمرۆ وەزیرێکی کوردە و پارتییە، سبەی هی حزبێکی دیکە و لایەنێکی دیکەیە، کە دواجار سەرجەمیان لەسەر پشکی کوردستانە و زیانەکە بەرپێگەی کورد دەکەوێت، لە کاتێکدا ساڵ لەدوای ساڵ پێگەی کورد لەبەغدا بەرەو کەم بوونەوە دەڕوات.
Top