کێن ئەوانەی خۆرە تاون لە زستان ، شنەی بان لە ھاوین

کێن ئەوانەی خۆرە تاون لە زستان ، شنەی بان لە ھاوین
ئامۆژگاری کەسانی بە ئەزموون لە زستاندا وەکو خۆرە تاو وایە ، لە ھاوین وەکو شنەی بایە ،دیارە شک لەوەدانییە کەوا لە ھەر ووڵاتێکدا ئەو کەسانەی کەوا بەرەو پیری دەڕۆن لەسەرجەم دام و دەزگاکانی حکومەتدا کە دەگەنە تەمەنی دیاری کراو خانەنشین دەکرێن و دەستەبەرداری کۆی ئەزموون و شارەزایی ئەو بەرێزانە لە نوسراوێکدا خۆی دەبینێتەوە، ببڕ ھای ببڕ پەیوەندییان بەم دام و دەزگایە نامێنێ لە ھەندێک شوێندا وەکو کەسێکی نامۆ سەیر دەکرێ، بە پێچەوانەوە نابێ دەستبەرداری زۆرێک لەم بەرێزانە بین کە ھەر یەکەیان لە بواری خۆی شارەزایی تەواویان ھەیە. بگرە ھەندێکیان نزیکەی (٤٠)ساڵ ئەزموون (٤٠)ساڵ شارەزایی مخابن بپچرێن بە یەکجاری دەکرێ بە شێوازی تر سوود لە ئەزموون و شارەزاییان وەربگیرێ ، ھەر بۆنموونە ئێستا لە ھەرێمی کوردستان لە ھەموو بوارە جیاوازەکان پەروەردە و کارگێڕی و پلان و دارایی و کشتوکال ھتد ھەر بەرێزێک کە تەمەنی دەگاتە (٦٣)ساڵ خانەنشین دەکرێ بەیەکجاری دەست لەکار ھەڵدەگرێ ئەو ھەموو خزمەت و شارەزایی و ئەزموونەی وون دەبێ ، کوردەواری گوتەنی " لە نێوان پەنچەکان دەکەوێتە خوار" دەکرێ لە ھەر پسپۆرییەک ژمارەیەک لەم بەرێزانە بە تایبەتی ئەوانەی کەوا ووزە و توانا و سەلیقەی پێویستیان ھەیە و حەز دەکەن بە جۆرێکی تر بەردەوام بن لە خزمەت کردن و سوودیان لێ ببینرێ و راوێژییان پێ بکرێ ، لە ئێستادا لە شاری ھەولێری خۆشەویست باخی شار بە سوپاسەوە تەرخان کراوە بۆ باخی خانەنشینان لەم شوێنەدا ھەموو ئەزموون و شارەزاییەکان گفت و گۆ دەکرێن بە گرنگی دەزانم کەوا ھەفتانە یانە زیاتر لە ناو ئەم باخەی شار بەرنامەی ڕاستەوخۆ یان تۆمار کراو لەلایەن تیڤییەکان ھەبێ کەوا گەنگەشەی پسپۆرییەکان و کێشەکان بکرێ و ڕای ئەو بەرێزانە وەربگیرێ لەسەر ئەو کێشانەی کەوا بوونیان ھەیە ، دەکرێ وەزارەتی پەروەردە بەرنامەی ھەفتانەی پەروەردەیی ھەبێ لەم باخی شارە کەوا ھەر جارێک یەکێک لەم بەرێزانە بۆچوونی پەروەردەیی و تێبینی پەروەردەیی لەسەر کێشەکانی پەروەردە باس بکات ، دوور لە ھەر دەستوەردان و پێیاھەڵدانێک بەڵکو سەرەنج و ئامۆژگارییەکان و چی پێیوست بێت بۆ نەوەی ئایندە بۆ بەرەووپێشبردنی پەروەردە باس بکرێ ، چونکە کەسانی دڵسۆز لەم شوێنانە ھەن و دڵسۆزییەکانیان وەکو تیشکی خۆرەتاوە ھەزارەھا میل دەبڕێ و تینی گەرما دەبەخشێ.
ھەر بۆنموونە لەم شاری ھەولێری خۆشەویستە کاتێک بەرێوەبەری قوتابخانەیەکی بنەڕەتی خانەنشین دەبێ و زۆر دڵگران دەبێ و نەخۆش دەکەوێت و کوڕو کچە و خزمەکانی کۆدەبنەوە بۆ ئەوەی بیبەنە لای پزیشک ، کەچی ئەم بەرێوەبەرە بەرێزە ڕەتی دەکاتەوە بچێتە لای ھیچ پزیشکێک پێیان دەلێ وازم لێ بێنن خۆم چاک دەبم ، ئەم دڵسۆزە بیر و ھەست و دڵی لای قوتابییەکان و قوتابخانەکەیەتی ، منداڵەکانی خۆی ڕەوانەی ماڵەکانیان کردووە ئەوە بوو ھەموو بەیانیان ئەو بەرێوەبەرە بەرێزە وەکو جاری جاران ریشی دەتاشی و چاکەت و پانتۆل و بۆینباخی لەبەردەکرد و پێش کاتژمێر (٨)ی بەیانی دەچووە بەرامبەر قوتابخانەکەی تا بەچاوی خۆی ھەموو قوتابیەکانی دەبینی کە دەچوونە قوتابخانە و زەنگی یەکەم وانە لێ دەدرا و دڵنیا جەبوو قوتابیەکان چوونەتە پۆڵەکانیان ئەوکات دەچووە نانی گەرمی لە نانەواخانەکە دەکرَی و دەچووە ماڵەوە و پێش کاتژمێر(١٢)نیوەرۆ دەھاتەوە بەرامبەر قوتابخانەکە کەوا زەنگی کۆتا وانەی لێ دەدا قوتابیەکانی دەچوونەوەماڵەوە وە دەرگای قوتابخانەکە دادەخرا ئەویش دەگەڕایەوە ماڵەوە ، ئەم مامۆستا دڵسۆزە لەسەر ئەم کارەی بەردەوام بوو تا ماوەیەک چونکە دڵسۆزی بۆ کارەکەی سنووری نەبوو ، بەڵکو تەمەنی خانەنشینی نەیتوانی ئەو دڵسۆزی بەردەوامییە بپچرێنێ بە شێوەیەک خۆشەویستی بۆ قوتابی و قوتابخانە و پەروەردە تێکەڵ بە خوێنی ببوو و کە خانەنشین بوو نەخۆش کەوت .
بۆیە بوونی کەسانی وا دڵسۆز لە ناو پرۆسەی پەروەردە بەردەوامی زیاتر دەداتە پرۆسەکە، دەکرێ زۆرێک لەم بەرێزانەی کەوا حەز و ئارەزوویان ھەیە نزیک بن لە پرۆسەکەدا لە رێگای دەستە و یەکە و رێکخراوی خانەنشینی پەیوەندی تەواویان ھەبێ بە پرۆسەکە و ڕاوێژیان پێ بکرێ ورایان وەربگیرێ سوود لە شارەزاییان ببینرێ، ئاساییە گەر شوێنێک ھەبێ ئەو بەرێزانە کۆ بکاتەوە لەلایەن وەزارەتی پەروەردەوە ھاوکارییان بکرێ و ناوەناوە کۆبوونەوەیان ھەبێ و بۆچوونیان وەربگیرێ لەسەر بابەتەکان ، دەکرێ لە رێگەی وەزارەتی پەروەردەوە رێکخراوەکانی تری ناحکومی پەیوەندی و ھەماھەنگی بۆیان ئەنجام بدرێت بۆ سەفەرکردن و گەشت کردن بۆ ووڵاتانی دەرەوە یانیش بگرە بۆ شارەکانی تری ھەرێمی کوردستان کە خەرجی وای پێویست ناکات چونکە ھۆیەکانی گواستنەوە و شوێنی حەوانەوە دەتوانرێ لە رێگەی پەیوەندییەکان بە ئاسانی دەستەبەر بکرێت کە دڵنیام ھەمووی بە سوود و قازانجی پەروەردە و نەوەی نوێ و دڵخۆشکردنی ئەو بەرێزانە خۆی دەبینێتەوە ، ئەگەر بە کورتی ئاماژەیەک بۆ ھەندێک ووڵات بکەین لە رووی گرنگیدان بە خانەنشینان ، لە ووڵاتی ژاپۆن گرنگی زۆر بە خانەنشینان دراوە کەوا ژیان لە رۆژی خانەنشین بوونیانەوە دەست پێ دەکات ، کەوا بوار ڕەخساوە بۆ دەربڕینی ڕا و وەرگرتنی سەڕەنجەکانیان و دۆزینەوەی خوودی خۆیان پاش تەمەنێک لە کار کردنی بەردەوام کەوا بەردەوام لە رێگەی کۆڕ و کۆبوونەوە و سیمینار شارەزایی خۆیان دەگەینە نەوەی نوێ ھەماھەنگی لەگەڵ چەندەھا کۆمپانیای بازرگانی کراوە بۆ گشت کردنیان ودامەزراندنەوەی ھەندێکیان لە دام و دەزگاکان و کۆمەڵگاکانی مەدەنی و کۆمەڵگاکانی تر، لەم ووڵاتە پاڵپشتەیەکی باشی خانەنشینان دەکرێ لە دابین کردنی زۆربەی زۆری خزمەت گوزارییەکانیان ، وە لە باکووری شاری تۆکیۆ گەورەترین شەقامی تایبەت ھەیە بە خانەنشینان کە ھیچ جۆرە ئۆتۆمبێل و بارھەڵگرێک ناچێتە ناوی ، وە زانکۆی خانەنشینان لە شاری (کاکوجاد) لە ژاپۆن لە ساڵی (١٩٦٩)دامەزراوە کە یەکەم مەرجی ئەندامبوون دەبێ ئەو کەسە تەمەنی (٦٠)ساڵ بێ وەخوێندنی چوار ساڵە بابەتەکانی رۆشنبیری گشتی و توێژینەوەی جیھانی و ئابووری ژاپۆن و فەلسەفەی ژاپۆن لە نێوان بیری کۆن و نوێ دەخوێندرێ لەگەڵ بابەتە پراکتیکیەکان کشتوکاڵ و چاندنی و بەخێوکردنی باڵندە و ماسی و گیاندارەکان .
لە وڵاتی ئەڵمانیا دەستەی شارەزاییانی بە ساڵاچوو ھەیە کە بارەگاکەی لە شاری (بۆن) ە کە زیاتر لە (٥)ھەزار شارەزایی خانەنشینی لە خۆ دەگرێت لە ھەموو کەرتەکان بە خۆڕایی کار دەکەن لە پێناو بەرژەوەندی گشتی ، وە لە ووڵاتی ئەمریکا کۆمەڵەی خۆبەخشە خانەنشینە ئەمریکەکان کە لە ساڵی (١٩٦٩)دامەزراوە کە ئەم کۆمەڵەیە ھاوکاری ئەو کەسانە دەکات کە لەتەمەنی (٦٥) ساڵیدا چۆن خزمەتی کۆمەڵگا بکەن ، وە چۆن سوود لە شارەزایی پیشەییان وەربگیرێ ، کە دەوام کردن لەم کۆمەڵەیە ئارەزوو مەندانەییە ، ھەیە ھەفتەی چەند کاتژمێرێک دەوام دەکات ھەیە نزیکەی (٤٠)کاتژمێر دەوام دەکات.
ماوە بلێن بە پێی ئامارەکانی ژمارەی ئەو کەسانەی کە تەمەنیان لە (٦٠)ساڵی زیاتر لە جیھان لە ساڵی (١٩٨٠)گەیشتە (٣٧٦)ملیۆن کەس وە لە ساڵی (١٩٨٥)گەیشتە (٤٢٧)ملیۆن کەس کە رێژەیی ٩%دانیشتوانی جیھان پێک دەھێنێ ، وە ئەم ژمارەیە لە ساڵی (٢٠٠٠)دا گەیشتە (٥٩٠)ملیۆن کەس ، دەکرێ ئێمەش بە سوود وەرگرتن لە ئەزموونی ئەم ووڵاتە پێشکەوتووانە ھەنگاو بھاوێژن ھەم خزمەتی خانەنیشان بکەین ، ھەم ئەوانیش خزمەتی نەوەی ئایندە بکەین کە کۆمەڵگا سوودمەند دەبێت.
بەرێوەبەری گشتی چاڵاکی وەرزش و ھونەر
Top