مێنتالیتەی سەرکردایەتی لە دیدی سەرکردەکان( سایکۆلۆژیای دیرۆکی)

مێنتالیتەی سەرکردایەتی لە دیدی سەرکردەکان( سایکۆلۆژیای دیرۆکی)
سەرکردەیەک لە کوردستانی پیرۆزمان وەک دیدێکی ڕەخنەگرانە بۆ شێوازی سەرکردایەتی ئەم وڵاتە ڕەخنە لە دەستپێکی قۆناغێکی تایبەتی دیرۆکی دەگرێ و بڕوای وایە کە ساڵانی بیستی سەدەی بیستەم سەرەتایەکەیەتی و تا ئێستاش بەردەوامە. دیارە مەبەستی ئەو کەسایەتیە ئەو قۆناغەیە کە مەلیکی ئەو وڵاتە بە زۆری دەستھەڵاتی چرچیل سەرۆک وەزیرانی ئەوسای بەریتانیا و لە پێناو سەپاندنی سیاسەتی خۆی دانرا. گەمژەییە ئەگەر کەسێک نکۆڵی لە دەستی داگیرکەرانی ئەورۆپی و ئەمریکا و رووسەکان لە گێڕانی سیاسەتی ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست بکاتن. بەڵام ئەوەی ئاغای عەلی باپیر مەبەستیەتی بەرجەستەی بکاتن ئەو ڕۆڵە نەرینیەیە،و لەیادکرنی ئەو ڕاستیەیە کە ئەو مێنتالیتەیەی ئەو باس دەکات تەنھا بەرھەمی ئەو دەستتێوەردانە نەبووە. دیارە کارل گۆستاڤ یۆنگی دەروونناس مافدارە کە لە تیۆرییە بەناوبانگەکەی دا و لە شرۆڤەکردنی چەمکی نەستی بەکۆمەڵ(لاشعوری جەمعی) بڵێتن ڕەفتار و ھەست و بیروباوەر و مێنتالیتە ( ئەقلیەتی) ئێستای ھەر یەکە لە ئێمە و مرۆڤایەتی بە تێکڕا بەرھەمی زۆر ئەزموونن و لەوانەشە ئەزموونی چەندین ھزارا ساڵەی ڕابردووی ژیانی باب و باپیرانمان، کە بە ڕێگەی لایەنی بۆماوەیی بۆ نەوەکانی دواتر، واتە ئێمەمانان گۆازراوەتەوە. بیرۆکەی ئاغای عەلی باپیر بەردەوامی مێنتالیتەی کاڵ و خاوی دەستھەڵاتی ئاخووندی ئێرانە کە لە سەرەتای دەستگرتنیان بەسەر ئەو وڵاتە دا دروشمی" نە شەرقی- نەغەربی- جمھوریێ ئێسلامی" یان کردووتە بنیشتەخۆشەی سەری زۆبانیان، کەچی جگە لەوەی کە جێبەجێ نەکراوە، بەڵکۆ ئەو دەستھەڵاتە زۆر زیاتر لە ڕژێمی شای ئێران زیانی بە داب و نەریت و زانست و بەھا کۆمەڵایەتیەکانی ئایینی و نەژادی ئاریایی و مرۆڤایەتی وڵاتەکەی گەیاند و زیاتر لەو شاھە لە داگیرکەرانی وەک ڕوسیا و ئەوانی تر نزیکە. ئەو خەڵکانەی لە دژی شاە ڕاپەڕین و فرێوی شاری خەونەکان و یۆتۆپیای ئاخووندەکانیان خوارد و دەستیان ھەبوو لە ھاتنە سەردەستھەڵاتی مەلایەکان ئێستا زۆر بە ئاشکرا نەفرەت لەو ڕۆژانە و لە خۆیان دەکەن و خۆزگە بە شکانی دەستەکانی خۆیان دەخوازن. ئەو مێنتالیتە شکستخواردووەی ئاغای عەلی باپیر باسی لێوە دەکات، نەک بەرھەمی ویستی بەریتانیاییەکانە،یان گۆرگی پیرن وەک مەلایەکان دەڵێن، بەڵکۆ دەبێ لە شوێن و مێژووەیەکی ترەوە لێی بکۆڵدرێتن و ھەوڵی سەرلە نوێ داڕشتنەوەی بنەما و بەھاکانی بدرێت تا ئەوەی ئێستا بەرسەری ئێمە ھاتووە لە ئاییندە تووشی نەوەکانمان نەیێتن. ئاغای عەلی باپیر ھاوشێوەی ئاغاکانی خۆی لە مێژووی چەندین ھزار ساڵە تەنھا ئەو چەند ساڵەی خوێندوە کە خۆی ویستووە تاوەکو نەکەوێتە ژێر کاریگەری ویژدان و ھەست و سۆزەکانی خۆی. چونکە ئەو بەشانەی پێکھاتەی سایکۆلۆژی کەسایەتی مرۆڤ بە شێوەیەکی ئۆتۆماتیک و خۆڕسکانە لادان و شێواندن قبووڵ ناکاتن.
*پسپۆری پێداگۆگی و سایکۆلۆژیا/ زانـــینگـــەی زاخۆ
Top