نیشتیمانپەروەر پەلامار نادات

نیشتیمانپەروەر پەلامار نادات
سەرکردەکانی بزوتنەوەی گۆڕان و کۆمەڵی ئیسلامی لەمیدیا حزبی و سێبەرەکانیاندا ملیان داوەتە چەواشەکردنی خەڵک و ئۆباڵی هەموو ئەو قەیران و کێشانەی کە لە کوردستان هەن خستویانەتە ئەستۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان، حکومەتی هەرێم تاونبار دەکەن بەوەی هۆکاری دروستبوونی هەموو ئەو قەیرانانەیە کە ئەمڕۆ بەرۆکی خەڵکی کوردستانی گرتووە.

پرسیاری جددی بۆ هەموو ئەوانەی ئەو تۆمەتانە دەبەشنەوەو هەموو ئەوانەشی لە پەنای ئەوانەوە ئیدیعای ئەو باسانە دەکەن ئەوەیە:
- ئایە شەڕی داعش کە ڕووبەڕووی کوردستانیان بۆتەوەو بەدرێژایی (1400) کیلۆمەتر ئەمڕۆ کوردستان لە شەڕێکی سەختدایە لەگەڵ گەورەترین دەوڵەتی تیرۆرستی لەجیهان حکومەتی هەرێمی کوردستان دروستیکردووە؟
-هاتنی پتر لە دوو ملێۆن ئاوارە بۆ کوردستان و بارقورسکردنی ئابووری هەرێم، حکومەتی هەرێمی کوردستان دروستیکردووە؟
-ئایە دابەزینی نرخی نەوت و سستبوونی بازاڕی جیهانی و تێکچوونی بارودۆخی سیاسی ڕۆژهەڵاتی ناوەراست بەگشتی حکومەتی هەرێمی کوردستان درووستیکردووە؟
-برینی بوودجە لەلایەن حکومەتی بەغدا و نەناردنی مووچەی فەرمانبەران و نەدانی موستەحەقاتی هاوڵاتیانی کوردستان، حکومەتی هەرێمی کوردستان درووستیکردووە؟
ئەوانە بەشێکن لەو پرسیارانەی کە دەبێ ڕووبەڕووی ئەو کەسانە بکرێتەوە کە لە نێو بزوتنەوەی گۆڕان و کۆمەڵی ئیسلامیدان تاوەکو وەڵامی بدەنەوە.

سەرباری هەموو ئەوانەی ئاماژەم پێدان حکومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ ئەو هەموو بارقورسی و قەیرانەی هاتۆتە ڕێگای بەڵام توانیویەتی بارودۆخی مووچەخۆران و فەرمانبەرانی کوردستان بەوەی کەهەیە ڕابگرێت و ئەمنیەتی کوردستان پارێزراو بێت و بارقورسی هاوڵاتیان کەم بکاتەوە، خزمەتگوزارییەکانی وەک ئاو و کارەبا و پیداویستییە پزیشکیەکان بۆ هاوڵاتیانی فەراهەم بکات، لەوبارەیەوە حکومەتی هەرێم بەهەموو توانیایەکییەوە کاری جددی بۆ ئەو پرسانە کردووە، بۆیە لەجیاتی تۆمەت درووستکردن بۆ حکومەت پێویستە سوپاسی حکومەت بکرێت نەک تۆمەتی بێ بنەماو چەواشەکارییانەی بۆ هەڵبەسترێت، ئەو تۆمەتانەی ئەوان بێ جێن و ئەوەشی نیشتیمانپەروەر بێت و ئینتیمای بۆ وڵاتەکەی هەبێ نابێت پەلاماری وڵاتەکەی خۆی بدات.
Top