مەمانخەنەوە بەرەی چەقۆ كولان

مەمانخەنەوە  بەرەی چەقۆ كولان
بارودۆخی نێودەوڵەتی و ئیقلیمی لە سەدەی بیستەم بە جۆرێك بوو، وێڕای ئەوەی كورد چۆكی دانەدەدا، لێ گوشاری لێدەكرا بئاخنرێتە سوچێكەوە، بارودۆخەكە هیوای بە دەوڵەتانی داگیركەری كوردستان دەبەخشی و بێ ئومێدیش بە كورد، هەوڵێك بوو كورد بەرەو ئەوە ببەن بیر لە خۆی نەكاتەوە، هەرچەند بارودۆخەكە لە راددەبەدەر بووبێت، بەڵام كورد هەر بەهیوای تروسكاییەك بووە تا تێهەڵچێتەوە.
بارودۆخی ئەوێ رۆژێ، نەشئەیەك بوو بۆ پایتەختەكانی دەوروبەر، زەمینەی لەباری بۆ دەڕەخساندن بۆئەوەی لە كۆبوونەوەكانی دەرگا داخستن لەسەر كورد پێك هەڵدەن. هەموو جموجۆڵی پایتەختی چوار دەوڵەتی داگیركەری كوردستان، بە ئاقارێكدا دەبرا، كورد بە بێ دەسەڵات و هیچ لەبار نەبوو، كورد گوتەنی بە (چەقۆ كول) بناسێنن.
بە هەموو پێوەرێك، بارودۆخی ئێستای نێودەوڵەتی لە چاو سەدەی رابردوو زۆر باشترە، لەباریی ئەو دۆخە نێودەوڵەتییە، كاری كردۆتە سەر چوار پایتەختەكە، چونكە لەگەڵ ئەو ئاگرەی دەناوچەكە بەر بووە، دەرفەتی چوار پایتەخەتەكەی وەك جاران نەهێشتۆتەوە، كوردیش باشتردەركەوتووە، هەر لەبەر ئەوەشە میدیای ئەو دەوڵەتە داگیركەرانە، گلەیی لە دۆخەكە دەكەن و كار لەسەر ئەوە دەكەن كورد وەك هەڕەشەیەكی گەورە بۆ سەر بەرژەوەندییان بزانن، ئەوان وێڕای جیاوازیی بیركردنەوەیان، دژایەتیكردنی كورد كۆیان دەكاتەوە.
ئەوەی جێی سەرنجە، حزب و میدیای كوردی كار لەسەر بێ ئومێدكردنی خەڵك بكەن، ئەو هەوڵەی حزب و بەشێكی میدیا، رێك بەو ئاراستەیەیە، خۆمان لە ئاستی بارودۆخی ئێستای جیهان و ناوچەكەدا نەبینین، لە كاتێكدا پێشمەرگە تەنیا وەك بەرگریكارێكی لۆكاڵی نەماوە و بۆتە هەڵگری پەیامێكی جیهانی، پەیامێك كە لە سەر زاری سەرۆك و گەورە بەرپرسانی هێزە گەورەكانی جیهان رادەگەیەندرێ، ئەویش ئەوەیە پێشمەرگە بەرگری لە مرۆڤایەتی دەكات، كەچی هێشتا میدیا و حزب كار لەسەر بچووككردنەوەی ئەو پێگەیەی كورد دەكەن.
هەموو دونیا خەریكی موسڵە، ئەمەریكا و ئەوروپا و توركیا و ئێران و سعودیە و كەنداوییەكان و عێراق، چاویان بڕیوەتە پێشمەرگە و هەولێر وەك سەنتەرێك بۆ ئازادكردنی موسڵ لە دەستی تیرۆریستانی داعش دادەنێن، هیچ شاندێك كە بۆ ئەو مەبەستە دێتە عێراق، بێ سەردانی هەولێر و دیتنی سەرۆك بارزانی ناڕواتەوە، حزبی كوردیش هەر خەریكی ناوخۆیەتی و باكی بەوە نییە چی دەگوزەرێ، لەولاشەوە میدیا هێندەی ململانێی حزبی بە هەواڵ دەزانێ نیوهێندە بەو چاوەڕوانییەی جیهان بۆ موسڵ خەریك نییە.
لە سەدەی بیستەم، هەموو دەرگاشیان لە سەر كورد گاڵە دا، بەڵام كۆڵی نەدا، ئێستاش هەمان ئیرادەی هەیە، لێ ئێستا خۆشمان خەریكی خۆ بچووككردنەوەی خۆمانین، ئەمەش بۆ ئەوەیە لە ئاست دۆخەكەدا كورت بێنین و بەهیچ لەبارنەبوو ئەژمار بكرێین و هیچمان پێ نەبڕێ، بۆیە تكایە مەمانخەنەوە بەرەی بێ دەسەڵات و چەقۆ كولان.
Top