سەرۆك بارزانی، پرسی سەربەخۆیی كوردستانی كردە ئەمرٍی واقعیع
September 18, 2016
وتار و بیروڕا
قوربانیدانی پێشمەرگەی كوردستان، خۆڕاگری سەرجەم كوردستانیان ، بڕیار و روانگە دروستەكانی سەرۆك بارزانی و كارامەیی و دانایی لە بەرێوەبردنی دۆسیە چارەنوسسازەكان وەك نوێنەری ئیرادەی گشتی خەڵكی كوردستان و، ئاراستەی خواست و داواكاری گەلی كوردستان و مرۆڤی كوردستانی بۆ گرتنە ئەستۆی چارەنوسی خۆیان، بڕیاردان لەو چارەنوسە و كاریگەری راوبۆچونەكانی لەسەر وڵاتانی خاوەن بریار و كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی؛ هەر بۆیە ئێستا كاتی ئەوەیە؛ بەبێ ترس لە كەس و، بەبێ دوو دڵی لە داهاتوو بگەینە ئەو بڕوایەی كە زەمینەیەكی لەبار لەڕووی سیاسی، كۆمەڵایەتی، ئابوورییەوە و نێودەولەتییەوە هەیە بۆ ئەنجامدانی ریفراندۆم لەهەرێمی كوردستان بۆ سەربەخۆیی و بون بە دەوڵەت .راگەیاندنی سەربەخۆیی بۆ كوردستان لەسەر بنەمای دروستبونی دەوڵەتێك بۆ نەتەوەی كورد و هەموو ئەو پێكهاتە جۆراوجۆرانەی كە لەگەڵ نەتەوەی كورددا بە درێژایی مێژوو لەسەر خاكی كوردستان ژیاون ، وەك لە وتەیەكی سەرۆك بارزانی دا هاتووە؛ دەگەرێتەوە بۆ خودی گەلی كوردستان و، ئەگەر گەلی كوردستان خۆی بریار لەو مافە نەدات، ئەوا نابێت چاوەرێ بێت خەڵكی دیكە ئەو مافەی پێشكەش بكەن، چونكە ماف دەسەنرێت و نادرێت .
دەتوانین بڵێین ئێست كورد لە لووتكەی گەشەی ئەو بوارەدایە، بوونی چەندین كونسوڵگەی وڵاتان لە خاكی كوردستان ئاماژەی یەكجار زۆری هەیە، بەتایبەت كە زۆربەیان لە وڵاتە بەهێزەكانی دنیان و ئەوانەن نەخشەی جیهان دادەڕێژن و قورساییەكی یەكجار زۆریان بەسەر بڕیاری گەردوونییەوە هەیە. هەمان ئەم وڵاتانە خاوەن نوێترین تەكنۆلۆژیای سەربازین، بگرە لە پڕفرۆشترینی وڵاتانی چەك و تەقەمەنین و لەرووی ئابووریشەوە ئەم وڵاتانەن یاریی بە ئابووریی هەموو جیهانەوە دەكەن و بە ویست و بەرژەوەندیی خۆیان ئاراستەی دەكەن، بە نموونەی وڵاتانی ئەمەریكا، بەریتانیا، ئەڵمانیا، رووسیا و فڕەنسا و توركیا.گەشتە بەردەوامەكانی سەركردایەتی سیاسیی كوردستان بۆ دەرەوە و ئەو پێشوازییە فەرمییانەی لەسەر شێوازی جیهانی و ئەتەكێتی دیپلۆماسی لە سەرۆكی هەرێمی كوردستان دەكرێت كە بە كەسێكی سەركەوتوو و شارەزا لە ناوچەكە لێی دەڕوانن و وەك كەسێكی دەگمەن و خاوەن دنیابینی لە رووداو و پێشهاتەكان گوێی لێ دەگیرێ. واقیعی سیاسیی ئەمڕۆی عێراق و هەڵسوكەوتەكانی لەگەڵ هەرێم، ئەوەندەی تر پێگەی ئێمەی بەهێز كردووە و بە پێچەوانەی سیاسەت و ویستی عێراقەوە پشتگیری و دۆستی زیاتری بۆ كورد دروست كردووە، ئاخر تەماشای ئەو واقیعە بكەن كە لە عێراق دروست بووە، لە هیچ وڵاتێكی دنیا نابینین وەختێك سەرۆكی وڵاتێك یا سەرۆك وەزیرانێك دێتە عێراق، لە دوو فڕۆكەخانەی جیاهەولێر-بەغدا دادەبەزێت بۆ دیتنی دوو سەرۆك وڵاتای جیا و لە دوو نەتەوەی جیا و لە دوو كەشوهەوای جیا لە دوو جیۆگرافیای جیا.
ئەوەی لە ئێستادا گرنگە ئەوەیە ، حزبایەتی تەسك پشتگوێ بخرێت و بیرو ئامانجی سەرەكییمان بەدیهێنانی مافەرٍەواكانی گەلی كوردستان و لە پێش هەمووشیانەوە ئامانجەرٍەواكان و مافی سەربەخَۆیی كوردستان بێت ،چونكە دەیان ساڵە لە پێناونیدا قوربانیمان داوە و دەبەخشین بۆ ئەوەی بگەین بە ئامانج.